دواین هەواڵ

کلتور‌

 08/06/2024

نازم حیكمەت، ئەدیبی ناوداری تورك‌و مرۆڤایەتی!

خەلیل عەبدوڵڵا

نازم حیكمەت، ئەدیبێكی ناوداری توركە، وەك شاعیر‌و ڕۆماننووس‌و شانۆنووس، خزمەتێكی زۆری بە كولتووریی توركی‌و مرۆڤایەتی كردووە.

نازم حیكمەت ڕۆڵی دیاری لە نوێكردنەوەی ئەدەب‌و هونەری توركیدا هەبووە‌و بە سەرمەشق‌و سەرقافڵەی ئەو بوارە دادەنرێت.

نازم حیكمەت، ڕۆژی 14ی كانوونی دووەمی 1902 لە شاری (سالۆنیك)ی یۆنان لەدایك بووە، كە ئەو كاتە یۆنان لە ژێر قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا بووە.

نازم حیكمەت لە ئامێزی خێزانێكی زەنگین‌و ناوداردا پەروەردە بوو. قۆناغەكانی خوێندنی لە ئەستەنبوڵ‌و مۆسكۆ تەواو كردووە، بڕوانامەی باڵای لە بواری ئابووری‌و زانستە كۆمەڵایەتییەكان لە زانكۆی مۆسكۆ بەدەستهێناوە.
لەمۆسكۆ زیاتر بەبیری ماركسیزم ئاشنا بووە‌و كەوتۆتە ژێر كاریگەریی ئەو فیكرەوە، هەر بۆیەش بیری ماركسیزم لە بەرهەمە ئەدەبی‌و هونەرییەكانیدا ڕەنگی داوەتەوە‌و بەرگری لە مافەكانی هەژاران‌و جووتیاران‌و كرێكاران كردووە. ئەوەش كێشە‌و سەرئێشەی زۆری بۆ دروستكردووە‌و ڕووبەڕووی زیندانی‌و ئازاردانی جەستەیی‌و دەروونی كردۆتەوە، بەڵام ئەو ئازارانە بوونەتە كەرەستەی خاوو لە بەرهەمە كولتورییەكانیدا ڕەنگیان داوەتەوە.

ساڵی 1938 وەك نووسەرێكی چەپ بە تۆمەتی دژایەتیكردنی نازی‌و فرانكفۆنی زیندانی كراوە‌و سزای 28 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، ماوەی 12 ساڵی تەمەنی لە كونجی زیندان بەسەر بردووە، بەهۆی ڕەوشی خراپی زیندانەوە مانی لەخواردن گرتووە، بەهۆی دۆخی خراپی لە زیندان، ژمارەیەكی زۆری ئەدیب‌و ئازادیخوازی جیهان داوای ئازادكردنیان كردووە، لە ژێر ئەو فشارەدا لە ڕۆژی 15ی تەممووزی 1950 لە زیندان ئازاد كراوە.

دەیزانی لە سایەی ئەو دەوڵەتەدا ناتوانێ‌ بەئازادی بژی‌و بەرهەمەكانی بڵاو بكاتەوە. ئیدی دوای ئازادكردنی بەنهێنی توركیای بەجێهێشت‌و ڕووی لە شاری مۆسكۆی پایتەختی یەكێتیی سۆڤیەت كرد‌و لەو شارە گیرسایەوە.
بەهۆی ئەو هەڵوێستەیەوە، حكومەتی توركیا ڕەگەزنامەی توركی لێسەندەوە‌و بەرهەمەكانی قەدەغەكرد، ئەویش بە ناچاری‌و بۆ هاوزمان‌و هەوادارانی بە ناوی خوازراوەوە بەرهەمەكانی بڵاودەكرەوە.

ئەو شاعیر‌و ئەدیبە ناسراوە، كە بەرهەمەكانی بۆ گەلەكەی‌و مرۆڤایەتی دەنووسی، لە ڕەگەزنامەی وڵاتی خۆی بێبەش بوو، وڵاتی پۆلۆنیا كە وڵاتێكی كۆمۆنیستیی هاوپەیمانی بلۆكی وارشۆی سەر بە یەكێتیی سۆڤیەت بوو، ڕەگەزنامە‌و پاسپۆرتی بە نازم حیكمەت بەخشی.
ئیدی بە هۆی ئەو پاسپۆرتەوە دەرگای وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات‌و ڕۆژئاوای بۆ واڵا بوو. سەردانی وڵاتانی كۆمۆنیستیی وەك ( چین، كووبا، چیكۆسلۆفاكیا‌و پۆلۆنیا)ی كرد‌و بەشداری كۆنفرانس‌و فێستیڤاڵ‌و چالاكییە ئەدەبی‌و هونەرییەكانی لەو وڵاتانەدا كرد‌و بەرهەمەكانی لەو بۆنانەدا پێشكەش دەكرد.

سەرباری ئەوەی كە نازم حیكمەت،ئەدیب‌و نووسەرێكی كۆمۆنیست بوو، بەڵام بەهۆی ئاستی بەرزی بەرهەمە ئەدەبی‌و هونەرییەكانییەوە، دەرگای وڵاتانی ئەوروپای خۆرئاواشی بۆ واڵا بوو،سەردانی وڵاتانی وەك ( فەرەنسا‌و ئیتاڵیا)ی كرد‌و لە چالاكییە ئەدەبی‌و هونەرییەكانی ئەو وڵاتانەدا بەشداری كرد‌و بەرهەمەكانی پێشكەش كرد.

نازم حیكمەت، لەسەرەتای ژیانی گەنجییەوە، خولیای شیعر بووە، هێشتا هەرزەكار بووە، دەستی بەهۆنینەوەی شیعر كردووە، تەمەنی 16 ساڵ بووە، یەكەم پارچە شیعری بە ناونیشانی (هاواری نیشتمان) نووسیوە‌و بڵاویكردۆتەوە.

نازم حیكمەت خاوەنی چەندین دیوانی شیعرە، بەشێك لە نامە‌و دیوانەكانی لەلایەن دلاوەر قەرەداخی شاعیرەوە كراون بەكوردی‌و بڵاوكراونەتەوە، لەوانە (شیعر‌و نامە،بەعەزرتەوە چاوەكانت ماچ دەكەم،شەوێك كە بەفر تا ئەژنۆ باریبوو،ئاسمان دەڵێی دەستەكانی تۆیە).

دیوانێكی تری بە ناوی (دوا هۆنراوەكان) لەلایەن هەژینەوە لە زمانی فارسییەوە كراوە بە كوردی.

هەروەها دیوانی (شیعرەكانی كاتژمێر نۆ بۆ دە) لەلایەن ئیبراهیم شێخ شەرەفی بۆ سەر زمانی كوردی وەرگێڕدراوە.

نازم حیكمەت، ڕۆماننووسیش بووە، خاوەنی چەندین شاكاری ڕۆمانە، بەشێك لە ڕۆمانەكانی لەلایەن ئەحمەد محەمەد ئیسماعیلەوە لە زمانی توركییەوە كراون بە كوردی، لەوانە (خوێن نادوێت، ژیان خۆشە هاوڕێ‌، سێوە سەوزەكان).

نازم حیكمەت، شانۆنووسیش بووە، یەكێك لە شانۆگەرییە بە ناوبانگەكانی شانۆگەری ( كەللە سەر)ە، ئەم شانۆگەرییە لەلایەن مامۆستا (عوسمان شەیدا)ەوە بۆ سەر زمانی كوردی وەرگێڕدراوە‌و ساڵی 1982 ئەو شانۆگەرییە لە هۆڵی چالاكیی قوتابخانەكانی سلێمانی نمایشكرا‌و دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو ‌و جەماوەرێكی زۆر ئامادەی نمایشەكە بوون كە چەند ڕۆژێكی خایاند.

چەند شانۆگەری دیكەشی هەیە، لەوانە ( پیاوی لە بیركراو، فەرهاد‌و شیرین)، زانیاریم نییە ئەو دوو شانۆگەرییەی بۆ سەر زمانی كوردی وەرگێڕدرابن.

ئەوەی جێگەی سەرنجی نووسەران‌و ڕووناكبیرانی كورد بوو، ئەوە بوو كە (نازم حیكمەت) وەك ئەدیب‌و نووسەرێكی چەپ‌و كۆمۆنیستی ئینتەرناسیونال ، هیچی لەسەر كورد نەنووسیووە، ئەو بابەتە لە كۆتایی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا بووە جێگەی مشتومڕی نێوان ( د.كەمال مەزهەر ئەحمەد‌و مامۆستا محەمەدی مەلا كەریم)، د. كەمال لە ڕۆژنامەی هاوكاریی ئەو سەردەمە، زنجیرە وتارێكی نووسی‌و ڕەخنەی لە هەڵوێستی نازم حیكمەت گرت كە وەك نووسەر‌و ئەدیبێكی كۆمۆنیستی ئینتەرناسیونال هیچ شتێَكی لەسەر چەوسانەوەی كوردەكانی توركیا نەنووسیوە‌و بێدەنگ بووە. مامۆستا محمەمەدی مەلا كەریمش وەك هاوبیری نازم حیكمەت، بەزنجیرە وتارێك لە هەمان ڕۆژنامە وەڵامی د.كەمال مەزهەری دایەوە‌و بەرگری لە نازم حیكمەت كرد، بەڵام بەرگرییەكەی مامۆستا محەمەدی مەلا كەریم نەیتوانی جێگە بە بۆچوونەكانی د.كەمال مەزهەر لێژ بكات‌و قەناعەت بەخوێنەر بكات.
سەرەتای ساڵی 1990، مامۆستا محمەمەدی مەلا كەریم ئەو زنجیرە وتارەی خۆی لە دوو توێی كتێبێكدا بە ناونیشانی (بە تەمای دەمەتەقێیەكی دۆستانە‌و دیموكراتی بووم، بووم بەكاكە حەمەی كورد)!

قەناتی كوردۆی نووسەری ناودار، باسی ئەوە دەكات، ساڵی 1957 لە مۆسكۆ كتێبێكی خۆی بەناونیشانی (ڕێزمانی كوردی) پێشكەش بە (نازم حیكمەت) كردووە‌و داوای لێكردووە شتێك لە سەر كوردەكانی توركیا بنووسێت، بەڵام بەداخەوە نەینووسیوە.

لە ساڵانی دواتردا، هەندێ‌ بەڵگەنامە بڵاوكرایەوە، كە نازم حیكمەت‌و كامەران بەدرخان، سەرەتای ساڵانی پەنجاكانی سەدەی ڕابردوو لە پاریس یەكتریان بینیوە، كامەران بەدرخان لەو دیدارەدا باسی مێژوو و كولتوور‌و زمانی كوردی بۆ نازم حیكمەت كردووە، ئەو بابەتە جێگەی بایەخی نازم حیكمەت بووە، دواتر ساڵێك یاخوود دوو ساڵ بەر لە مردنی، نازم حیكمەت نامەیەك بۆ كامەران بەدرخان دەنێرێت‌و هەڵویستی ڕوونی خۆی لە ڕوانگەی ماركسیزمەوە لەسەر دۆزی كورد دەخاتەڕوو.

ئەو نامەیە دوای دوو ساڵ لە مردنی كامەران بەدرخان لە ئەرشیفەكەیدا لە پاریس دۆزراوەتەوە‌و نووسخە ڕەسەنەكەی ئەو نامەیە لە ئەرشیفی ئەنستیتووتی كورد لە پاریس پارێزراوە.

دەقی ئەو نامەیە كە بەزمانی توركی نووسراوە، بۆ یەكەمجار لە ژمارەی ڕۆژی 31ی تەممووزی 1988 لە گۆڤاری (ئیكیینەدۆغرو) لە توركیا بڵاوكراوەتەوە.

مامۆستا (بەكر شوانی)، دەقی ئەو نامەیەی لە زمانی توركییەوە بۆ سەر زمانی كوردی وەرگێڕاوە.

نامەكە نامەیەكی گرنگی مێژووییە، نازم حیكمەت لەدیدی ماركسیزمەوە بە بایەخەوە باسی كێشەی كورد لە توركیا دەكات.

لەسەرەتای نامەكەدا دەڵێت (نەتەوەی كورد كە ڕەگ‌و ڕیشەی سەدان ساڵ بە مێژوودا ڕۆچووە، زۆرینەیەكی بەرچاوی بە مێژوو ‌و كولتووری خۆیەوە لە پارچەیەكی ئەنادۆڵا دەژی، نەتەوەی تورك كە لەپارچەكانی تری ئەنادۆڵا دەژی، بە برای نەتەوەی كورد دادەنرێت).

لەبەشێكی تری نامەكەدا باسی تێكۆشانی هاوبەشی هەردوو گەلی كورد‌و تورك دەكات دژی دەسەڵاتی كۆنەپەرستیی توركیای هاوكاری ئیمپریالیزم دەكات بۆ دیموكراسی‌و سەربەخۆیی نەتەوەیی‌و ژیانێكی بەختەوەر بۆ هەردوو گەلی تورك‌و كورد.

ئەم نامەیە بایەخێكی زۆری مێژوویی هەیە، بەڵام هەر وەك هەڵوێستێكی نهێنی‌و نامەیەكی شەخسی لە قەڵەم دەدرێ‌‌و ئەو سەرنجەی د.كەمال مەزهەر ناسڕێتەوە كە ئاماژە بەوە دەكات بۆچی نازم حیكمەت وەك نووسەر‌و ئەدیبێكی كۆمۆنیستی ئینتەرناسیونالیستی، بەئاشكرا‌و بە نووسین هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە دۆزی كورد لە توركیا بڵاونەكردۆتەوە؟!

نازم حیكمەت، لەپای خزمەت‌و بەرهەمەكانی، لەساڵی 1950 خەڵاتی ئاشتیی یەكێتیی سۆڤیەتی بەهاوبەشی لەگەڵا بابلۆ نیرۆدای شاعیری ناوداری چیللی پێبەخشراوە.

پاش خزمەتێكی زۆر بە كایەكانی كولتووریی توركی‌و مرۆڤایەتی، كە بەرهەمەكانی بۆ زیاتر لە 50 زمانی جیهان وەرگێڕدراون،ڕۆژی 3ی حوزەیرانی 1963 لە تەمەنی 61 ساڵیدا لەشاری مۆسكۆ كۆچی دوایی كرد‌و لە ڕێوڕەسمێكی شكۆداری فەرمی‌و میللیدا لەو شارە بەخاك سپێردرا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP