دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

بەهۆی گیانلەدەستدانی 3 ژینگەپارێزەوە لە سنە دوو رۆژ ماتەمینیی گشتیی راگەیێندرا

هەرێم نیوز

دوای گیانلەدەستدانی سێ ژینگەپارێز لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەی چیای ئاویەری سنە، بە بڕیاری ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو رۆژ ماتەمینی گشتی لە پارێزگاکە راگەیێندرا.

 ئەمڕۆ دووشەممە، ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، سێ چالاکی ژینگەپارێزی بەزەیی و دڵسۆز و بە پەرۆش، حەمید مورادی، چیاکۆ یوسفی نژاد و خەبات ئەمینی کە لە کاتی هەوڵەكان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئاگركەوتنەوە لە بەرزاییەکانی ئاویەری سنە، گیانی خۆیان بەختکرد، ئەوەش خەمێکی قوڵی بۆ خەڵکی کوردستان و خۆشەویستانی سروشت لە سەرانسەری وڵاتدا دروستكرد.

ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ ڕێزگرتن لەو قوربانییانە و هاوسۆزی لەگەڵ بنەماڵەکانیان، خەڵکی شاری سنە و پارێزگای کوردستان لە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە ماتەمینی گشتییان لە سەرتاسەری پارێزگای کوردستان ڕاگەیاندوە، بۆیە داوا لە خەڵکی پارێزگا و ئۆرگانە جێبەجێکارەکان و دامەزراوەکان و ڕێکخراوەکان دەکەین لە ڕێوڕەسمەکانی یادکردنەوەی ئەو ئازیزانە هاوکاری و پاڵپشتی پێویست پێشکەش بکەن.

ئەوە لەكاتێكدایە دەوروبەری کاتژمێر 1:30 خولەكی دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، لە پشتی پارکی منداڵان ئاگركەوتەوە و بە خێرایی بۆ ناوچەکانی دەوروبەری شەهرەک زاگرۆس و حەسەن ئاوا بڵاوبوەوە.

لەكاتی هەوڵدان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكە، ژماریەك چالاکی ژینگەی بە ناوەکانی موحسین حوسێن پەناهی، حەمید مورادی، خەبات ئەمینی، ئاریاس سەلیمی و سەید مستەفا هوژبەری توشی ڕێژەی زۆری سوتان بون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP