دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 30/06/2024

کێ زیاتر گۆشتخۆرە، ئافرەتان یان پیاوان؟

هەرێم نیوز

دەگوترێ پیاوان زیاتر لە ئافرەتان گۆشت دەخۆن، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ دەری خستووە کە ئەم بیروڕایە لە جیهاندا وەک یەک نییە.

توێژینەوەیەک لە گۆڤاری "ساینتفیک ڕیپۆرتس" بڵابووەتەوە و تێیدا هاتووە، بەپێچەوانەی گریمانە باوەکان لە زۆرێک لە وڵاتان، هیچ جیاوازییەک لە نێوان ڕەگەزەکاندا نییە کاتێک باس لە خواردنی گۆشت دەکرێت.

توێژەران بە سەرۆکایەتیی کریستۆفەر هۆپوود، لە زانکۆی زیوریخ توێژینەوەیەکیان کردووە و دەڵێن: زۆرجار وا پێشبینی دەکرێت جیاوازیی ڕەگەزیی کەم دەبێتەوە لەگەڵ زیادبوونی یەکسانی نێوانیان، بەڵام لێکۆڵینەوەکان پێچەوانەکەی دەرخستووە.

هۆپوود و توێژەرانی دیکە باسیان لەوەش کرد، " لەو وڵاتانەی کە یەکسانیی ڕەگەزیی زیاترە، دەرفەتی زیاتریان هەیە بۆ ئەو خواردنەی دەیانەوێت، چونکە توانای دارایی زیاترە و فشارێکی کەمتریان لەسەرە بەهۆی دابەشکردنی ڕۆڵەکانیان".

توێژەران بە شێوەی ئۆنلاین ڕاپرسییەکیان لەگەڵ زیاتر لە 20 هەزار کەس لە 23 وڵاتی جیاوازەوە کردووە سەبارەت بە ژەمەکانی خواردنی گۆشت، کە لە ڕاپرسیەکەدا بەشداربووانی ئەمەریکای باکوور و باشوور، ئەوروپا و ئاسیای تێیدا بوو.

ئەنجامەکان سەرسوڕهێنەر بوون، لە هیندستان و چین و ئەندەنوسیا جیاوازییەکی کەم لە خواردنی گۆشت لە نێوان ئافرەتان و پیاواندا بەدی کرا. گەورەترین جیاوازی نێوان ئەو وڵاتانەی بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە لە ئەڵمانیا بوو، هەروەها ڕوونی دەکەنەوە کە لە زۆرێک لە فەرهەنگەکاندا خواردنی گۆشت پەیوەندی بە پیاوەوە هەیە.

لە هەندێک شوێندا، ئەو پیاوانەی کە خواردنی ڕووەکیی دەخۆن کەمتر سەرنجڕاکێشن لەو کەسانەی کە هەموو شتێک دەخۆن. بۆیە ئەوانەی چەند جار گۆشت دەخۆن پەیوەندی بە دابونەریتی فەرهەنگییەوە هەیە.

هۆپوود ڕوونی کردەوە، "ڕەنگە ئافرەتانی وڵاتە دەوڵەمەندەکان گۆشت کەمتر بخۆن، ئەمەش بەهۆی کاریگەریی گشتی سامانی ئەو وڵاتانە و یەکسانی ڕەگەزی".

لە هەمان کاتدا، "بەرزبوونەوەی ئاستی یەکسانی و گەشەپێدانی ڕەگەزی لەوانەیە ئازادییەکی زیاتر بدات بە ئافرەتان بۆ هەڵبژاردنی خواردنی گۆشتی کەمتر لە جاران، هەروەها لەوانەیە دەرفەت بدات بە پیاوان بۆ کڕین و خواردنی گۆشتی زیاتر بەراورد بەکاتی ئاسایی."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP