دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 25/07/2024

لەپەراوێزی هێرشەکانیدا، دا.عش بەرەو قۆناغێکى نوێ هەنگاو هەڵدەگرێت

هەرێم نیوز

تەنها لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا دا.عش 153 هێرشی ئەنجامداوە ئەوە لە کاتێکدا کە لەسەرانسەرى ساڵی 2023 دا تەنها 121 هێرشیان ئەنجامداوە، کەواتە دەبێت بگوترێت هێرشەکانى دا.عش دوو بەرامبەر زیاتر بوون، پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئاخۆ دا.عش لەتوانایدا ماوە بێتەوە سەر شانۆى روداوەکان؟ ئاخۆ ئەمریکا هەلێک ناداتەوە دا.عش وەک ئەوەى لە بەرامبەر تاڵیباندا نواندى و سەرانسەری ئەفغانستانیان رادەستکردن و گوێشیان لە ناڕەزایەتى ناوخۆیی و نێو دەوڵەتیش نەگرت.

بەگوێرەى بڵاوکراویەکى فەرماندەیی سێنتکۆمی ئەمریکى، هێزەکانیان لەو ماوەیەدا 196 چالاکییان لە دژ ئەنجامداوەو بەو هۆیەوە 44 کەسیان کوژراون و 166 کەسیشیان دەستگیرکردووە.

سەرەڕای ئەوەى دا.عش بەشێوەى کرداریی ناوچەیەکی دیاریکراویان بەدەستەوە نییە کە فەرمانڕەوایەتى تێدا بکەن، بەڵام هێشتا مەترسییەکانى ماون، هێشتا چالاکییەکانیان لە شوێنە جۆراوجۆرەکانى عێراق و سوریا بەردەوامە، بیرى توندڕەویی دا.عشیانە خۆی خزاندوەتە نێو هەندێ لە پارت و گروپە ئیسلامیەکان، بەتایبەتى لە ئەفریقیا و کەنداوى عەرەبی و باشورى رۆژهەڵاتى ئاسیا، سەرەڕای کۆنترۆڵکردنى چالاکییەکانیان لە لایەن کۆمپانیا ئینتەرنێتیەکانەوە بە تایبەتى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام هێشتا چالاکییە میدیاییەکانیان بەردەوامەو هەرجارەى بەجۆرێک تۆوى توندڕەوى دەوەشێنن، هەربۆیە بەدوور نازانرێت لە هەرکات و ساتێکدا سەرهەڵبداتەوە، بەتایبەتى دۆخی سیاسی و نائارامی هەندێک وڵات بە هەند وەردەگرن و لەنێو ئەو پشێوی و بێسەروبەرەییەدا خۆیان دەبیننەوە.

فەرماندەیی ناوەندیی سوپاى ئەمریکا (CENTCOM)لەم رۆژانەدا رایگەیاند کە دا.عش لە هەوڵى خۆڕێکخستنەوەدایە و ئەو هێرشانەى کە لە عێراق و سوریا ئەنجامیانداوە دەرخەرى ئەو راستیەیە کە سەرکردەکانى بیر لە هەنگاوى داهاتوو دەکەنەوە، سەرکردەیەکى باڵاى سەربازیی ئەمریکا رایگەیاندووە بەرزبوونەوەى ژمارەى چالاکییەکانى دا.عش ئەوە دەگەیەنێت کە دواى ئەو چەند ساڵە ناهەموارییەى توشیان هاتووە، دەیانەوێت جارێکى دیکە بێنەوە گۆڕەپانەکە و بیر لەبەدەستەوەگرتنى دەسەڵات دەکەنەوە دووبارە.

چالاکییەکانى هاوپەیمانان لەدژى دا.عش بەم شێوەیەبوون، مانگی کانونى دووەمى 2015 کۆبانێ لەدا.عش پاککرایەوە، مانگی تەموزی 2017 موسڵ لە لایەن هێزەکانى هاوپەیمانان و عێراق و پێشمەرگەوە کۆنترۆڵکرایەوە ، مانگی تشرینى یەکەمى 2017 رەقەى پایتەختى دا.عشیان کۆنترۆڵکردوەتەوە و کانونى یەکەمى هەمان ساڵیش هێزەکانى عێراق رایانگەیاند هەموو عێراقیەکان لە دا.عش خاوێنکردوەتەوە.

بەگوێرەى راپۆرتى هێزەکانى هاوپەیمانان ساڵی 2018  دا.عش تەنها 2% ى ئەو خاکەى بەدەستەوە مابویەوە کە لە ساڵی 2014 دا دەستیان بەسەرداگرتبوو، لە مانگی ئازاری 2019 ش دا کۆتا شوێن و سەربازگەى دا.عش لە ناوچەى باغۆزی سوریا پاککرایەوە و چیتر شوێنێک نەمایەوە کە بەدەستیانەوە بێت.

بەڵام مەترسییەکە لەو کاتەوە سەرى هەڵداوەتەوە کە دا.عش لە ناکاو هێرشدەکات و دەکشێتەوە بۆ شوێنە نەدیتراوەکانى خۆیان، لە هەمان کاتیشدا نەبوونى شوێنى دیاریکراو بۆخۆی گرفتێکى گەورەترە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP