هەرێم نیوز
ئەمریکا و ئیسرائیل دەڵێن ئەگەری هێرشکردنەوە بۆ سەر ئێران هەیە ئەگەر دەست لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی هەڵنەگرێت، ئەوروپاش دەیەوێت سزاکانی سەر ئێران بگەڕێنێتەوە، بەڵام ئێران هێشتا سوورە لەسەر ئەوەی دەست لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی هەڵناگرێت و ئەمەش ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی دیکەی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا زیاتر دەکات.
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە دیدارێکدا لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی سەربازی ڕایگەیاند، ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ ئێران لە ئارادایە.
کاتز ئاماژەی بە شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران کرد و وتی: دەستکەوتەکانی ئۆپراسیۆنەکەمان بە تایبەت لە بواری باڵادەستی ئاسمانی، دەبێت بپارێزرێن و پلانێکی کاریگەر بۆ پێشگرتن لە بنیاتنانەوەی پڕۆژە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران دابڕێژرێت.
پێشتریش کاتز، لە مەراسیمێکی سەربازیدا هۆشداری دابوو کە ئەگەر ئێران جارێکی دیکە هەڕەشە بکات، سوپای ئیسرائیل جارێکی دیکە هێرش دەکاتە سەر پێگەکانی خۆی لەسەر خاکی ئێران و ئەمجارە هیچ شوێنێکی ئەمن بوونی نابێت.
بێنی گانتز، وەزیری پێشووی بەرگری ئیسرائیلیش جەختی لەوە کردەوە کە باشترین ڕێگە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ڕێژیمی ئێران چەکی ئەتۆمی نییە، ئەوەیە کە تاران خۆی دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی بێت، بەڵام پێناچێت لە ئێستادا ئەوە ڕووبدات و "بۆیە ڕەنگە ناچار بین جارێکی دیکە لەوێ لێبدەین".
لەلایەکی دیکەشەوە ڕۆژی دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پۆستێکیدا، جارێکی دیکە بەرگری لە بۆردومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کرد و هۆشداریدا لەوەی ئەگەر پێویست بکات جارێکی دیکە ئەو کارە دەکات.
سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بەتەواوەتی لەناوبردووە.
هەروەها تامی بروس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ئاماژەدان بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران وتی: تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێراندایە. ئەوان هێشتا دەرفەتی ئەوەیان هەیە کە بە هەڵبژاردنی "ڕێگای ئاشتی و خۆشگوزەرانی" خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران بکەن.
وڵاتانی ئەوروپاش هەڕەشە لە ئێران دەکەن
هەڕەشەی هێرشێکی دیکە بۆ سەر پێگەکانی ئێران لە کاتێکدایە کە ئەگەری کاراکردنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن زلهێزانی ئەوروپاوە بۆ سەر حکومەتی ئێران لە ئارادایە. کە ئەگەر ئەم سزایانە کارا بکرێن، گورزێکی زۆر توندتر لەمەی ئێستا بەر ئابووری ئێران دەکەوێت.
سێ وڵاتی ئەوروپی هۆشدارییان بە ئێران داوە کە دەستبەجێ وتووێژە دیپلۆماسییەکان دەست پێ بکاتەوە و هەنگاوی کۆنکرێتی بۆ چارەسەری پرسی ناوەکی بنێت، بە پێچەوانەوە کاراکردنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان چالاک دەکرێت.
ئێران پێداگرە لەسەر هەڵوێستی خۆی
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە ئێران تەنانەت بە هەڕەشەی جیددی جیهانی و سزای توندیش دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ڕۆژی دووشەممە عێراقچی وتی: بەرنامەی پیتاندنمان زۆر ئازیزە بۆ ئێمە و ناتوانین دەستبەرداری بین چونکە دەستکەوتی زاناکانمانە و ئێستا بابەتی شانازی نیشتمانییە.
لەلایەکی دیکەوە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە سەبارەت بە وتووێژە ئەتۆمییەکان وتی: هەر دانوستانێکی داهاتوو دەبێت لەسەر بنەمای لۆژیکی "بردنەوە-بردنەوە" بێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، پیتاندنی یۆرانیۆم لە داهاتوودا "لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان" لەسەر خاکی ئێران بەردەوام دەبێت.
وتی: ئێمە ئامادەین بۆ هەر چالاکیەکی سەربازی ئیسرائیل، هێزەکانمان ئامادەن جارێکی دیکە قووڵایی ئیسرائیل بکەنە ئامانج.
پزیشکیان وتیشی: ئیسرائیل ویستی حکومەتی ئێران بگۆڕێت، دابەشی بکات و نەیهێڵێت، بە دروستکردنی پشێوی و لێدانی لە سیستەم، بەڵام شکستی هێنا، ئیسرائیل گورزی قورسی لێداین، هەروەها ئێمەش قووڵایی ئیسرائیلمان بە بەهێزی کردە ئامانج، بەڵام ئیسرائیل زیانەکانی دەشارێتەوە.
هێرشە وێرانکەرەکانی ئیسرائیل زیانێکی زۆر زیاتری لە شەڕی هەشت ساڵەی دژی عێراق گەیاندووە بە ئێران، شەڕێک کە تا ئێستاش سێبەرێکی دوور و درێژی بەسەر کۆمەڵگەی ئێراندا دادەنێت.
هێرشەکانی ئیسرائیل، ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە ئەمنییەکانی ئێران و زانایانی ئەتۆمی کوژراون. بوونی ئەمریکا لەو ململانێیەدا، فشارەکانی توندتر کردووەتەوە.
سەنەم وەکیل، بەڕێوەبەری پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە چاتام هاوس دەڵێت: "هەنگاوەکانی داهاتووی خامنەیی زۆر گرنگ دەبن، نەک تەنها بۆ مانەوەی بەڵکو بۆ پێگەی مێژوویی".
ئەو دەڵێت: "ڕەنگە جامە ژەهراوییەکەی ئەو لە جامە خومەینی لە ساڵی ١٩٨٨دا ژەهراویتر بێت".