هەرێم نیوز
ئاژانسی بی بی سی بڵاویکردووەتەوە، میدیاکانی تورکیا بە شێوەیەکی بەرفراوان نیگەرانن سەبارەت بە هەوڵی ئیسرائیل بۆ دابەشکردنی سوریا. دەڵێن لە ڕێگەی ڕێڕەوی داود دەیانەوێت بگەنە ڕۆژئاوای کوردستان. ئەمەش لە کاتێکدا پێشتر میدیای ئێرانیش باسیان لەوە کردبوو ئیسرائیل بەنیازی دابەشکردنی عێراق و سوریایەوە.
هەندێک لە شرۆڤەکاران لە تورکیا ڕەخنەیان لە پڕۆژەی "ڕێڕەوی داود"ی ئیسرائیل گرتووە، کە دەڵێن ئامانجی بەستنەوەی ئیسرائیلە بە ناوچە دروزەکانی باشووری سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان.
تورکیا پشتیوانێکی سەرەکی حکومەتی کاتیی سوریایە، پاڵپشتی لە پێکهاتەیەکی حکومەتی زۆر ناوەندگەرایی لە دیمەشق و دژایەتی لامەرکەزی یان فیدراڵی دەکات. لە کاتێکدا کورد بەکۆدەنگی ڕێککەوتووە لەسەر داخوازی فیدڕاڵی لە سوریای داهاتووادا.
“رێڕەوی داود” چییە؟
هەرچەندە ئیسرائیل بە فەرمی پشتگیری لەو ستراتیژییە نەکردووە کە بە "رێڕەوی داود" ناسراوە، بەڵام شرۆڤەکاران و چاودێرانی ناوچەکە ئاماژە بە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی بەردەوام و جێگیرکردنی سەربازی لە نزیک بەرزاییەکانی جۆلان و پشتیوانیکردن لە ناوچەی لە چەکداماڵڕاو لە باشووری سوریا دەکەن، وەک نیشانەکانی فراوانبوونی هەژموونی ئیسرائیل.
دەستەواژەی "ڕێڕەوی داود" واتە ئەو ڕێگایەی کە گوایە ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە بە ڕۆژئاوای کوردستان [باکوری سوریا] دەبەستێتەوە.
بەرپرسانی ئیسرائیل لەوانەش بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕایانگەیاندووە کە وڵاتەکەیان هەنگاو دەنێت بۆ ڕێگریکردن لە بوونی هێزەکانی سوریا یان گروپەکانی هاوپەیمانی ئێران لە نزیک سنوورەکانی باکووری وڵاتەکەی، ئامانجی ئەم ڕێوشوێنانەیان بۆ پاراستنی ئاسایش و پاراستنی پێکهاتەکانی دروزەکان گەڕاندەوە.
تورکیە نیگەرانە لەوەی ئیسرائیل پاڵپشتی پێکهاتەکانی دروز لە باشوور و کورد لە باکور بکات بۆ پێکهێنانی هەرێمی ئۆتۆنۆمی و پێکەوە گرێدانیان.
کاردانەوەی تورکیا
لەو چوارچێوەیەدا، میدیاکانی نزیک لە حکومەتی تورکیا نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە هەوڵە گوماناوییەکانی ئیسرائیل بۆ دروستکردنی سوریایەکی لامەرکەزی و پارچەپارچە دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری سوریا و دیمەشق.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە 17ی تەمموزدا ڕایگەیاند، تورکیا "رازی نابێت بۆ دابەشکردنی سوریا" و جەختی لەسەر پشتیوانی ئەنقەرە بۆ "یەکپارچەیی خاکی، پێکهاتەی یەکگرتوو و ناسنامەی فرە کولتوری سوریا" کردەوە.
ئەنقەرە لە مێژە داوای لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کردووە دەستبەرداری هەوڵەکانیان بن بۆ ئۆتۆنۆمی و پەیوەست بن بە حکومەتی ناوەندی سوریاوە. بەڵام کورد بەکۆدەنگی داوای فیدڕاڵی دەکات.
عەبدولقادر سەلڤی، ڕۆژنامەنووسی ناوداری ڕۆژنامەی حوڕییەت، لایەنگری حکومەت، لە 18ی تەمموزدا نووسیویەتی ئیسرائیل هەوڵدەدات سوریا بەسەر چوار دەوڵەتی سەربەخۆدا دابەش بکات. ئاماژەی بەوەشکرد، دابەشکردنەکە بریتی دەبێت لە ئۆتۆنۆمی بۆ دروزەکان لە باشوور، عەلەوییەکان لە ڕۆژئاوا، عەرەبە سوننەکان لە ناوەند و دەوڵەتێکی کوردی لە باکور لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە بەڕێوەدەبرێت.
کاردانەوەی میدیاکان سەبارەت بە ڕێڕەوی داود
جەم کوچوک، ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنامەی دەوڵەتی تورکیا لە ١٨ی تەمموزدا نووسیویەتی: “ئەگەر دروزەکان دەوڵەتێک پێکبهێنن، ئیسرائیل دان بەوەدا دەنێت و ڕێگا خۆش دەکات بۆ ئەوەی پەکەکە دەوڵەت پێکبهێنێت”.
میدیاکانی دەوڵەتی تورکیا هەروەها هۆشدارییان داوە لە هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ دروستکردنی رێڕەوی داود، کە ڕێڕەوێکە ئیسرائیل بە ناوچە کوردییەکانی باکوری سوریا دەبەستێتەوە.
ئەم ڕەخنانە دوای ئەوە توندتر بوون کە شێخ حیکمەت هیجری، سەرکردەیەکی کاریگەری دروزەکان، داوای کرد کە "ڕێگاکان بەڕووی برا کوردەکانماندا بکرێتەوە... بەوپێیەی ڕێڕەوێکی بەپەلە و گرنگی مرۆییە."
ئەردۆغان لە 17ی تەمموزدا بەبێ ئەوەی ناوی کەسی تایبەت بهێنێت، وتی: ئەوانەی خەون بە دروستکردنی ڕێڕەوێک لە نێوان باشوور و باکوری سوریادا دەبینن، ئیشەڵڵا هەرگیز بە ئامانجەکەیان ناگەن.
ڕۆژنامەنووس ئایپاک یەزدانی بە هابەرتورکی ڕاگەیاند کە پلانە درێژخایەنەکانی ئیسرائیل بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بریتین لە دروستکردنی "ڕێڕەوی داود" و هێرشەکانی بۆ سەر ئێران و سوریا بۆ ئەم ئامانجەیە.
ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێت: "هەموو سیاسەتە ناوچەییەکانی ئیسرائیل لەسەر بنەمای پشتگیریکردنی کەمینەکان، هاندانیان، دروستکردنی یاخیبوون و... دابەشکردن و لاوازکردن و ناسەقامگیرکردنی ئەم وڵاتانەیە."
فیرهات موراد شرۆڤەکار لە ١٧ی تەمووزدا بە کەناڵی سی ئێن ئێن تورکی ڕاگەیاندووە، ئیسرائیل لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا سیاسەتی “فراوانگەرایی” لە سووریا پەیڕەو کردووە. وتی: "پێدەچێت فراوانبوونی [ئیسرائیل] لە [باشووری سوریا] هەوڵێک بێت بۆ دامەزراندنی هێڵی پەیوەندی لەگەڵ یەپەگە. ئەم هێڵە چییە؟ ڕێڕەوی داود."
لە بەرنامەیەکی جیاوازی سی ئێن ئێن تورکدا، گۆربوز ئۆرن وتی کە ئاماژەی شێخ هیجری بۆ "رێڕەوێکی مرۆیی" لە ڕاستیدا "بەرگێکە" بۆ هەوڵی ئیسرائیل بۆ دروستکردنی "رێڕەوی داود". لە (X)دا نووسیویەتی: ئیسرائیل کە هەوڵی دابەشکردنی سوریا دەدات، پلانێکی خراپە بۆ یەکخستنی دروزەکان و کوردەکان.
ئێران چی دەڵێت؟
پێشتریش ئاژانسی ناوخۆیی ئێرانی فارس نیوز، کە وابەستەی سوپای پاسدارانە، لە ڕاپۆرتێکیدا نووسی: "بەپێی ڕاپۆرت و شیکارییە بڵاوکراوەکان، ڕێڕەوی داود ڕێگایەکە کە لە باشووری سوریاوە دەستپێدەکات، بە پارێزگاکانی سویدە و قونەیترەدا تێدەپەڕێت و، بەناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکانی سەر بە ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریادا تێدەپەڕێت، دەگاتە هەرێمی کوردستانی عێراق و سنوورەکانی ئێران و تورکیا".