دواین هەواڵ

کلتور‌

 25/07/2024

گرنگی ناونیشان، رۆمان وەک نموونە

دیمەن عەبدوڵڵا

 ئایا ناو و ناونیشان پەیوەندی لەگەڵ (کەس، جێگا و کات)ەوە هەیە؟ ناو دەروازەیەکە بۆ ناسینەوەی شت و شوێنەکان، وەک (دار، بەرد، ڕووەک، ئاژەڵ، گوند، شار، دەوڵەت) ناوێکیان هەیە، کە وێنە لە زەینی تاکەکاندا دروست دەکات بۆ ناسینەوە و جیاکردنەویان لە ئەوانی دیکە. ئاواش مرۆڤ پێویستی بە ناوێکە، بۆ ئەوەی ببێتە ناونیشان و جیا بکرێتەوە لە کەسێکی دیکە. ئەگەر سەرنج بدەین، بۆ دەبێت هەموومان ناوێک بۆ مناڵەکانمان دابنێن، چونکە هیچ منداڵێک بەبێ ناو نابێت. هەر بۆیەش، هەموو بابەتێک/ تێکستێک پێویستی بە ناونیشانە، هەر لە ژانری شیعرەوە بگرە و تا دەگاتە رۆمان.

‎هەر مەردایەتی، هاوکاری و یارمەتیدان، ئەمە گشت بۆ زیندووی یان مانەوەی ناوە. هەروەها خەباتی مرۆڤ، کە دەبێتە بەشێک لە زاکیرەی میللەت، ئەویش دەبێتە بەشێک لە ناونیشان بۆ تاک، بۆ نموونە (بەردی قارەمان)، بۆتە ناونیشانی شێخ مەحموود. هەروەها راستە گۆچان شوان بەکاردێنێت، بەڵام گۆچان لە بواری سیاسیدا، بەواتای دەسەڵات دێت. لێرەوە گۆچان لە ماتریالێکی دارەوە، بۆتە سیمبۆلی دەسەڵاتی سیاسی.

‎دیارە گرنگیدان بە ناونیشان وەک (زانستی ناونیشان)، دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵەکانی خوێندنگای رەخنەیی فرەنسی و زانایانی ئەوروپی، لە ساڵی شەستەکان و بەتایبەتی ساڵی 1968 گرنگی بە ناونیشاندرا لە لایەن لێۆ هۆک ــ Lêo Hock ، کە دواتر لەپەرتووکێکیدا بەناوی (تایبەتمەندی ناونیشان ــ تاگی ناونیشان/ 1973)([1]). زۆر گرنگی پێدراوە. لێرەوە گرنگیدان بەناونیشان و بەتایبەتی لە بواری رۆمان و سینەما وەک بەشێک لە ریکلامە.
‎دیارە باسکردنی شتەکان بە بێ ناو و ناونیشان، وەک ئەوە وایە سەیری فلم بکەی بەبێ ڕەنگ و وێنە تەنها دەنگ بێت. ئیتر بۆ ئەوەی وێنە و ڕەنگ بدەینە دەق و بتوانین ڕۆشنای بخەینە سەر دەق، پێویستە گرنگی بە ناونیشان بدەین. بیرکردنەوە لە ناونیشانێکی کورت و سەرنجڕاکێش، زۆر قورسترە لە داڕشتنی ناونیشان بە چەند وشەیەک ڕوونی بکەیتەوە. دەکرێت ناونیشانێکی بەهێز رۆمان بە زیندووی بهێڵێتەوە و دەشکرێت بەپێچەوانەوە بێت.

 ‎لە ناونیشاندا بونیادگەری گرنگە، بۆیە ناونیشان رەنگدانەوەی ناوەڕۆک نەبیت، گرنگی و بەهاکەی لە دەستدەدات. لە کاتی هەڵبژاردنی ناونیشاندا پێویستی بەوردەکاری هەیە، چونکە دەکرێت ئەم ناونیشانە رەنگدانەوەی ناوەڕۆکی دەقەکە بێت. ئەگەر پێچەوانە بێت، بیر و عەقلی خوێنەر بەلاڕێدا دەبەین، چونکە خوێنەر زۆرجار پەنا دەباتە بەر ناونیشان بۆ هەڵبژاردنی رۆمان. زۆرجاریش گرنگی بە نووسەر دەدات، نەک ناونیشان، بەڵام لە کۆتایدا ناونیشان یەکەم هەنگاوی سەرکەوتنی رۆماننووسە. بۆ نموونە ئەگەر سەیری رۆمانی (ژانی گەل/ 1956)ی ئیبراهیم ئەحمەد بکەینەوە، دەبینین ئەم رۆمانە وەک ناونیشان و ناوەڕۆک، دەربڕین لە ژانەکانی مێژووی میللەتی کورد دەکات. هەروەها ئەگەر تەماشای رۆمانەکانی بەختیار عەلی بکەین، دەبینین ناونیشانەکانی سەرنجڕاکێش و کورتن، بەتایبەت رۆمانی (داگیرکردنی تاریکی/ 2020)، کە تەواو فەنتازییە و بیر و هزری خوێنەر داگیردەکات. لەگەل ئەوەشدا، تەواو رەنگدانەوەی تێکستەکەیەتی. ئەمە نموونەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی ناونیشانە، کە ئەگەر دیسان تەماشای ئەم ناونیاشانە بکەین ــ داگیرکردنی تاریکی ــ، کە کاردانەوەیەکی ئەرێنی و پۆزەتیڤە بەواتای با تاریکی نەمێنیت، بەڵام کاتێک ڕۆمامەکە دەخوێنینەوە تێدەگەین، مەبەستی رۆماننووس نێگاتیڤە، کە چۆن تورک مامڵەی لەگەڵ کورد کردووە. کورد بۆتە ئەو تاریکییەی هەمووان لێی دەترسێن و هەرگیزیش داگیر ناکرێت. کەواتە رۆماننووس، زوو مەبەستی خۆی نەدا بەدەستەوە لە گەیاندنی پەیامەکەی، بەڵکو هەوڵیداوە لە ڕێگەی خوێنەوەی رۆمانەکە خوینەر سەرقاڵ بکات و بگاتە ئەنجام، یاخود گەیاندنی پەیامەکەی. ئەمە جگە لە کورتیی، کە یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی ناونیشان. کەواتە گرنگە ئاگاداری تایبەتمەندییەکانی ناونیشان بین، تاوەکو بیر و هزری خوێنەر ئاڵۆز نەکەین و سەرکەوتنی دەق و رۆمانەکە بەدەستبهێنین.

