دواین هەواڵ

کلتور‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

کاریگەری قۆناغەکانی شۆڕش بەسەر شانۆیی کوردیەوە

سدیق عەزیز

لە مێژووی بزوتنەوەی شانۆیی میلەتاندا هەمیشە شۆڕشەکان و سیاسیەکان بەدوای شانۆوە بوون ، بەڵام لای خۆمان شانۆ بەدوای شۆڕشەکانەوە بووە. مێژووی بزووتنەوەی شانۆیی کوردی ،وابەستەی قۆناغەکانی شۆڕش و مێژووی بزووتنەوە سیاسیەکان بووە، بەمانایاکتر قۆناغەکانی شۆڕشی کوردی کاریگەریان هەبووە لەسەر ناوەرۆک و شێوەی شانۆ لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکتری شۆڕش .

ئەگەر ئێمە زۆر دوور نەڕۆین و ئاوڕێک لە شانۆی ساڵانی خەفتاکان و شانۆیی هەشتاکان بدەیەنەوە ،دەبینین کە جیاوازیەکی زۆر هەیە لە نێوان ئەم دوو قۆناغەدا هەم لە رووی فکر و هەم لە ڕووی فۆڕمەوە، واتە هەر قۆناغە فۆڕم و ناوەرۆکێکی تایبەت بە خۆیی هەیە. ناوەرۆکی شانۆیی خەفتاکان زیاتر بابەتی کەلتوری و کۆمەلایەتی و کێشەکانی خێزان و زیاتر باسکردن بووە لە باشەو خراپە لە ڕوو دینیەکەوە، کەمتر بابەتی سیاسی و حەمەسەتی شۆڕشگێرانە بووە. ئارامی شانۆیی حەفتاکان ڕەنگادانەوەی ئارامی سیاسی و ڕێکەوتینی یازدەی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ وە هەیە .

ئەگەر سەیرێکی شانۆ و چیرۆکە تەلەفزیۆنەکانی تیپی شانۆیی گەزیزە بکەین ،یان کۆمەڵەی هونەرەجوانەکان لەوێشەوە بۆ تیپی شانۆیی کرێکاران گرووپی خاجی مەکی و هاوڕێکانی،زۆری بابەتە شانۆیی و تەلەفزیۆنەکان زیاتر لە کەلتور و پەندی پێشینان و بابەتە کۆمەڵایەتیەکانەوە بووە. بەمانایەک زیاتر بۆ چاککردنی کۆمەڵگابوە لە ڕووە ئەخلاقیەکەوە. کاتێک ڕێکەوتنی یازدە ئازار تێک دەچێت و شۆڕشی حەفتاو چوار کۆتایی دێت ، لە کۆتایی ساڵاکانی حەفتاو تەواوی ساڵەکانی هەشتا شانۆ دەچێتە قۆناغیکی ترەوە .

لەو قۆناغەدا گروپێکی تازە و حیزبێکی تازەی دێتە مەیدانەوە کە خاوەنی فکر وئایدۆلۆژیایی مارکسیە ، یان دروست بوونی گرووپی مارکسی لینینی ، لێرەوە قۆناغیکی نوێی سیاسی شانۆ دەست پێدەکات، کە ڕەنگدانەوەی فکری سیاسی و حیزبی ئەو قۆناغەیە. ناوەرۆکی شانۆگەریەکان باسکردن لە بابەتی نەتەوایەتی و و جیاوازی چیانەیەتی و ئازادی ژن ،دروستکردنی ڕووحی شۆڕشگێڕی لەناو تاکی کوردا. بە کورتی لەو قۆناغەدا شانۆ دەبێتە مەیدانی ساخکردنی بابەتی نەتەوایەتی و ئایدۆلۆژیایی سۆشیالیستی و فکری مارکسی.

لەم قۆناغەدا شانۆیی مەلحەمی و ئیشکردنی لەسەر میتۆدی برێخت زۆرترین دەرکەوتنی دەبێت ، لەو تێڕوانینەوە کە شانۆکانی برێخت ڕنگدانەوەی فەلسفەی مارکسیە و کاری لەسەر داستان و بابەتە مێژوویەکان دەکات ،بەشێویەک کە مرۆڤی ئەمڕۆ خۆیی تێداببینێتەوە.کاک فواد مەجید میسری وەک نووسەری شانۆیی دەبێتە پێشڕەوی ئەم قۆناغە و مامۆستا ئەحمەد سالار وەک دەرهێنەر ، زۆری بەرهەمەکانی فواد مەجئد میسری بە فۆڕمە برێختەیە دەخاتە سەر شانۆ.

من لە ساڵی ٢٠٠٨ بابەتیکی دورو درێژم لەسەر قۆناغەکانی شانۆ پەیوەست بە شۆڕشەوە نووسی بە پشتبەستن بە کۆمەلیک سەرچاوە، ئەو بابەتی من بە سێ بەش لە کوردوستانی نوێ دا بڵاو کرایەوە، بەلام بەداخەوە من بە هۆی هەڵەیەکەوە هەموو بابەتەم لەلای خۆم لەدەست چوو.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP