دواین هەواڵ

کلتور‌

 02/07/2024

كتێبێكی بارزانی لە پێشبڕكێی نێودەوڵەتیی كتێب خەڵاتی وەرگرت

هەرێم نیوز

كتێبێكی بارزانی لە پێشبڕكێی نێودەوڵەتیی پەرتووك خەڵاتی وەرگرت، ئەمە یەكەمین جارە كتێبی سەركردەیەكی كورد لە‌ پێشبڕكێیەكی نێودەوڵەتیی كتێبدا لەسەر ئاستی دنیا، ئەو خەڵاتە بەدەست بهێنێت.

كتێبێكی بارزانی بەناوی "بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد، شۆڕشی گوڵان" لە پێشبڕكێی خەڵاتی نێودەوڵەتیی پەرتووك كە ساڵانە لەلایەن (American Book Feast) رێكدەخرێت و خەڵات دەبەخشێتە باشترین كتێب لە هەموو بوارەكاندا، ئەمساڵ لە بواری مێژووی گشتی، كتێبێكی بارزانی كە بە زمانی ئینگلیزی چاپ كراوە و تایبەتە بە بیرەوەرییەكانی لەسەر ڕووداوە مێژوییەكانی چەندان دەیەی رابردوو، خەڵاتی دووەمی لەو پێشبڕكێ نێودەوڵەتییەدا بەدەست هێنا.

پێشبڕكێی خەڵاتی نێودەوڵەتیی پەرتووك 15 ساڵە بەڕێوە دەچێت، ئەو خەڵاتە بە باشترین كتێبەكانی ساڵ لە هەموو ژانرەكان دەبەخشێت، تا ئێستا خەڵاتی بە چەندان كتێب لە سەرجەم بوارەكان لە سەرانسەری دنیادا بەخشیوە.

كتێبەكەی بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد، شۆڕشی گوڵان - بەرگی لەلایەن داڤان یەحیا خەلیل نووسەری كوردی دانیشتووی بەریتانیاوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیزی.

لەبارەی خەڵاتەكەیانەوە جێفری كین بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای (American Book Feast)، كە رێكخەری خەڵاتە نێودەوڵەتییەكەیە رایگەیاند، ئەمساڵ بە هەزاران ناونیشانیان پێشكەش كراون و تەنیا ژمارەیەكی كەم پاڵێوراون بۆ خەڵاتەكان.

"ئەم خەڵاتكردنە ئامانج لێی پاڵپشتیكردن و پشتگیرییە بۆ دنیای كتێب، هەروەها هەوڵێكیشە تا سەرنجی خوێنەر رابكێشن و بگەڕێنینەوە بۆ دنیای كتێب."

لە پێشبڕكێكەی خەڵاتبەخشیندا وێڕای كتێبەكەی مەسعوود بارزانی، كتێبی بیرەوەرییەكانی هەریەك لە پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان، لەگەڵ كتێبی ژیاننامەی گۆرانیبێژ و پێشكەشكاری ناسراوی ئەمەریكی ڤێنیسا ولیەمس، كتێبی ژیاننامەی ئەكتەری ناسراوی ئەمەریكی بۆب ئۆدینكێركیش هەبوون.

"بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد" لە دوو بەش پێكهاتووە، لە هەردوو بەشەكە بە وردی باس لە ڕووداوەكانی ماوەی نێوان ساڵانی 1975 تا 1990 دەكات، چەندان ڕووداوی گرنگ و مێژوویی ڕوویان دا و بوونەتە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی گەلی كوردستان.

بارزانی لە بەشی یەكەمی كتێبەكەدا، باس لە دەستپێكردنی شۆڕشی گوڵان دەكات، جیا لەوەش دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێش شۆڕش، كە پێوەندیدارە بە ڕووداوەكانی دوای نسكۆ و ئامادەكاری دەستپێكردنەوەی خەبات، هاوكات باس لە نەخۆشیی بارزانی نەمر دەكات و سەردانەكەی بۆ ئەمەریكا دەگێڕێتەوە.

لە پێشەكی كتێبەكەدا بارزانی باس لە دەستپێكردنەوەی شۆڕش دەكات و نسكۆی ساڵی 1975 بەكارێكی سەخت وەسف دەكات و دەڵێت: "لای زۆر كەس پتر لە خەیاڵ دەچوو".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP