دواین هەواڵ

کوردستان‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرۆکی حکوومەت و کونسوڵی گشتی ئەمریکا جەختیان لە هەناردەی نەوتی هەرێم کردەوە

هەرێم نیوز

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای لە هەرێمی کوردستان کرد.

ئەمڕۆ شەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حکومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە ستیڤ بیتنەر، كونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی كوردستان كرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکە دیپلۆماتییەکەی.

سەرۆکی حکومەت لەم دیدارەدا سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای لە هەرێمی کوردستان کرد و بە تایبەتی سوپاسی کونسوڵی گشتیی کرد بۆ کارکردنی لە پێناو پەرەپێدان و پێشخستنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە لە هەموو بوارەکاندا.

لە بەرامبەردا کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا، پێزانینی خۆی بۆ پشتگیریی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕی و جەختی لە گرنگیی بەهێزبوونی پەیوەندیی دۆستانەی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و پاراستن و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP