دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

ئەو شێوازانەی مۆساد بۆ کوشتنی فەرماندە باڵاکانی ئێران بەکاریدەهێنا

هەرێم نیوز

بەگوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2025دا، مۆساد ڕۆڵی سەرەکی بینی لە کوشتنی 9 لە کۆی 13 فەرماندەی باڵای سەربازی حکومەتی ئێران، لەگەڵ لانیکەم 12 لە "زانایانی ئەتۆمی" ئەو وڵاتە.

ڕاپۆرتەکە باس لە "ئۆپەراسیۆنێکی بێپێشێنیە" دەکات لە قووڵایی ناوخۆی ئێران کە سەرەڕای پاکتاوکردنی ئەمنی بەرفراوان، دوای شەڕی 12 ڕۆژە هێشتا هەر بەردەوامە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، مۆساد نەک تەنها لە کوشتنەکاندا بەشداربووە، بەڵکو لە ناسینەوە و هێرشکردنە سەر دامەزراوە مووشەکییەکان و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیش دەستی هەبووە، هەرچەندە ئەو ئۆپەراسیۆنە فیزیکییانە لەلایەن هێزی ئاسمانی ئیسرائیلەوە ئەنجامدراون.

دەیڤید بارنیا، سەرۆکی مۆساد لە پەیامێکی ڤیدیۆیی کە لە لایەن چاودێرانەوە وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر تاران تەماشای هێزەکانی دەکرێت، وتی: ئێمە بەردەوام دەبین لە هەبوونمان، وەک هەمیشە لەوێ بووین.

ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئەمنییەکان بڵاویکردووەتەوە، کە مۆساد توانیویەتی بە بەکارهێنانی سیخوڕی، ئامرازە ئەلیکترۆنییە پێشکەوتووەکان و تەنانەت تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد، هەندێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران بخاتە تەڵەوە.

بۆ نموونە، دەوترێت ئەمیر عەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران، بەهۆی پەیوەندییەکی ساختەوە ڕاکێشرا بۆ کۆبوونەوەیەک، کە لە ئەنجامدا خۆی و جێگرەکانی کوژران.

هەروەها ڕاگەیەندرا کە بەرنامەی زیانبەخش لە سیستەمی کامێرای ئەمنیی تاران دانراوە، کە شوێنی عەلی شادمانی فەرماندەی بنکەی خاتەم ئەنبیا دەستنیشان دەکات. ئەویش لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا کوژرا.

مۆساد سەرەتا بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی نمونەی "دی ئێن ئەی" ئەوی دەستنیشان کرد و بە یارمەتی زیرەکی دەستکرد و ناسینەوەی دەموچاو، شوێنەکەی دۆزییەوە.

بەگوێرەی ئەم ڕۆژنامە ئیسرائیلییە، لە شەڕی 12 ڕۆژەدا، جگە لە سیخوڕی مەیدانی، مۆساد چەکی لە دوورەوە کۆنترۆڵکراو و درۆنی کوشندە و ئۆتۆمبێلی چەکداری بەکارهێناوە.

ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست نووسیویەتی سەرەڕای دەستگیرکردن یان کوشتنی بەشێک لە بریکارەکانی مۆساد، ئیسرائیل هەمیشە توانای وەرگرتنی هێزی نوێی هەیە لە نێو ملیۆنان ئێرانی دژبەری ڕێژیمدا.

تەنانەت ئەگەر حکومەتی ئێران لە سەرکوتکردنیدا سەرکەوتوو بێت، پێدەچێت پڕکردنەوەی هەموو ئەو بۆشاییە ئەمنی و تەکنەلۆژیانەی کە موساد دەتوانێت سوودیان لێببینێت، نزیکە لە مەحاڵ.

 

پێشتر کەناڵی 12ی ئیسرائیلیش ڕایگەیاندبوو: هەواڵگری سەربازی ماوەی ساڵێک چاودێری سەرجەم بەرپرسانی باڵای سەربازی و ئەتۆمی ئێرانی کردووە؛ شوێنی کارکردنیان، ماڵە تایبەتییەکانیان، خانووە ئەمنەکان و هەر شوێنێکی تر کە کەسە ئامانجدارەکان زۆر سەردانیان دەکرد.

بەگوێرەی کەناڵی 12، دوو بەرپرسی ئێرانی کە لە یەکەم ڕۆژدا لە لیستی ئامانجەکاندا بوون و هەڵسەنگێندرابوون کە لە ماڵەوە بن، ئەو بەیانییە لە پشوو و شوێنێکی دیکەدا بوون، بەڵام سوپای ئیسرائیل بە خێرایی ئەوانیشیان دۆزییەوە و ئەوانیش کوژران.

بەرپرسانی ئێرانیش لە لێدوانەکانیاندا چەندین جار دانیان بەوەدا ناوە کە بە هێرشە سەرەتاییەکانی ئیسرائیل تووشی سەرسوڕمان بوون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP