دواین هەواڵ

کلتور‌

 29/06/2024

چێخۆڤ لە شانۆی پۆڵۆنیدا

نیهاد جامی
ئیکس ئەن پرۆڤانس/ فەرەنسا

شانۆنامەکانی چێخۆڤ لەسەر تەختەی شانۆکانی پۆڵۆنیادا توانیویەتی کاریگەری لەسەر ئاستی بەرەو پێشچوونی ئەو شانۆیە دابنێت، بەهۆی تێگەیشتنی ئەو نووسەرە لە واقعی کۆمەڵایەتی، کە ژیانی کارەکتەرەکانی هەستکراوە نزیکییەک هەیە لەگەڵ ژیانی ئەو کۆمەڵگایەدا. بۆیە تائەمڕۆش چێخۆڤ یەکێکە لەو نووسەرانەی بەردەوام شانۆنامەکانی لەسەر تەختەی شانۆکانی ئەم وڵاتە نمایش دەکرێت. بەڵام، نمایشەکانی دەرهێنەر ئەلێکساندێر باردینی پێگەیەکی تایبەتی هەیە لەلای بینەرو شانۆکاران، کە هەوڵ دەدەین لەسەر دوو نمایشی ئەو دەرهێنەرە بووەستین، کە کارەکانی رۆحێکی چێخۆڤیانەی بەخشیووە، بەهۆی پابەندبوونی تەواوی بە شانۆنامەکانی نووسەرەوە، لەپاڵ ئەوەدا دەگەڕێینەوە بۆ هەوڵی دەرهێنەرێکی تر، ئەویش ئاگنێشکا گلینیسکا کە لە دەر‌هێنانی شانۆنامەی “سێ خوشک” وەک باردینی پابەندی تەواوی تێکستەکە نابێت، دەیەوێت ڕیتمی نمایشەکە بەرەو شوێنێکیتر بەرێت.

ئەلێکساندێر باردینی لە ١٩١٣ لە شاری ئوچ لەدایک بووە، لە کۆتایی سیەکانی سەدەی بیستەم پەیمانگای شانۆی تەواو کردووە، نواندن و دەرهێنانی شانۆیی خوێندووە، دیارترین مامۆستاکانی لەو بوارەدا هەردوو شانۆکاری پێشەنگ و ناسراوی پۆڵەندی بوون ئەوانیش “لیۆن شیلێر و ئەلێکساندێر زێلڤێرۆویچ، بە هۆی جەنگی جیهانی دووەم و داگیرکردنی وڵاتەکەی لەلایەن ئەڵمانیاوە نەیتوانیووە لە کارکردن بەردەوام بێت و هەمیشە لە ڕاکردن و خۆشاردنەوەدا بووە، بەڵام لە سەرەتای پەنجاکان دەگەڕێتەوە پۆڵەندا و بە بەردەوامی لە شانۆ و تەلەفزیۆندا کاردەکات، بەتایبەت لە شارەکەی خۆیدا ئوچ، حەوت ساڵ لە شانۆی ستێفانا یاراچا کار دەکات.

دواتر دەکرێت بە بەرێوبەری هونەری ئەو شانۆیە، لەو کاتەوە تا ساڵی ١٩٩٥ کە مالئاوایی لە ژیان کرد وەک ئەکتەر ودەرهێنەر کۆمەلێک کاری شانۆیی و ئۆپیرایی وتەلەفزیۆنی بەرهەم هێناوە، ئۆپیرای ئەلیکترای ڕیتشارد شتراوس لە ١٩٧١ پێگەی ئەویان وەک دەرهێنەرێکی گرنگ لە ئوپیراو شانۆی پۆڵەندی خستۆتە ڕوو، لە کارە شانۆییەکانی “هنری چوارەم، خەونی نیوە شەوی هاوین، ئۆتێللۆ، پالینا، تانگۆ، لالۆ ڤانیا، سێ خوشک”

کارکردنی ئەو لەناو دنیای جیاوازی چەندین نووسەری جیاواز بووە، وەک شکسپیر و چێخۆڤ، بەڵام دیدی دەرهێنانی لە دنیای چێخۆڤ هێندە تایبەتە، وەک ئەوەی دەرهێنەرێکی تایبەت بێت بە شانۆنامەکانی ئەو نووسەرە.

لە ناوەڕاستی هەفتاکانی سەدەی بیستەم دەست دەکات بە دەرهێنانی شانۆنامەی “سێ خوشک” ئەوەی جێی سەرنجە ئەوە بەدی دەکەین کەوا دەیەوێت وێنەیەکی ڕوونی چێخۆڤ ببینینەوە، پارێزگاریکردن لەم وێنەیە لە ڕێگەی پێکهاتە شانۆییەکان و نواندنەوە دەمانباتەوە ناو ئەو وێنە چێخۆڤیە، کە توانای ئەو وەک دەرهێنەرێک پەیوەستە بە چۆنییەتی بەخشینی ئەو دیدە وەک یەکەیەکی مۆسیقی وشە، هەموو شتێک لە جۆری ڕیتمێک بەرەو هەڵکشان دەڕوات.

دابەشکردنی ئەکتەر لەسەر تەختەی شانۆ وێنەیەکی مۆسیقی دەبەخشێت، وەک ئەوەی کۆمەڵە نۆتەیەکی نووسراوی سەر کاغەز بن، هەر یەکەیان بەشداری لە توانای دەنگی و بینینی ئەویتر بکات، لێرەدا ئەگەر نووسەر لەڕێی وشەوە شانۆنامەکەی دەنووسێت، ئەوا دەرهێنەر ئەکتەر دەکاتە ئامرازی نووسینەوەی شانۆنامە، وەک ئەوەی ساتی نمایش سەرەتای لەدایکبوونی شانۆنامەکە بێت، نەک تێکستێک بێت ئەوان نمایشی بکەن، ئەوەش وابەستەی ئەو دیدە دەرهێنانیەی دەرهێنەرە، کەوا هارمۆنیەتێک درووست دەکات لە نێوان نمایشێکی ڕیالیستی و ناتۆرالیستی، ئەو هاڕمۆنیەتە شانۆ دەکات بە وێنەیەکی هونەری کە خودی ژیان بێت، کارەکتەری ڤێرشینین بە جۆرێک دەدوێت کە لە دەرەوەی چاوەڕوانی بینەرە، پەلەکردنێک هەیە وابەستەی پیشە سەربازییەکە و دۆخە دەروونییەکەیەتی لەناو خێزاندا.

ئەوەش بەتەنیا بۆ ئەو کارەکتەرە نیە، بەڵکو ڕەهەندی دەروونی جیاوازی بە شێوازی ڕەفتارو قسەکردنی کارەکتەرەکان بەخشیووە، بۆ ئەوەی وێنەیەکی فرە ڕەهەندی مرۆڤە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگا بن، لە پەردەی دووەمدا وێنە نەبینراوەکانی ناو شانۆنامەکە ڕوون دەکاتەوە، بەوەی چەندە کات تێپەڕیووە و ئەندرێ و نەتالیا ژیانی هاوسەرییان پێکهێناوە و مناڵێکیشیان هەیە، بەڵام ژیانی ناو ماڵەکە هەر وەک خۆیەتی، بۆیە کورسییەکانی ئاهەنگەکەی پەردەی یەکەم لە شوێنی خۆی ماوەتەوە، ئەوەش پێمان دەڵێت میوانەکان وەک جاران سەردانی ماڵەکە دەکەن، کارەکتەرەکان وەک خۆیان درێژە بە ژیانی ئاسایی و پەیوەندیەکانیان دەدەن.

باردینی بەبێ ئەوەی گۆڕانکاری لە تێکستی نووسەر بکات، چەندە وێنەیەکی چێخۆڤیانە بە نمایشەکە دەبەخشێت، بەتایبەت لە دیمەنی کۆتایی هەوڵ دەدات ئەو وێنە خەمناکە وەک تراژیدیایەکی ماڵ و پەیوەندیەکانی بگەیەنێتە لوتکە، کاتێک لەڕێی کولێگینی مێردی ماشا کە بە پەیوەندی ژنەکەی لەگەڵ ڤێرشینین دەزانێت، تەنانەت دیمەنی ماڵئاواییەکەیانیش دەبینێت، کاتێک ماشا ماچی دەکات، بەڵام خۆشەویستی خۆی بۆ ژنەکەی دووپات دەکاتەوە.

 رۆچوون بەناو دنیای چێخۆڤ وای لێدەکات، لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی بیستەم بگەڕێتەوە بۆ دنیای ئەو نووسەرە، دەست بکات بە دەر‌هێنانی شانۆنامەی “لالۆ ڤانیا” ئەو تێکستە دەبێتە یەکێک لە دەرهێنانە دیارەکانی باردینی، لەم نمایشەدا دەیەوێت لە ڕێگەی مانەوەی ئەو ئاژاوەیەی وەک دەنگی نێو ئۆپیرایەک چۆن لە بەرزبوونەوەی ئامێرێکی مۆسیقی ئەوانیتر بەرەو نزمبونەوەی دەنگ دەبات، تا سەر لەنوێ دەنگەکان ڕێک دەخاتەوە.

نیگەرانی سەرەتا لە گەڕانەوەی پرۆفیسۆر و ژنە نوێیەکەی دەگۆڕدرێت بۆ ململانێ لەسەر ڕازیکردنی ژنەکە، شەڕی ڤانیا و دکتۆر شەڕێکی بێدەنگە تا ئەو کاتەی ڤانیا بە گوڵەوە دەگەڕێتەوە و دەبینێت ژنەکەی پرۆفیسۆر لە باوەشی دکتورە. هەڵبەت لێرەدا ڕووبەرووی ئەو پرسیارە دەبینەوە، دەرهێنەر ئاخۆ پابەندی تەواوی تێکستەکەی چێخۆڤ بووە یاخود دەستکاری تێکستەکەی کردووە؟ ئەگەر دەستکاری کردووە ئەو دەستکاریانە چیە کە کردوویەتی؟ چارەسەری بۆ ئەو کارە چی بووە؟

دوای نمایشەکە لەوە تێدەگەین هەندێک شت لادەبردرێت، بەڵام ئەوەی لابردراوە دەیالۆگ نیە، چونکە ئەوە بۆ هەموومان ڕوونە ئەو نووسەرە بە شێوەیەک نووسیویەتی وەک ئەوەی وشەیەک نیە لەخۆرا خرابێتە سەر کاغەز، بۆیە ئەوەی دەرهێنەر لای بردووە، لە دیمەنێکدا کە ڤانیا تابلۆکە دێنێتە ژوورەوە و خۆی پێوە خەریک دەکات، دووجار ئەو دەرچوونە ڕوو دەدات، بەڵام دەرهێنەر دەیکات بە جارێک، واتە دەستکاری چڕبوونەوە زەمەنییەکەی کردووە. لەلایەکی تر، دەیەوێت وێنەی ژنێکی فریودەر و وێرانکار بە ژنەکەی پرۆفیسۆر ببەخشێت، ڤانیای وێران کردووە، کە دەزانێت بۆی ڕووخاوە هەمیشە لە خۆی دوور دەخاتەوە، کەچی لەپاڵ ئەوە دەچێتە باوەشی دکتۆر و مەیلی بەلایەوە هەیە، دەکەونە ماچکردن و چوونە باوەشەوە، تا کە دەزانێت دکتۆریش بەتەواوی خۆی بۆی لەدەست دەدات، ئەویش وەک ڤانیا فەرامۆش دەکات.

ئێمە لە تێکستەکەی نووسەر بەڕوونی دەبینین بە سۆنیا دەووترێت ڕاستە کە کچێکی ناشیرینە بەڵام خاوەن دڵێکی باشە، کەچی لە نمایشەکەدا سۆنیا کە کچە ئەکتەر یۆئانا ژۆوکۆڤسکا ڕۆلەکە دەبینێت، ئەکتەرێک لەو ڕۆژگارەدا لە سەرەتای تەمەنیدایە لەوپەڕی جوانیە، بەو هەموو جوانیەوە ئەوسا دکتۆر ڕەتی دەکاتەوە، ئەوە بە یارییەک دەبینێت کە ژنەکەی پرۆفیسۆر دەیەوێت بیخاتە بەردەم ئەو بڕیارەوە، چونکە دڵی بەلای ئەوە نەک بەلای سۆنیا، دەرهێنەر لەڕێگەی هەڵبژاردنی ئەکتەرێکی جوان ئەوە دەخاتە ڕوو کە گرفتی سۆنیا لە ڕووخساری نیە، ئەوەتا ئەو ڕووخساری وەکو دڵیەتی، بەڵام ئەو وەک خاڵە ڤانیای نەگبەتییەک بەرۆکی گرتووە، هەرگیز بە خەونی عاشقانەیان ناگەن، بۆیە لە کۆتاییدا دەبێت ئەو ئاژاوەیە ڕوو بدات، تاوەکو سۆنیا و ڤانیا هەست بە دڵشکانە گەورەکەی خۆیان بکەن، بکەونە سەر ئاراستە ڕێی ژیانی ئاسایی و خەریکی ئەو هەموو کاروبارەی ماڵ بن، کە بەهۆی عەشقی بێ ئەنجامەوە فەرمۆشیان کردبوو، کۆتایی نمایشەکە لە پارچە مۆسیقایەکی دڵشکاوی کلاسیکی دەچێت، کە جۆرە تراژیدیایەک ڕووبەرووی مرۆڤی هاوچەرخ بکاتەوە، کە تراژیدیای ئەو مرۆڤە بەهۆی ئەفسانەوە نیە، بەڵکو بەهۆی عاشقبوونیەتی، بێ ئەوەی بگات بەو پەیوەندیە، سەرەنجام دڵی دەشکێت و تێدەگات، ژیان بۆ ئەو خەیاڵە و چوونەوە ناو خەونەکانیەتی، دەنا لە واقیعدا دەبێت لە دنیایەکی تر بژین، کە تەنیا لەرێی ئازارەکانەوە بزانن ساتێک هەبوو لەبەردەم خەوندا بوون، بەڵام گەیشتن بە تەرمی خەونەکەیان.  

ئێمە کاتێک ئەو دوو کارەی باردینی دەبینین، ڕووبەرووی ئەو پرسیارە دەبینەوە: ئاخۆ لە شانۆی پۆڵۆنیدا دەرهێنەرێکی تر هەیە بتوانێت ئەو وێنە چێخۆڤیە لە شانۆدا بەو ڕیتمە شیعریی و درامیە نیشان بدات؟  ئەو پرسیارە بەدوای بینینی نمایشی “سێ خوشک” لەلایان دەرهێنەر ئاگنێشکا گلینیسکا دەتوانین وەڵامەکەی وەدەست بێنێن.

ئاگنێشکا گلینیسکا لەدایکبووی ١٩٦٨ شاری ڤرۆسواڤی پۆڵۆنیە، دەرچووی قوتابخانەی باڵای دەوڵەتە بۆ شانۆ لە ١٩٩٠، وەک ئەکتەر و دەرهێنەر لە شانۆی پۆڵۆنیدا کار دەکات، لە ٢٠١٢- ٢٠١٥ بەڕێوبەری ستۆدیۆی شانۆی وارشۆ بووە، کە شانۆیەکی بچووک بوو بۆ تەمەنی مناڵ و هەرزەکاران، سەرەتای دەرکەوتنی لە شانۆدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٠، ئەو دەمەی وەک ئەکتەر بەشداری کرد لە شانۆگەری “ئێستا من” بە ڕۆڵی ناتالی ستیپانۆڤنی کە کارێک بوو لە نووسینی چێخۆڤ، لە دەرهێنانی مای کۆمۆرۆڤسکیێ. وەک دەرهێنەرێکی شانۆیی چەندین کاری نمایش کردووە، هەروەها لە کاتی تۆمارکردنی کارەکانی وەکو شانۆی تەلەڤزیۆنی دیسان هەر خۆی دەرهێنەری کارە تەلەڤزیۆنیەکانیشی بووە، لە ژیانی شانۆییدا دەرهێنەری ٦٠ کاری شانۆییە، لەپاڵ ئەوە خاوەنی چەندین خەلات و میدالیای شانۆییە.

شانۆگەری “سێ خوشک”ی چێخۆڤ، یەکێکە لە دیارترین نمایشە شانۆییەکانی، هەوڵیداوە دەستکاری هەندێک پەیوەندیی بکات، ئەوەش پەیوەستە بە دیدی دەرهێنانی و چۆنیەتی ئازادکردنی کارەکتەر لە ڕەهەندە مێژوویەکانی تێکست، تاوەکو نزیکیان بکاتەوە لە دۆخی کۆمەڵگای پۆڵۆنی، هەوڵ دەدەین تەواوی ئەو دیدگایەی بخەینە ڕوو. 

لەم نمایشەدا هەر لە سەرەتاوە ڕووبەرووی گریمانەی ناو تێکست نابینەوە، بەڵکو سێ خوشکەکە لە دوو کورتە دیمەنی شانۆیی باس لە خەون و ژیانی ڕابردووی خۆیان دەکەن، بەدوای ئەوە دەگەڕێینەوە ناو سەرەتای دیمەنی شانۆنامەکە، چڕبوونەوەی زەمەنی لەناو دیمەنەکان درووست کراون، هەندێک دەیالۆگی ناو دیمەنەکان نەماون، بەڵام ئەوەشیان چەندە زیانی بەو دیدە چێخۆڤیەی ناو نمایشەکە گەیاندووە، هێندەش پەیوەستە بەستراتیژی گوتاری نمایش بەهۆی ئەوەی ئەتمۆسفێری نمایشەکە دەیەوێت قسە لە مرۆڤی هاوچەرخ بکات، نەک مرۆڤێک کە نووسەر لە ١٩٠١ شانۆنامەکەی تیا نووسیوە، دەرهێنەر لە هەوڵی ئەوەدایە کاتێک لە ٢٠١٢ ئەم شانۆنامەیە نمایش دەکات، قسە لەو بینەرە بکات کە ئامادەبووی نمایشەکەیە. دەیالۆگەکانی نووسەر وەک خۆی ماونەتەوە جگە لە هەندێک دیمەن کە چڕبوونەوە و لابردنی وشە و دەستەواژەی لابردووە، بەڵام لەڕووی جل و بەرگ و دیکۆر و ئەتمۆسفێرەو نزیکی کردووەتەوە لە ژیانی ئەمڕۆدا، ئەوەش وای کردووە فەزا چێخۆڤیەکە وابەستەی ئەمرۆ بکات، نەک وەک پابەندبوونی بە گریمانەی ناو تێکستی نووسەر، ئەگەرچی کردەی بینین لادانی نەخولقاندووە لە دنیای نووسەرەوە، سەرەنجام ئەوەی دەیبینین شانۆگەری سێ خوشکە بە دیدێکی نوێوە.

لەڕێی پێکەنین و سروودێکی شادییەوە دەیەوێت خەمی سەر ڕووی کارەکتەرەکان بگۆڕێت، بەوەی مرۆڤەکان هەمیشە ئومێدێکیان هەبێت بۆ ژیان، هەڵبەت ئەوە لای نووسەریش بوونی هەیە، بەڵام کارەکتەرەکان هەمیشە خەمگینن گەرچی لەبنەرەتدا خەونیان هەیە، بەتایبەت خوشکەکان کە خەون بە گەڕانەوە بۆ مۆسکۆ دەبینن، بۆیە لە هەندێک شوێندا دەرهێنەر بۆ ئەوەی بنیاتی ئەو شادییەی کارەکتەر بکات، دێت هەندێک وشە وەک پەیوەندی ڕووخسار بە کارەکتەرەکان دەبەخشێت.

ئەوەش وادەکات بونیادێکی نوێ بە کارەکتەر ببەخشێت، بەڵام بونیادێکی چێخۆڤیانە نەک لادان لە ماناکانی نووسەر، وەک چۆن گۆڕینی یاری کاغەز بە کۆمەڵە دەمامکێک، کە مەبەستی بەئاگاهێنانەوەمانە لەوەی ئەو گۆڕانکاریانە دوورمان ناخەنەوە لە نووسەر، چونکە یەکێک لە ماسکەکان رووخساری چێخۆڤە.

ساتی پیانۆ ژەنینی ماشای گۆڕیوە بە سەمایەک کە ماشا پێی هەڵدەستێت، سەماکە لە جولەی وێنەی نەورەس بەرجەستە دەکرێت، ئەوانیتریش دەبنە بینەری سەماکە، ئەوەش ڕێک گەڕانەوەیە بۆ دیمەنی نواندنەکەی ناو شانۆنامەی “باڵندەی دەریا”ی چێخۆڤ، بەتایبەت کە سەماکەش هەر گوزارشت لە نەورەس دەکات، خەمگینانەش دیمەنەکە کۆتایی دێت. 

ئەو پێشتر کاری دەرهێنانی بۆ شانۆگەری “باڵندەی دەریا” کردووە، بۆیە ئەو دیدەی بۆ چێخۆڤ و نزیکبوونەوە لە تێکستێکی تری پەیوەستە بە عەشقی بۆ ئەو نووسەرە، کە پێشتریش کارێکی تری چێخۆڤی پێشکەشکردووە بە ناوی “هونەری بێ ناونیشان”

ئەو سەمایە لەگەڵ ماسکی چێخۆڤ دوو بنەمای گرنگی ناو ئەو نمایشەن، دەرهێنەر لەو رێگەیەوە داکۆکی لە مۆرکە چێخۆڤیەکەی نمایشەکەی دەکاتەوە، پارێزگاریکردنە لە ڕۆحی نووسەر بۆ ئەوەی وێنەکە بەتەواوی بەرجەستە بکات، وەک چۆن لە ئاگرکەوتنەوەی ئەپارتمانەکە، ڕوناکیی ئاگر و دوكەڵەکە کاریگەری بۆ ماڵی خوشکەکانیش هەیە، وێنەیەکی نائارامی بە خانەوادەکە دەبەخشێت، ترسی خوشکەکان و هاوسۆزبوون لەگەڵ ئەوانیتر بەقوڵیی بەڕووی کارەکتەرەکان دەردەکەوێت، ئەوەی لە پێکەنینی خۆی ناکەوێت ئەوە تەنیا نەتالیا ئیڤانۆڤای هاوسەری ئەندرێیە.

دەرهێنەر دەیالۆگێک لا دەبات، بۆ ئەوەی چەمکی خیانەت لە نەتالیا پاکبکاتەوە، بەوەی دۆستەکەی چاوەڕێی دەکات، هەروەها ئەو دەیالۆگەی چێخۆڤ کە ماشا ئاراستەی ڤێرشینینی دەکات بەوەی دەڕواتە پۆڵۆنیا و لەوێ ژنەکان باوەشی بۆ دەکەنەوە و پێی دەڵێن گیانەکەم. لابردنی ئەو دەیالۆگە، پەیوەستە بە هەستی پۆڵۆنیی بوونی دەرهێنەرەوە، کە نایەوێت وێنەیەک ببەخشێت بە ژنی پۆڵۆنی کە ئەویتری دەرەوەی شوناسی ئەو وەک لاوازیی سەیری بکات.

دەرهێنەر ئاگنێشکا گلینیسکا نمایشەکەی بۆ خوشکەکان دابەش کردووەتە سەر دوو ئاست، ئەوان لە سەرەتاوە خەون دەبینین، بۆیە بە پێکەنینەوە ڕووداوەکان دەبەنە پێشەوە، بەڵام لەگەڵ سەمای کوژرانی نەورەسی ماشا، ئیدی پێکەنین دەگۆڕدرێت بۆ گریان و فرمێسک، خەمبارییەکی چێخۆڤیانە ڕووداوەکان دەبات بەرەو لوتکەی نائومێدی، کە سوتانی ئاپارتمانەکەی دێتە سەر، لەوێدا خوشکەکان بەتەواوی ئەو داڕمانی ئومێدەی خۆیان دەبینن، کە تا کۆتایی خەمبارییە چێخۆڤیەکە دەبەنە ئاستی باڵا، سەرباری ئەوەی دەرهێنەر لەڕێی لابردنی هەندێک دەستەواژە و دەیالۆگ بونیادی کارەکتەر دەباتە ئاستێکی فراوانتر، دەیەوێت بەردەوام داکۆکی لەو مۆرکەی نووسەر بکات، سایتی کولتوور لە ڕاپۆرتێکدا لە بارەی دەرهێنەرەوە ئاماژە بۆ بەدواداچوونێکی ڕەخنەیی دەکات، کە دوای نمایشەکە بڵاوبۆتەوە، یەکێک لە ڕەخنەگرەکان لە بارەی ئەو نمایشە نووسیویەتی “بەهیچ شێوەیەک زیانی بە دەقەکەی چێخۆڤ نەگەیاندووە، تەنیا پێشنیاری ڕوانینێکی کردووە کە زیندەگییەکی زیاتر ببەخشێت بە خەمەکانی مرۆڤ و  نەخۆشییە ڕۆژانەییەکانی”

بەڵام سەرەنجام ڕووبەرووی ئەو پرسیارە دەبینەوە، پرسیارێک کە پێشتر کردمان و پرسیمان: ئاخۆ لە شانۆی پۆڵۆنیدا دەرهێنەرێکی تر هەیە بتوانێت ئەو وێنە چێخۆڤیە لە شانۆدا بەو ڕیتمە شیعریی و درامیە نیشان بدات؟

بەدڵنیاییەوە ئەوە باردینیە کە کارەکتەری خوڵقێنراوی وشە وەک مرۆڤ بەرجەستە دەکات، هەمان ئەو وێنە چێخۆڤیە لە شانۆی پۆڵۆنیدا دەتوانین لای ئەو بیبینین، سەرباری ئەوەی گلینیسکا لەڕێی ئەو شانۆنامەیەوە دەیەوێت پارێزگاری لە تێکست بکات و مۆرکەکەی ون نەکات، بەڵام دەرهێنانەکانی باردینی بۆ چێخۆڤ ئاستێکی بالای شانۆنامەکانیەتی، کە ناتوانین وەک شانۆیەکی زیندووی چێخۆڤی لەوەوە سەیری نەکەین.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP