هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، زیاتر لە 231 ملیار دینار خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی، دەشڵێت، رۆژی یەکشەممە دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات.
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەشێک لە تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، کەمێک لەمەوبەر بڕی ( ٢٣١،٦٠٥،٥٣١،٠٠٠ ) دوو سەدو سی و یەک ملیار و شەش سەدو پێنج ملیۆن و پێنج سەدو سی و یەک هەزار دینار وەک تەمویلی شایستەی مانگی حوزەیرانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان و خانەنشینانی شارستانی و سەربازی خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
ئەوەش هاتووە، ڕۆژی یەک شەممە ٢٠٢٤/٧/٧ دەست بەدابەشکردنی مووچەی سەرجەم ئەو توێژانە دەکرێت کەلەسەرەوە ئاماژە بەناوەکانیان دراوەو تەمویلەکەیان گەیشتۆتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی.