دواین هەواڵ

کوردستان‌

 25/07/2024

کارەبای نیشتیمانی 24 کاتژمێریی ئەزموونیی لە هەولێر ڕادەگەیەنرێت

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبای هەرێم دەستپێکی پڕۆژەیەکی ئەزموونی ڕادەگەیێنێت، ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای نیشتیمانی 24 کاتژمێرییە بۆ بەشێکی دانیشتووانی گەڕەکی شادی، کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای شاری هەولێر.

 فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەم هەواڵەی ڕاگەیاندووە و دەشڵێت، بەهۆی ئەوەی پڕۆژەکە لە قۆناغێکی ئەزموونیدایە، هەماهەنگی پێویست لەگەڵ مۆلیدەکانی گەڕەک کراوە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ئەگەری پچڕانی کارەبا لە ناوچەکەدا.

 لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، مانگانە سەرجەم دانیشتووان و شوێنە بازرگانییەکانی ئەم گەڕەکە تەنها یەک پسوولەی کارەبایان بۆ دێتەوە، کە بەشێوەیەکی بەردەوام لەڕێگەی کورتەنامە SMSـەوە ئاگاداردەکرێنەوە لەبارەی ڕێژەی بەکارهێنانیان، ئەمەش ئاسانکارییەکە بۆ ئەوەی ئاستی بەکارهێنانیان بزانن.

 بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم پڕۆژە ئەزموونییە یارمەتیدەری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت لەوەی باشتر لە پێویستی و داواکارییەکانی هاوڵاتییان تێبگات، تاوەکو لە داهاتوودا بتوانێت کارەبای 24 کاتژمێری بەشێوەیەکی کارامە بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان دابین بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP