حەیدەر عەیدولرەحمان
ئەگەرچی( بیتەر برۆك )زێتر لەبواری شانۆدا ناسراوە، بەڵام چالاكییەكانی لەبواری سینەمادا لەشانۆ كەمتر نیە.
زۆر كەسیش ئەوە نازانێت كە (بیتەر) بەر لەچوونە ناو دنیای شانۆ، هەوڵی زۆری داوە بەسینەما دەست پێ بكات.
هەمیشە ئارەزووی ئەوەی هەبووە ببێت بەدەرهێنەرێكی سینەما، ئەو خۆشی ئەو راستیە دەدركێنێ و دەڵێت: (من لەنێوان شانۆو سینەمادا پارچە پارچە كراوم)
ئەو چۆن لەشانۆدا هەمیشە هەوڵی بونیاتنانەوەی شكسپیری داوە، بەهەمان شێوەش لەسینەماشدا.
فیلمی هاوبەشی ئەمریكی بەریتانی (لیر پاشا ) لەدەرهێنانی (بیتەر برۆك )ە.
چیرۆكی (لیرپاشا) باس لەپاشایەك دەكات، دوای ساڵانێكی حوكمرانی و بەتەمەن داچوون، هەست بەهیلاكی دەكات، بۆیە بڕیار دەدات سەرو ماڵی دابەشی سەر كچەكانی بكات، بەڵام دواتر هەموو چاوەڕوانیەكانی لەبار دەچن و بێ نمەكی و خیانەتكاری لە لایەن ئازیزترین نزیكەكانی بەچاوی خۆی دەبینی و بۆی دەردەكەوێ كە دۆست و دوژمنەكانی كێن و روو بەڕووی چ چارەنووسێكی ڕەشی دەكەنەوە، لە پێناو دەسەڵات و سەرو سامان .
زۆرینەی ئەكتەرە ناودارەكانی جیهان ئاواتی ئەوە دەخوازن رۆژێك لەرۆژان رۆڵی (لیرپاشا) لە سینەمادا بەرجەستە بكەن، چونكە ئەو كاراكتەرە لەهەموو جیهاندا پێگەی خۆی هەیە، بەڵام نواندنی ئەو رۆڵە لابورێكە بۆ هەموو ئەكتەرێك و تاقیكردنەوەیەكە بۆ ناسینی وزەو دەسەڵاتی هونەرییان و كەم لەو ئەكتەرانە لەو تاقیكردنەوەیەدا سەركەوتن بە دەست دێنن.
ئەوەتا ئەكتەری ناسراوی جیهانیی(باتشینۆ) بۆ 13 كەڕەت رۆڵی (لیرپاشا)ی لەسینەماو شانۆدا بینییووە، بەڵام ئەو خۆی دەڵێ: من هێشتا تێنوویەتیم لەبەرجەستە كردنی ئەو كاراكتەر نەشكاوەو دان بەوە دا دەنیت كە مافی تەواوی بەو كاراكتەرە مەزنە نەداوە.
هەردوو ئەكتەری گەورە (لۆرانس ئۆلیفیە) و( باتشینۆ) بەئەكتەری شكسپیریی ناسراون، هەردوكیان ژمارەی پێوانەییان لەنواندندا بینییووە، بۆ بەرجەستە كردنی كاراكتەرەكانی شكسپیر، لۆرانس ئۆلیفیە خەڵاتی ئۆسكاری لەبینینی پاڵەوانیەتی شانۆیی (هنری پێنجەم )دا بینیووە، هەروەها خەڵاتی شێری زێڕین و خەڵاتی باشترین ئەكتەریش لەفیلمی هاملێت دا بە دەست هێناوە.
ئەكتەری ناسراو( كامەران رەئووف ) یش چانسی ئەوەی هەبوو، وەك ئەكتەرێكی كورد ئەو رۆڵە ببینێ و یەكێك لە ئاواتەكانی بەو رۆڵە بێنێتە دی.
راستە ئاستەمە بۆ ئێمە (لۆرانس ئۆلیفیە)و (باتشینۆ) لە گەڵ ئەكتەرێكی كوردی وەك كامەران ڕەئووف بەراورد پێ بكەین، بەڵام هەر بینەرێكی ئەوروپی كامەران لەرۆَلی ( لیر پاشا ) لە ئەوروپا ببینێ، دەگاتە ئەو بڕوایە كە كامەران هەوڵی زۆری داوە مافی تەواو بەو كاراكتەرە بدات و ڕوو بەڕووی تاقیكردنەوەیەكی زۆر سەخت بێتەوە، كە ڕەنگە هیچ ئەكتەرێكی دیكەی كورد چەند ئەوەندەی وەك (باتشینۆ ) خۆی لەو تاقیكردنەوەیە بدات، نەتوانێت لیر پاشا بەو گەورەیی خۆیەوە نمایش بكات وەك ئەو نواندنەی كامەران ڕەئووف بەرجەستەی كرد