دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

شانە نهێنییەکانى داعش لە ئەفریقیاوە دەردەکەون

هەرێم نیوز

دواى ئەوەى داعش لەسەرزەمینى ئەو سنوورەى پیشتر داگیریانکردبوو لە سوریا و عێراق کۆتاییان هات و دوا چەکداریان بە ئاشکرا نەما، بەڵام ناوبەناو لەنێو خەڵک و لەو ناوچانەى کە قاقڕو دوور لە ئاوەدانین و لەنێودەشتە کاکى بەکاکییەکاندا دەردەکەون و زیانێک دەدەن و جارێکى دی خۆیان دەشارنەوە، تاوێک لە بیابانەکانى عێراق و جارێکیش لە خۆراسان و چەلانێکیش لە ئەفغانستان، بەڵام ئەمجارەیان جیاوازتر لە ئەفریقیا وە دەردەکەونەوە، ئەوان لە رێگەى بیرى توندوتیژو پلانە جۆراوجۆرەکانیانەوە ئارامى کۆمەڵگە دەشێوێنن و پشێویی بۆ حکومەتەکان دەهێننە پێشەوە.

بڵاوبونەوەى راپۆرتى ساڵانەى -پەیمانگاى ئابورى و ئاشتى- کە لەبوارى تیرۆردا کاردەکەن، بۆ ساڵی 2024 تێیدا هاتووە داعش لە کیشوەرى ئەفریقیادا لە ریزبەندى بزوتنەوەو گروپ و دەستە توندڕەوەکاندا لە ریزبەندى یەکەمدایە، بەتایبەتى لەو ناوچانەى کە بیابانین و دوورن لە دەسەڵاتى فەرمی وڵاتەکان و بەمەش کێشە بۆ وڵاتەکانى باکوری رۆژئاواى کیشوەرەکە ناوەتەوە، وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە ئاماژەکان پێمان دەڵێن داعش بە پەرۆشەوە کار لەسەر وڵاتانى رۆژئاواى کیشوەرەکە دەکات، هەربۆنموونە وڵاتى مەغریب لە مانگی پێشوودا رایگەیاند گروپێکى چوار کەسییان دەستگیرکردووە کە هەندێک کەرەستەى سەربازییان بەدەستەوە بووە ئاماژە بوون بۆ بوونى دیاردەى چەکداریی و پلانیان داڕشتووە بۆ ئەنجامدانى کارى چەکداریی و لێدان لە ئاسایشى وڵاتەکە، هەر لە مانگی ئایاردا مەغریب رایگەیاند گروپێکیان دەستگیرکردووە کاریان بۆ رێکخستنى چەند کەسێکى گەنج کردووە کە بەرەو گروپەکەی خۆیان ئاراستەیان بکەن کە لەنێو بیابان و شوێنە دوورە دەستەکاندا دەمێننەوە.

رۆژی 16ـى ئایارى ئەمساڵیش جەزائیر رایگەیاند 9 تیرۆرستیان دەستگیرکردووە کە کاریان بۆ داعش کردووە و لە سنورى وڵاتى مالی یەوە بە قاچاخ هاتوونەتە نێو وڵاتەکەیان، چەک و تەقەمەنى و دەفتەرى پلانەکانیشیان پێوەگیراوە کە ویستوییانە لەچەند شوێنێک کارى تیرۆرستى ئەنجام بدەن.

وڵاتى تونسیش رایگەیاند چەند شانەیەکى نوستویان دەستگیرکردووە کە پلانى پشێوی نانەوەیان هەبووە و لەناویاندا ناوى -جوندولخەلافە- هاتووە کە گروپێکى توندڕەوى ئیسلامین و شرۆڤەکارانیش بە باڵێکى سەربازیی داعش ناویان دێنن و سەرکردەکەشیان بەناوى مەحمود سەلامی  دەستگیرکردووە.

راپۆرتى نەتەوەیەکگرتووەکانیش کە لە مانگى کانوونى دووەمى ئەمساڵدا بڵاوکراوەتەوە تێیدا هاتووە داعش لە چەندین وڵات و ناوچەى گرنگی کیشوەری ئەفریقیا بڵاوەیان کردووە.

هەربۆیە سەرجەم وڵاتانى ئەفەریقى ترسی ئەوەیان لێنیشتووە کە شانە نوستووەکانى داعش لەکات و ساتێکەى نەزانراودا پەلاماربدەن و ئەوانیش نەتوانن وەک پێویست بەدەم کێشەکەوە بچن و گۆڕەپانێکی دیکەى وەک عێراق و شام دروستبکەنەوەو زیانى گەورە لە هێزە ئەمنییەکان و ئابورى وڵاتەکانیان بکەوێت. خۆ ئەگەر بێتوو داعشى ئەو وڵاتانەى کە باسکران کاتژمێر سفر دیاری بکەن و پێکەوە پەلاماری وڵاتەکانیان بدەن، بێگومان کێشەیەکى هاوشێوەى موسڵ لە عیراق و  رۆژئاواى کوردستانیش لە سوریادووبارە دەبێتەوە ، هەربۆیە ئەم جموجوڵانەى داعش خوازیاریی خۆ یەکخستنەوەو بەجدی بەدەمەوەچوونى دۆخەکەیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP