هەرێم نیوز
لەبارەی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سوریا لە ناوچەی سوەیدا، ئاژانسی فارس نیوز سەر بە سوپای پاسداران دەڵێت، ئامانجی ئیسرائیل لەم ڕووداوانە لە کۆتاییدا دابەش کردنی سوریا و عێراقە و دەیەوێت دەوڵەتی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان دابمەزرێنێت. ئەم ڕاپۆرتە دیدگای حکومەتی ئێران بۆ هەنگاوەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا دەردەخات.
ئاژانسەکە دەڵێت، پلانی "کۆریدۆری داود" دوایین سیناریۆی جیۆپۆلەتیکییە کە ئیسرائیل بە پشتیوانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای ئاسیا پەیڕەوی لێدەکات. ئەم پڕۆژەیە تەنیا ڕێگایەکی جوگرافی نییە؛ پلانێکی گەورەیە بۆ گۆڕینی سنوورەکان و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی ئاو و نەوت و دابەشکردنی سوریا و عێراق.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم پلانە بە بەشێک لە پلانێکی فراوانتر دادەنرێت بۆ دووبارە کێشانەوەی سنوورەکانی ناوچەکە و کاریگەری لەسەر وزە و سەرچاوە ئاوییەکان و لاوازکردنی میحوەری مقاوەمە.
ڕایگەیاندووە :" ڕێڕەوی داود پڕۆژەیەکە لای تەلئەبیب بۆ بەستنەوەی خاڵە سەرەکییەکان کە هاوتەریبن لەگەڵ ئیسرائیل و لە بەرامبەردا، ڕێگە بە ئیسرائیل دەدات نەک تەنها یەک، بەڵکو بە دوو دوژمنی سەرەکی خۆی بگات: ئێران و تورکیا.
"دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، ئیسرائیل دوو خاڵەکەی دیکەی (قونەیترە و سوەیدا)ی گرتووە. کۆریدۆرەکە بە قونەیترەدا تێدەپەڕێت و بە سویدەدا تێدەپەڕێت و دەچێتە ناوچەی دێرەزۆرەوە. لە حەسەکەوە دەتوانێت بچێتە سنووری تورکیا، یان لە ڕێگەی عێراقی ژێر دەسەڵاتی کوردەوە، هەروەها لە ڕێگەی هەولێر-سلێمانیەوە دەچێتە سنووری ئێرانەوە".
لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە، بەپێی ڕاپۆرت و شیکارییە بڵاوکراوەکان، "رێڕەوی داود" ڕێگایەکە کە لە باشووری سوریاوە دەستپێدەکات، بە پارێزگاکانی سویدە و قونەیترەدا تێدەپەڕێت و، بەناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکانی سەر بە ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریادا تێدەپەڕێت، دەگاتە هەرێمی کوردستانی عێراق و سنوورەکانی ئێران و تورکیا.
دەشڵێت:" ئەم کۆریدۆرە نەک هەر ڕێگە بە ئیسرائیل دەدات ڕاستەوخۆ بگاتە ڕووباری فورات و سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی ئاو و نەوتی ناوچەکە، بەڵکو پەیوەندییەکی ستراتیجی لەگەڵ گروپە "جوداخوازەکانی" کورد و دروزەکان دابین دەکات. شرۆڤەکاران پێیان وایە جێبەجێکردنی ئەم پلانە تەنیا لایەنێکی جیۆستراتیژی نییە، بەڵکو پەیامێکی ئایدیۆلۆژیشی هەیە. هەندێک سەرچاوەی عیبری زمان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەم ڕێگایە لە ڕوانگەی تەلمودییەوە بە جێبەجێکردنی بەڵێنێکی مێژوویی دادەنرێت: گەیشتن لە سنوورەکانی فەلەستینی داگیرکراوەوە بۆ ڕووباری فورات".
باسی لەوەش کردووە:" لە لایەکی تریشەوە ئەمریکا بە پاراستنی هێزەکانی لە ناوچەی تەنف و پاڵپشتی تەواوەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە باکوور، ڕۆڵێکی تەواوکەری ئەم مەتەڵە جیۆپۆلەتیکییە دەگێڕێت. ئەم ئامادەبوونە سەربازییە لە سێگۆشەی سنووری عێراق-سوریا-ئوردن، لەڕاستیدا، پەیوەندییەکی گرنگە کە لەم کۆریدۆرەدا بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
ڕۆژنامەنووسانی عەرەب لە نێویاندا محەمەد خەروب لە ڕۆژنامەی ئەلرای ئوردنی، لەم دواییانەدا ئاشکرای کرد کە ئامانج لەم پلانە دابەشکردنی سوریایە بۆ سێ بەش، دەوڵەتێکی دروز لە باشوور، دەوڵەتێکی کوردی لە باکوور و حکومەتێکی ناوەندی لاواز کە لە دیمەشق ماوەتەوە.
بە وتەی ناوبراو، واشنتۆن و تەلئەبیب بڕیاریان داوە لە ڕێگەی ئەم گۆڕانکاریانە ڕێگایەکی سیاسی و ئابووری نوێ بۆ هەژموونی ناوچەکە دابڕێژن."
لە کۆتاییشدا لەبارەی تورکیاوە دەڵێت:" هەروەها تورکیا بە نیگەرانییەوە پەیڕەوی لە جموجۆڵەکانی ئیسرائیل دەکات لە نزیک سنوورەکانی، بەو پێیەی ئەم سیناریۆیە بە کردەوە ڕێڕەوی نفوزی ئەنقەرە لە باکوری سوریا دەخاتە مەترسییەوە و پشتیوانی تەلئەبیب بۆ کورد بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی تورکیا دادەنرێت."