‎لە ناونیشانی رۆمانی کوردیدا هەندێکجار سادەی دەبیندرێت، و هەندێکجاریش فەلسەفی. یاخود دەکرێت بڵێن فەنتازی، ئایە ئەم جۆرە ناونیشانە کامیان کاریگەری زیاتر لەسەر هز و عەقڵی خوێنەری کورد هەیە! بۆ نموونە، ناونیشان هەیە یاری بە هز و عەقڵی خوێنەر دەکات، ‎ئەگەر تەماشای رۆمانی عەرەبیش بکەین و بەتایبەتی رۆمانی “یادەوەری جەستە/ 1993″، رۆماننووسی جەزائێری ئەحلام موستەغانمی، ئەم ناونیشانە، دەیان پرسیار لای خوێنەر دروست دەکات، پێش ئەوەی رۆمان بخوێنێتەوە، کەواتە ئەم ناونیشانە کاریگەری هزری و عەقڵی لەسەر خوێنەر دروستکردوە.

 ‎راستە مێژووی رۆمانی کوردی دەگاتە نزیکەی سەد ساڵ، بەڵام چونکە کورد رەخنەگری بواری هزری و فەلسەفی رۆمانی نەبووە، لەبەرئەوە، هێشتا رۆمان نەبۆتە بەشێک لە کاراکتەر و زاکیرەی مرۆڤی کورد. ئێستا ئەگەر ئاوڕێک لە رۆمان و رۆماننووسە ناودارەکانی جیهان بدەینەوە، دەبینین زیاتر بەرێگای راڤە و شرۆڤەکاری رەخنەگرانەوە بووە. ‎ئەدەبی نوێ زۆر گرنگی بە چوارینەی (نووسەر، تێکست، وەرگر و کۆمەڵگا) داوە، کە ئەمانە وەک گیان و سەرچاوەی هەموو تێکستەکان دەبینن. کەواتە بەپێی رۆلاند بارت وەرگر/ رەخنەگر، واتە و گرنگی دەدات بەتێکست.

هەروەها سارتەر دەڵێت: (تەنیا چەند هێڵێکی رەش لە تێکستدا هەیە)([2]). دیسان بەپێی بەشێک لە بۆچۆنەکانی هزرمەند و فەیلەسوفەکانی پۆستمۆدێرن، وەک درایدا ــ Derrida دەڵێت: (هیچ شتێک لە دەرەوەی تێکست نییە)([3]). کەواتە ئەگەر بەم تێگەیشتنە تێکست وەک کاغەزێکی سپیە، وەرگر/ رەخنەگر واتای دەداتێ. ئەگەر ئێمە بەم تێگەیشتن و پێوەرەوە، تەماشای رۆمانی کوردی/ تێکستی کوردی بکەین، دەبینین کە ڕەخنەگر و هزرمەندمان لەو ئاستەدا نییە، کە بتوانێت هێز و توانا بداتە تێکست. دەتوانین بەکورتی و وەک ئەنجام بڵێن، ئەوە هێشتا تێکستی کوردی/ رۆمانی کوردی، وەک کاغەزێکی سپی ماوەتەوە!

 [1])  رحیم،  عبدالقادر )  ٢٠٠٨ )، لعنوان في النص الابداعي/ ‌أهمیتە و أنواعە ـــ مجلة جامعة أم القرى کلیة الاداب و العلوم الانسانیة و الاجتماعیة، العدد 2 و 3، ، تەماشای مالپەری بکە: http://uqu.edu.sa/page/ar/1023.
[2]) أبو خاص، جودە محمد ابراهیم (٢٠١٧)، المنظور الفلسفي للسلطة عند میشیل فوکو: دراسة فی الفلسفة السیاسیة و الاجتماعیة ـــ المرکز العربی للأبحاث و دراسة السیاسات، ط1، بیروت ـــ لبنان،.

[3]) ولید ظاهري ـــ جاك دريدا.. من الإبداع إلى السفسطة!  https://www.aljazeera.net/blogs/2019/6/24/%D8%AC%D8%A7%D9%83-%D8%AF%D8%B1%D9%8A%D8%AF%D8%A7-%D9%85%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%A5%D8%A8%D8%AF%D8%A7%D8%B9-%D8%A5%D9%84%D9%89-%D8%A7%D9%84%D8%B3%D9%81%D8%B3%D8%B7%D8%A9
Images: https://pixabay.com/fr/



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP