دواین هەواڵ

جیهان‌

 11/06/2024

فڕۆکەکەی جێگری سەرۆکی مالاوی دۆزرایەوە و لە کۆی 10 سەرنشین کەسیان رزگاریان نەبووە

هەرێم نیوز 

سەرۆکی مالاوی ڕایگەیاند، هەموو سەرنشینەکانی فڕۆکەکەی جێگری سەرۆک کۆمار گیانیان لەدەستدا.

ئەمڕۆ سێشەممە، لازارۆس چاکوێرا، سەرۆکی مالاوی لە میانەی وتارێکدا بۆ وڵاتەکەی ڕایگەیاند، هەموو سەرنشینەکانی فڕۆکەکەی کە ساولۆس کلاوس چیلیما جێگری سەرۆکی مالاوی هەڵگرتبوو، کە ڕۆژی دووشەممە بێسەروشوێن بوو، گیانیان لەدەستداوە.

فڕۆکەکەی جێگری سەرۆکی مالاوی رۆژی دووشەممە، کاتژمێر 9ی بەیانی بە کاتی مالاوی، واتە 10ی بەیانی بە کاتی هەولێر، فڕیبوو، بەهۆی کەشوهەوای نالەبارەوە نەیتوانیبوو بنیشێتەوە، پاشان لە رادارەکان ونبوو.

فڕۆکەکە جێگری سەرۆک و نۆ کەسی دیکە تێدایە، لە نێویاندا شانلی دیزمبیری، خانمی پێشووی یەکەمی مالاوی. 

فڕۆکەکە لە شاری لیلۆنگوێی پایتەختی مالاوییەوە بۆ شاری مزووزو گەشتی دەکرد بۆ ئەوەی بەشداری لە پرسەی وەزیرێکی پێشووی وڵاتەکەدا بکەن. 

لازاروس چاکوێرا، سەرۆکی مالاوی وتی "لە کاتی گەیشتنیان بە مزووزو، بەهۆی کەمبوونەوەی مەودای بینین لە ئەنجامی کەشوهەوای نالەبار، فڕۆکەوانەکە نەیتوانی فڕۆکەکە بنیشێنێتەوە. بەرپرسانی فڕۆکەوانی، ئامۆژگاری فڕۆکەوانەکەیان کرد بگەڕێتەوە لیلۆنگوێ، بەڵام کەمێک دواتر، دامودەزگەکانی رایانگەیاند پەیوەندییان لەگەڵ فڕۆکەکەدا لەدەستداوە."

سەرۆکی مالاوی بەهۆی رووداوەکە سەردانێکی بۆ بەهاماس هەڵوەشاندەوە. 

چیلیما، لە ساڵی 2014 بۆ یەکەمینجار بە جێگری سەرۆکوەزیران هەڵبژێردرا. لە وڵاتەکەیدا، بە کەسێکی سەنگین و خۆشەویست دادەنرێت، بە تایبەتی لای گەنجان. 

بەڵام لە ساڵی 2022 لە دووەم خولیدا وەک جێگری سەرۆک، دەسەڵاتەکانی لێوەرگیرانەوە، ئەوەش دوای ئەوەی کە دەستگیرکرا و بە بەرتیلوەرگرتن تۆمەتبارکرا. 

مانگی رابردوو، دادگەیەکی مالاوی، دۆسیەکەی هەڵوەشاندەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی 19ـی 5ی 2024، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران کاتێک دەگەڕایەوە ناوەندی شاری پارێزگای تەورێز لە ئێران، هێلیکۆپتەرەکەی "بەهۆی سەختیی کەشوهەواوە" لەنێو دارستانێکی پارێزگاکە کەوتە خوارەوە و لە تەمەنی 63 ساڵیدا گیانی لەدەستدا. هەریەکە لە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە، ئیمام جومعە و پارێزگاری تەورێز لەنێو هەمان هێلیکۆپتەردا بوون. هیچ کامیان بە زیندوویی دەرنەچوون. 

بەرەبەیانی رۆژی 20ـی 5 لەلایەن درۆنێکی تورکییەوە هێلیکۆپتەرەکەیان دۆزرایەوە و دواتر گیانلەدەستدانیان راگەیەنرا.

سەڕەرای ئەوەی لێژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێنرا و لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئەوە راگەیەنرا کە رووداوەکە سروشتی بووە، بەڵام تاوەکو ئێستا گومانەکان لەسەر سروشتی بوونێ رووداوەکە ماوەتەوە، بەشێکی زۆری هاووڵاتیانی ئێرانی چاودێر و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە رووداوەکە بە دەستکرد دەزانن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP