دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 09/06/2024

پوتن هەڕەشەی فراوانکردنی بەرەی جەنگ دەکات

هەرێم نیوز 

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لەم هەفتەیەدا وتی مافی خۆیەتی چەکی مەودا دوور بدات بە هاوپەیمانەکانی ڕووسیا تاوەکو بتوانن لە ئەگەری شەڕدا دژی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ڕۆژئاوا بەکارییان بهێنن، ئەمەش وەکو وەڵامێک بۆ ئەوەی کە ئۆکرانیا گڵۆپی سەوزی بۆ داگیرساوە بۆ بەکارهێنانی چەکەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە هێرشە سنووردارەکانیدا بۆ سەر ناوجەرگەی ڕووسیا. بەڵام هەندێک لە شارەزایانی سەربازیی دەڵێن ڕەنگە هەڕەشەکەی پوتن لە ڕاستیدا سنووردار بێت.

لە کاتێکدا کە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بۆ سەردانێکی چوار ڕۆژەیی گەیشتە فەڕەنسا کە ئامانج لێی یادکردنەوەی ساڵیادی 80 ساڵەی ڕۆژی سەرکەوتن و پتەوکردنەوەی پەیوەندییەکان بوو، سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن هەڕەشەیەکی نوێی دەرکرد.

ڕۆژی چوارشەممە پوتن لە کۆڕبەندێکی ئابووریدا لە سەینت پیتەرسبێرگ هۆشداریدا لەسەر ئەوەی ڕووسیا دەتوانێت چەکی مەودا دوور بدات بەو وڵاتانەی کە ڕەنگە دژی دامەزراوە ستراتیژییەکانی ڕۆژئاوا بەکارییان بهێنن.ههەرێم نیوز 

سەرۆکی روسیا رایگەیاند، مافی خۆیەتی چەکی مەودا دوور بدات بە هاوپەیمانەکانی ڕووسیا تاوەکو بتوانن لە ئەگەری شەڕدا دژی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ڕۆژئاوا بەکارییان بهێنن، ئەمەش وەکو وەڵامێک بۆ ئەوەی کە ئۆکرانیا گڵۆپی سەوزی بۆ داگیرساوە بۆ بەکارهێنانی چەکەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە هێرشە سنووردارەکانیدا بۆ سەر ناوجەرگەی ڕووسیا.

لە کاتێکدا کە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بۆ سەردانێکی چوار ڕۆژەیی گەیشتە فەڕەنسا کە ئامانج لێی یادکردنەوەی ساڵیادی 80 ساڵەی ڕۆژی سەرکەوتن و پتەوکردنەوەی پەیوەندییەکان بوو، سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن هەڕەشەیەکی نوێی دەرکرد.

ڕۆژی چوارشەممە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن، لە کۆڕبەندێکی ئابووریدا لە سەینت پیتەرسبێرگ هۆشداریدا لەسەر ئەوەی ڕووسیا دەتوانێت چەکی مەودا دوور بدات بەو وڵاتانەی کە ڕەنگە دژی دامەزراوە ستراتیژییەکانی ڕۆژئاوا بەکارییان بهێنن

هەڕەشە نوێیەکەی پوتن وەکو وەڵامێکە بۆ وڵاتانی ناتۆ بە تایبەتی ئەمەریکا و ئەڵمانیا کە ئاڕاستەکەیان گۆڕیوە و ڕێگەیاندا بە ئۆکرانیا تاوەکو چەکەکانی ڕۆژئاوا بۆ ئەنجامدانی هێرشی سنووردار لە ناو ڕووسیادا بەکاربهێنن.

پوتن وتی " ئەگەر پێیان وایە ڕێی تێدەچێت ئەو جۆرە چەکانە بگەیەننە شوێنێکی شەڕ تاوەکو هێرش بکەنە سەر خاکەکەمان و کێشەمان بۆ دروست بکەن، کەواتە بۆچی ئێمە مافی ئەوەمان نیە هەمان جۆری چەک بدەین بە هەندێک لە ناوچەکانی جیهان، کە دەکرێت تێیاندا دژی دامەزراوە هەستیارەکانییان بەکاربهێندرێت ؟"

لە کاتێکدا کە ڕۆژی هەینی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی بەشداری لە کۆبوونەوەی نیشتیمانی فەڕەنسادا کرد دوای ئەوەی بەشداری لە یادکردنەوەی ڕۆژی سەرکەوتندا کرد، ڕووسیا هۆشدارییەکانی زیاتر کرد لەسەر ئەوەی ڕۆژئاوا یاری بە ئاگر دەکات لەسەر پشتیوانییەکانی بۆ کیێڤ.

ڕۆژی هەینی وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا وتی سیستمی موشەکی هیمارسی ئەمەریکایی کە دراوە بە ئۆکرانیا بووەتە هۆی " کوژرانی " ژن و منداڵێک لە هەرێمی بێلگۆرۆدی باشووری ڕووسیا. ئەوە یەکەمین جار بوو لە ماوەی جەنگەکەدا لە ئۆکرانیا ڕووسیا ئەمەریکا بە بەرپرس دابنێت لە کوژرانی هاووڵاتییانی سڤیلی ڕووسیاییدا.

کرێملن سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆنی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی " زیادکردنی گرژییەکان " دوای بەڵێنەکەی بۆ پێدانی فڕۆکەی شەڕکەری فەڕەنسایی میراژ 2000-5s بە ئۆکرانیا.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی " ماکرۆن پشتیوانی تەواو بۆ ڕژێمەکەی کیێڤ دەردەبڕێت و ئامادەیی خۆی ڕادەگەیەنێت بۆ بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی فەڕەنسا لە ململانێ سەربازییەکەدا. ئێمە ئەم جۆرە بەیاننامانە بە بەیاننامەی زۆر زۆر وروژێنەر و زیادکەری گرژییەکان دادەنێین بۆ سەر کیشوەرەکە و پەیوەندییان بە هیچ شتێکی ئەرێنییەوە نیە."

بەپێی بەرپرسانی ئەمەریکا، هۆشدارییەکانی پوتن لەسەر پڕچەککردنی دوژمنەکانی ڕۆژئاوا لە کاتێکدایە کە مۆسکۆ هەوڵی دەرخستنی هێزە دەریاییەکەی دەدات بە سەرانسەری جیهاندا. 

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکان کە لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکاوە وەرگیراون، مۆسکۆ پلانی داناوە لەم هاوینەدا مەشقی دەریایی لە دەریای کاریبیاندا ئەنجام بدات. مەشقەکە ڕەنگە کوبا و ڤەنزوێلاش بگرێتەوە کە دوو وڵاتی ئەمەریکای لاتینن و بە تەواوەتی پشتگیرییان لە جەنگەکەی مۆسکۆ کردووە لە ئۆکرانیادا.

شارەزایەکی ڕووسیایی لە بەشی ئابوورییەکانی لەندەن جێف هاون وتی " ڕووسیا دەیەوێت بە بڵاوکردنەوەی چەکەکانی ڕۆژئاوا بترسێنێت و وادیارە هەوڵ دەدات ڕووبەڕووبوونەوەکان لە ناوچەکەدا لەگەڵ ڕۆژئاوادا فراوانتر بکات."

جۆزێف مۆزسی شارەزای ستراتیژی سەربازیی لە تیمی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی ئاسایش لە ڤیرۆنا دەڵێت " بەڵام لێدوانەکانی پوتن زۆر بە ناڕوونی ماونەتەوە "، لە کاتێکدا کە هیچ وردەکارییەکی نەداوە لەسەر ڕەوانەکردنی چەکەکان.

هاون وتی ئامانجەکە هێشتا هەر " ترساندنی سەرکردەکانی ڕۆژئاوا و دابینکردنی تەقەمەنییە بۆ ئەو کەسانەی کە پشتیوانی لە بۆچوونەکانی پوتن دەکەن لەسەر جیهان، هەروەها بۆ ئەوانەش کە بە هەر نرخێک بێت ئاشتییەکی خێرایان دەوێت لە ئۆکرانیادا."

بەڵام هەندێک لە شارەزایان ئاماژەیان بەوە داوە کە بژاردەی ڕووسیا بۆ ئەو وڵاتانەی کە دۆستی ڕووسیان و ئامادەن بۆ ئەم پلانە زۆر سنووردارە.

مۆزس دەڵێت " هەڕەشەکانی پوتن ڕەنگە فراوانکردنی کەلوپەلە سەربازییەکەی بێت بۆ بێلاڕووس. ڕێگەیەکی دیکەی کەمترین بەرهەڵستکاریی وڵاتانی ئەفریکایە."

ئاماژەی زۆر هەن لەسەر ئەوەی ڕووسیا هەوڵی هاریکارییەکی سەربازیی نزیکتر بدات لەگەڵ چەندین وڵاتی ئەفریکادا. مۆزس وتی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ لەم هەفتەیەدا گەشتێکی بە ئەفریکادا کرد و بۆ یەکەمین جار سەردانی بورکینا فاسۆ و چادی کرد.

وتیشی " لە ڕووی دابینکردنی یارمەتی سەربازییەوە بۆ وڵاتانی دیکە، پێم وایە کە دەتوانین پێشبینی زیادبوونی پێگەی ڕووسیا بکەین لە ناوەڕاستی ئەفریکادا." لە مانگی سێدا ڕووسیا و کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ ڕێککەوتنێکی هاریکارییان واژۆ کرد.

لە کاتێکدا کە ئەم بەشەی ئەفریکا شوێنی ستراتیژی زۆری ڕۆژئاوای تێدا نیە، بەڵام زیادبوونی چەکی ڕووسیایی لەو ناوچەیەدا دەکرێت ببێتە هۆکارێکی دیکەی ناسەقامگیریی لە ناوچەکەدا.

وڵاتانی ئەفریکا تەنها شوێن نین کە دەکرێت چەکەکانی ڕووسیای بۆ بڕوات تاوەکو بەکاربهێندرێن بۆ بە ئامانجکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا. شارەزای پرسەکانی ئاسایشی نێودەوڵەت و جەنگەکەی ئۆکرانیا لە زانکۆی پۆرتسماوث ڤیرۆنیکا پۆنچیجاکۆڤا دەڵێت " ئەو وڵاتانەی کە ئەگەرێکی زۆری هەیە کاندید بن بۆ وەرگرتنی چەکە ڕووسیاییەکان ئێران و کۆریای باکوورن. ڕووسیا پێشتریش لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا کردوویەتی، بەڵام کەس نایەوێت ببینێت ئەم وڵاتانە چەکی زیاترییان هەبێت لەوەی کە هەیانە بۆ هەڕەشەکردن لە ڕۆژئاوا."

لەلایەکی دیکەوە توانای ڕووسیا بۆ گەیاندنی چەکی زیاتر بۆ هاوپەیمانەکانی لە ئەمەریکای لاتین بەبێ ئەوەی سزا بدرێت سنووردارە. ئەم وڵاتانە دەبێت ڕازی ببن بەوەی لە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ڕۆژئاوا بدەن، ئەوەش زۆر نادیارە.

هاون دەڵێت ڤەنزوێلا و کوبا " دان بەوەدا دەنێن کە ئەمەریکا تاوەکو ئێستا باڵادەستترین هێزە لە ئەمەریکای لاتیندا."

وتیشی سەرۆکی بێلاڕووس ئالیکساندەر لوکاشینکۆش نموونەی " هاوپەیمانێکی ڕووسیایە کە ئامادە نیە بکەوێتە جەنگەوە لەگەڵ ڕۆژئاوادا. لوکاشینکۆ زۆر هەوڵ دەدات نەچێتە قووڵایی جەنگەکەوە، سەرەڕای ئەوەی کە دەڵێت لە سەدا سەد لە پاڵ پوتندایە."

لەگەڵ ئەوەشدا ڕووسیا ناتوانێت خەرجی بڵاوکردنەوەی چەکەکانی بە جیهاندا دابین بکات، لە هەوڵێکیدا بۆ هەناردەکردنی جەنگەکەی لە ئۆکرانیا بۆ دەرەوە.

مۆزس دەڵێت " بێگومان دەتوانن ڕاوێژکاری سەربازیی بنێرن و لەوەش گرنگتر زانیاری گۆڕەپانی جەنگ بدەن لەسەر باشی و خراپی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و چەکەکان، چۆنیش کارییان کردووە دژی سیستمەکانی ڕۆژئاوا. ئەم زانیارییە هەواڵگرییە زۆر گرنگە. لەبەرئەوەی کە ڕووسیا موشەکێکی زۆری کروز بەرهەم دەهێنێت، دەکرێت هەناردەی بکەن، هەروەها فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و کۆپتەریش. هەروەها دەتوانێت تەقەمەنی تۆپهاوێژیش بدات بەم وڵاتانە کە ڕووسیا بڕێکی زۆری هەیە لێیان."

پۆنچیجاکۆڤا دەڵێت بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی پێویستییەکانی ڕووسیا بۆ چەک لە جەنگەکەیدا لە ئۆکرانیا، پێناچێت ڕووسیا هیچ کام لە چەکە " باشەکانی " بنێرێت بۆ وڵاتانی دیکە.

هاون وتیشی دامەزراوە ستراتیژییەکانی ڕۆژئاوا " زۆر بە باشی پارێزراون دژی زۆربەی چەکە نوێیەکان."

پۆنچیجاکۆڤا دەڵێت لە کاتێکدا کە پوتن بە ئاشکرا دیارە ناچارە کاردانەوەیەکی هەبێت بۆ ئەوەی کە ئەمەریکا و ئەڵمانیا ڕازیبوون بە بەکارهێنانی چەکەکانییان لەلایەن ئۆکرانیاوە بۆ بە ئامانجکردنی ئامانجەکانی ناو ڕووسیا، هەڕەشەکانی مۆسکۆ بۆ تۆڵەکردنەوە " لە بنچینەوە بێ مانان."

وتی " لە ئێستادا، ئەوە تەنها گلەیی کردنە. وەکو ورچێکە کە ناتوانێت گاز بگرێت."

سەبارەت بە مەشقەکان لە دەریای کاریبیان، هاون وتی " بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی کەشتیگەلی ڕووسیا، زۆر جێی سەرسوڕمان دەبێت ئەگەر ڕووسیا زیاتر لە سێ بۆ چوار کەشتی ڕەوانەی دەریای کاریبیان بکات. زۆربەی کەشتییەکانی لە ماوەی جەنگی سارددا دروستکراون و لە دۆخێکی خراپدان. دەتوانن هێزی خۆیان لە کاریبیان پیشان بدەن بەڵام توشی سەرسوڕمان دەبم ئەگەر زیاتر لە سێ بۆ چوار کەشتی بنێرن."

پۆنچیجاکۆڤا دەڵێت مەشقی دەریایی ڕووسیا لە دەریای کاریبیان بێپێشینەیە. مۆسکۆ لە ساڵی 2008 دا بەشداری لە مەشقێکی دەریاییدا کرد لەو ناوچەیەدا، دواتریش مەشقێکی دەریایی لەگەڵ ئێران و چیندا کرد لە کەنداوی عومان.

وتیشی ئەم مەشق و خۆ دەرخستنانەی ڕووسیا تەنها دەرفەتێکن بۆ ڕووسیا " تاوەکو هەوڵ بدات هاوپەیمانەکانی ڕازی بکات لەسەر ئەوەی کە سەرەڕای دوو ساڵ لە جەنگ لە ئۆکرانیادا، ڕووسیا هێشتا لە توانایدا هەیە هێزە سەربازییەکەی لە هەر شوێنێکی جیهاندا بێت دەربخات."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP