هەرێم نیوز
وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، ئەوانەی لە پڕۆژەی رووناکیدا بەشدارن و بە نایاسایی کارەبایان راکێشاوە و دەستکاری پێوەری زیرەکیان کردووە، سزای پێبژاردن دەدرێن تاوەکو چوار ملیۆن دینار.
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "رێنمایی نوێ بۆ بەرنگاربوونەوە و رێگری لە سەرپێچیکردن لە تۆڕی کارەبادا بەشێوەیەکی نایاسایی دەخرێنەکار لەو ناوچانەی کارەبای بەردەوامی پڕۆژەی رووناکییان هەیە".
وەزارەتی کارەبای رایگەیاندووە: "هەر کەسێک کارەبای نایاسایی رابکێشێت، دووچاری رێکاری یاسایی دەبێتەوە و تاوەکو چوار ملیۆن دینار پێبژاردنی بۆ دەکرێت و بڕی پارەی کارەبای بەکارهێنراو لەماوەی راکێشانی کارەبای نایاساییشی لەسەر هەژمار دەکرێت".
بەگوێرەی وەزارەتی کارەبا، ئەوانەی دەستکاری پێوەری زیرەک دەکەن یان کارەبای نایاسایی رادەکێشن، دەدرێنە دادگە و کارەباکەشیان دەبڕدرێت.
بەڕێوەبەرێکی گشتی لە وەزارەتی کارەبا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "رێنماییەکان بۆ هۆشیاربوونەوەی خەڵکە، چونکە سەرپێچییەکانی کارەبا لە رابردوودا زۆربوون و دەکرێت ئێستاش بەردەوام بن، وەزارەت دەیەوێت ئەوە نەمێنێت".
لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی کارەبادا هاتووە: "جەخت لە گرنگی دابینکردنی کارەبای بەردەوام دەکەینەوە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی بەشێوەیەکی رێکوپێک پسوولەی کارەبای مانگانەیان دەدەن".
وەزارەتی کارەبا هۆشداری دەدات لە سەرپێچی بۆ سەر تۆڕی کارەبا و دەڵێت: "هەر سەرپێچییەک لە تۆڕی کارەبا و دەستکاریکردنی پێوەری کارەبا مەترسیدارە و دەکرێت ببێتە هۆی زیانی گیانی بەهۆی تەزووی کارەبا یان کەوتنەوەی ئاگر".
وەزارەتەکە داوا لە هاووڵاتییان دەکات، هەرکەس سەرپێچی لەسەر تۆڕەکانی کارەبا بینێت، تیمی پڕۆژەی رووناکی ئاگادار بکاتەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی کارەبا، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتیی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک سوود لە کارەبای 24 کاژێری وەردەگرن و بڕیارە تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو پڕۆژەکە تەواوی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.