هەرێم نیوز
دوای ئەوەی نرخەكەی گەیشتە سێ هەزارو نیوو لە دوو هەفتەی پێشودا، ئەمڕۆ دابەزینی بەخۆیەوە بینی،، ئێستا یەک کیلۆ مریشکی زیندوو بە دوو هەزار و 800 دینارە.
هۆكاری دابەزینەكە بەگوێرەی قسەی سەرۆكی كۆمەڵەی پەلەوەرخانەكان بەهۆی ڕێگەگرتن لە هەناردەکردنی مریشک بۆ شارەکانی سنووری حکوومەتی عێراق،
نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان رایگەیاند: بەرهەمی گۆشتی مریشک بە ڕێژەی %58 لە ئاستی خۆبژێوی و پێویستی ناوخۆ زیاترە بەڵام ماوەی ساڵێکە حکوومەتی عێراق ڕێگری لە ناردنی مریشک دەکات بۆ پارێزگاکانی سنووری حکوومەتی فیدراڵ.
وتیشی: تەنیا لە ماوەی ئەم دوو مانگەی ڕابردوودا بەهۆی زۆری مریشک و کەمی خواستی هاووڵاتییان لەسەر گۆشتی مریشک، خاوەنی پەلەوەرخانەکان نزیکەی 60 ملیار دینار زەرەریان کردووە.
سەرۆکی کۆمەڵەی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی و گەرمیان، رونیشیكردەوە كە ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن پەلەوەر بەرهەم دەهێنرێت، لەکاتێکدا پێداویستیی ساڵانەی گۆشتی مریشک لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان 146 هەزار تۆنە، بەڵام کێڵگە پەلەوەرییەکان نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشت بەرهەم دەهێنن کە لە پێداویستی ناوخۆ زیاترە.