هەرێم نیوز
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ ژمارەیەک بڕیاری لێخۆشبوونی هاووڵاتییانی لە بڕێک پارە دەر کردووە و بڕیارەکان لە تازەترین ژمارەی ڕۆژنامەی "وەقایعی کوردستان " بڵاوکرانەوەتەوە.
ئەمرۆ سێشەممە، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: " لە چوارچێوەی جیبەجێکردنی سیاسەتی حکومەتی هەرێـمی کوردستان، بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و ئاسانکردنی باری گوزەران و ژیانی هاووڵاتییان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ ژمارەیەک بڕیاری لێخۆشبوونی هاووڵاتییانی لە بڕێک پارە دەر کردووە و بڕیارەکان لە تازەترین ژمارەی ڕۆژنامەی " وەقایعی کوردستان " بڵاوکرانەوەتەوە.
بە پێی ڕاگەیاندراوەکە یەکێک لە بڕیارەکان بڕیاری ژمارە (٢٨١)ی ساڵی ٢٠٢٥ی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانە؛ کە تایبەتە بە لێخۆشبوونی بڕی پارەی ماوەی پێشینەی هاوسەرگیریی کوڕ و کچی شەهیدان.
هەروەها بڕیاری ژمارە (٢٨٢)ی ساڵی ٢٠٢٥ی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە تایبەتە بە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن، بە لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچیی هاتوچۆ.
هەروەها ڕێنمایی ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢٥ی وەزارەتی دارایی و ئابووریی تایبەت بە ئاسانکاریی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی هەموارکراو لەهەرێمی کوردستان.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری جەختی کردووەتەوە "ئەو بڕیارانە بوونەتە هۆکاری ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان سوودی لێ وەربگرن و بڕە پارەیەکیان بۆ دەگەڕێتەوە کە دەبوو بیدەن".
لەپاڵ ئەوانەدا، لە ژمارە (٣٣٥)ی ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان، ژمارەیەک بڕیار و ڕێنمایی و بەیان بڵاوکراونەتەوە؛ وەقایعی کوردستان، ڕۆژنامەی فەرمیی هەرێمی کوردستانە و وەزارەتی داد دەری دەکات.
ژمارەی 335ی ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان لێرە بخوێنەوە