دواین هەواڵ

جیهان‌

 26/07/2024

ئیسرائیل: ئێران لە پشتی تێکدانی هێڵی ئاسنینی فەڕەنسایە

هەرێم نیوز

ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە ئەکاونتی ئێکس خۆیدا نووسیویەتی، تێکدانی هێڵی ئاسنی فەرەنسا "بە ڕێنمایی یان کاریگەریی بریکارەکانی میحوەری ئێران و توندڕەوی ئیسلامی" پلانی بۆ دانراوە و ئەنجامدراوە.

لە سەروبەندی مەراسیمی کردنەوەی ئۆڵۆمپیادی پاریس بۆ ساڵی ٢٠٢٤، کۆمپانیای هێڵی ئاسنی فەرەنسی کردەوەی تێکدەرانەی دژی کۆمپانیاکە ڕاگەیاند.

چاوەڕوان دەکرێت زیاتر لە سەد سەرۆکی دەوڵەت لە سەرانسەری جیهانەوە بەشداری ئەم مەراسیمە بکەن. سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بۆ ئەم مەراسیمە بانگهێشتکراون.

سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا ئەو هێرشەی کە لەگەڵ دەستپێکردنی یارییە ئۆڵۆمپیەکان ڕوویدا، بە "تێکدەر و پێشوەختە بە مەبەست و هەماهەنگی" ناوبرد.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل جەختی کردەوه که تێکدانی هێڵی ئاسنی فەڕەننسا پلانداڕێژراوه و "له ژێر کاریگەری لایەنی ئێران بووە."

پێشتریش لە سەروبەندی کردنەوەی یارییە ئۆڵۆمپیەکانی پاریس لە ڕۆژی هەینی، کاتز یاداشتێکی دیپلۆماسی بڵاوکردەوە کە ئاراستەی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کرابوو.

کاتز بە هاوتا فەرەنسییەکەی لە "ئەگەری هەڕەشەی بریکارەکانی ئێران و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە" ئاگادار کردەوە و ڕایگەیاند کە ئەم گرووپانە پلانیان هەیە وەرزشوانان و گەشتیارانی ئیسرائیل بکەنە ئامانج لە میانی ئۆڵۆمپیادی هاوینەی ٢٠٢٤ لە پاریس.

لەم یاداشتەدا هاتووە: ئێمە زانیاریمان هەیە کە دەریدەخات کە بریکارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە بەنیازن تیمی وەرزشی ئیسرائیل و گەشتیاران بکەنە ئامانج.

دوای هێرشی تێکدەرانەی کەسانی نەناسراو لەسەر هێڵی شەمەندەفەر لە فەرەنسا، 800 هەزار سەرنشین زیانیان بەرکەوتووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP