دواین هەواڵ

ئابوری‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

قۆناغی یەكەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر تەواو كرا

هەرێم نیوز

بۆ چارەسەركردنی كەمیی ئاوی خواردنەوە لە هەولێر، ساڵی پار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێری دانا و بە ماوەی كەمتر لە ساڵێك تەواو كرا.

ئەمڕۆ شەممە، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "بۆ چارەسەرکردنی کەمیی ئاوی خواردنەوە لە هەولێر، پارساڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بەردی بناغەی پرۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێری دانا و بە ماوەی کەمتر لە ساڵێک تەواو کرا".

ئاماژەی بەوەش کردووە تێچووی پڕۆژەکە 480 ملیۆن دۆلار بووە و لە کاتژمێرێکدا 20 هەزار مەتر چوارگۆشە ئاو بۆ شاری هەولێر دابین دەکات.

بە پێی ڕاگەیاندراوەکە: " قۆناغی یەکەم و تەواوبووی پرۆژەکە 10 هەزار مەتر چوارگۆشەیە، دوای فلتەرکردن و پاککردنەوەی بە ستانداردی نێودەوڵەتی، ئاو بۆ 20 گەڕەکی هەولێر دەگوازێتەوە و ئاوی پاک دابین دەکات".

پێشتر سەرچاوەی ئاوی پاک لە هەرسێ پرۆژەی ئیفراز (1 و 2 و 3) 10 هەزار مەتر چوارگۆشە بوو، بەڵام ئەم پرۆژەیە دووبەرابەری ئەو سێ پرۆژەیە بەرهەمی ئاوی هەیە و تا 30 ساڵی داهاتوو کێشەی ئاو لە هەولێر چارەسەر دەکات.

پڕۆژەکە بە کەمتر لە کاتی دیاریکراو و بە کۆمپانیا و دەستی کاری خۆماڵی جێبەجێ کرا، بڕیارە مانگی 11ی ئەمساڵ قۆناغی دووەم تەواو بێت و ئاو بگەیەنێتە گەڕەکەکانی هەولێر.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP