دواین هەواڵ

کلتور‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

كەمال سابیر، ئەستێرەیەکی پرشنگدار

 

هونەرمەندێكی ناوداری كوردستان بوو، لەبوارەكانی شانۆو دراما خزمەتێكی زۆری پێشكەش بەهونەری  كوردی كرد.
ساڵی 1944 لەگەڕەكی مەڵكەندیی شاری سلێمانی لەدایك بووە.

قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندی‌و خانەی مامۆستایانی تەواو كردووە.

مامۆستا كەمال سابیر هەر لەسەردەمی گەنجییەوە خولیای كاری هونەری بوو، سەرەتا بەشانۆ دەستی پێكرد‌و دواتر بەشداری دراما‌و كاری هونەری تەلەفزیۆنی كرد.

مامۆستا كەمال وەك هونەرمەندێكی كۆمیدیش خزمەتی كرد‌و بەشداری چەندین بەرهەمی كۆمیدیی دراما‌و شانۆ‌و تەلەفزیۆنی كردووە.

لەرێی چەند كۆمەڵە‌و تیپێكی هونەرییەوە خزمەتی بە هونەر كردووە.

مامۆستا كەمال سابیر ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی هونەرمەندانی كوردستان‌و تیپی شانۆی هاوڕێیانی گەزیزە‌و تیپی پێشڕەوی شانۆی كوردی بووە.

یەكێك بووە لەدامەزرێنەرانی تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان‌و لەرێی ئەو تەلەفزیۆنەوە خزمەتی زۆری هونەری كردووە.

لەگەڵ چەند هونەرمەندێكی دیكەدا بەرنامەی كەشكۆڵیان لەتەلەفزیۆنی گەلی كوردستان پێشكەش كرد‌و لەرێی ئەو بەرنامەیەوە بەشێوازی كۆمیدی رەخنەیان لەدیاردە دزێوەكان ئەگرت.

ساڵی 1994 كرایە بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنی هەرێم كە تەلەفزیۆنی  رەسمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو.

هونەرمەند كەمال سابیر  بێ‌ لەكاری نواندن، كاری نووسین‌و وەڕگیران‌و دەرهێنانیشی كردووە‌و لەو بوارانە شوێن پەنجەی دیارە.

ئەم هونەرمەندە ناسراوو خۆشەویستەی كوردستان كە حزمەتێكی زۆری پێشكەش بەهونەری كوردی كرد، لە2ی حوزەیرانی 1997 لەكاتێكدا كە سەرقاڵی پرۆڤەی  شانۆیی ئاوایی بێكەسە بوو لەشاری سلێمانی، كۆچی دوایی كرد.بەڵام بەهۆی بەرهەم‌و بەخششە هونەرییەكانیەوە هەمیشە بەنەمری ئەمێنێتەوە.

درودی رێزو وەفا‌و ئەمەكداری بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی كەمال سابیری مامۆستا‌و هونەرمەندی گەورە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP