دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

ئێن بی سی نیوز: لە سێ پێگەی ئەتۆمی کە بە هێرشی ئەمریکا لە ئێران کرابوونە ئامانج، تەنیا یەکێکیان لەناوچووە

هەرێم نیوز

ئێن بی سی نیوز لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت تەنیا بنکەی فۆردۆ بەتەواوەتی لەناوچووە و هەروەها باس لە ئەگەری دووبارە هێرشکردنەوەی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەکات.

کەناڵی ئێن بی سی نیوز بڵاویکردەوە، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنێکی نوێی ئەمریکا، تەنیا بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، کە یەکێکە لەو سێ شوێنە ئەتۆمییەی ئێران، لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکادا کراوەتە ئامانج، بە شێوەیەکی تەواوەتی لەناوچووە.

کەناڵی ئێن بی سی نیوز ڕۆژی پێنجشەممە بە پشت بەستن بە پێنج بەرپرسی ئێستا و پێشووی ئەمریکا ڕایگەیاند، دوو شوێنی دیکەی ئەتۆمی ئێران کەمتر زیانیان بەرکەوتووە و ڕادەی لەناوچوونیان بەسە بۆ ئەوەی تاران لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا بەرنامەی پیتاندنی خۆی لەو دوو دامەزراوەیە دەست پێ بکاتەوە ئەگەر بیەوێت.

ئەم هەڵسەنگاندنە بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا، کە بە ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو ناسراوە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا داتاکانی خراوەتە بەردەستی ژمارەیەک لە یاسادانەرانی ئەمریکا، بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری و هاوپەیمانانی واشنتۆن.

پێش هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پێنج خولی دانوستانی ئەتۆمی لە نێوان تاران و واشنتۆن بەڕێوەچوو، بەڵام دانوستانەکان بەهۆی پێداگری ئێران لەسەر بەردەوامبوونی پیتاندن لەسەر خاکی ئێران گەیشتە بنبەست.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، قسە و باسەکان سەبارەت بە چارەنووسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، بە تایبەت یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران، دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوەکانی نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهان زیادی کردووە.

دژایەتی ترامپ بۆ ئۆپراسیۆنی چەند هەفتەیی دژ بە پرۆگرامی ئەتۆمی تاران

کەناڵی ئێن بی سی نیوز درێژەی بە ڕاپۆرتەکەی دا دەڵێت: فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) پێشتر پلانێکی تۆکمەی بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ئامادە کردبوو، کە بریتی بوو لە بە ئامانجگرتنی سێ شوێنی دیکە و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ترەمپ ئەو پلانەی ڕەتکردۆتەوە، چونکە پێچەوانەی ڕێبازی سیاسەتی دەرەوەی خۆی بووە، کە خۆی دووردەخاتەوە لە ململانێی نوێ و هەوڵدەدات ئەمریکا لە ململانێی دەرەکی دوور بخاتەوە.

هەروەها نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئەگەری قوربانیی قورس بۆ هەردوولا وەک هۆکارێکی دیکە بۆ ڕەتکردنەوەی ئەم بژاردە سەربازییە هێنراوەتەوە.

بەرپرسێکی ئەمریکی لەو بارەیەوە وتی: ئێمە ئامادەبووین تا کۆتایی هەموو بژاردەکان بڕۆین، بەڵام سەرۆک ئامادە نەبوو ئەو کارە بکات.

هەرچەندە ترەمپ چەندین جار باسی لە “لەناوچوونی تەواو”ی بەرنامەی ئەتۆمی تاران لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا کردووە، بەڵام تا ئێستا بەهۆی کشانەوەی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی لە ئێران و بڕیاری ئێران بۆ ڕاگرتنی هاوکاری لەگەڵ ئەو ئاژانسە، تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێکی پشتڕاستکراوی بڵاو نەکراوەتەوە.

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردەوە کە پەیوەندییە دزەپێکراوەکانی بەرپرسانی ئێران دەریخستووە کە هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران "کاریگەری کەمتربووە لەوەی چاوەڕوان دەکرا".

پێدەچێت ئەمریکا و ئیسرائیل جارێکی دیکە هێرش بکەنەوە

ئێن بی سی نیوز دەڵێت، بەشێک لە بەرپرسانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بیر لە بژاردەی دەستپێکردنی هێرشی سەربازیی نوێ دەکەنەوە، ئەگەر ئێران ڕەتی بکاتەوە دانوستانە ئەتۆمییەکان دەستپێبکاتەوە، یان ئەگەر تاران هەنگاو بنێت بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو دوو پێگەی ئەتۆمییەی کە کەمتر زیانیان پێگەیشتووە.

بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن پڕۆسەی هەڵسەنگاندنی دۆخی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕێژیمی ئێران دوای هێرشەکانی ئەم دواییە چەند مانگ دەخایەنێت. بەڵام دوایین داتاکان دەریدەخەن کە زیانەکانی ئەم دامەزراوانە زیاتر بووە لەوەی کە لە سەرەتادا خەمڵێندراوە.

لە بەیاننامەیەکدا لە وەڵامی کەناڵی ئێن بی سی نیوز، ئانا کێلی، جێگری سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی سپی ڕایگەیاند: "وەک سەرۆک کۆمار ڕایگەیاندووە و شارەزایان پشتڕاستیان کردووەتەوە، ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو توانا ئەتۆمییەکانی ئێرانی بە تەواوی لەناوبردووە. بەهۆی ئەو کارە یەکلاکەرەوەیەی ئەو، ئێستا ئەمریکا و جیهان سەلامەتترن".

هەروەها شۆن پارنێل، وتەبێژی باڵای پنتاگۆن، لە لێدوانێکی تونددا بۆ میدیاکان وتی: “متمانەی میدیای درۆزن شتێکە هاوشێوەی دۆخی ئێستای دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران: لەناوچوون، لەژێرخاکن و پێویستی بە ساڵانێکە دووبارە نۆژەنکردنەوە”.

پارنێل وتی: سەرۆک ترامپ بە ڕوونی قسەی کرد و گەلی ئەمریکا دەزانێت کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە فۆردۆ و ئیسفەهان و نەتەنز بە تەواوی لەناوچوون، هیچ گومان لەوەدا نییە.

ترەمپ چەندین جار پشتیوانی لە بەردەوامیی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران کردووە، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکان باس لەوە دەکەن کە کۆتاییهێنان بە پیتاندن لەسەر خاکی ئێران یەکێک دەبێت لە گرنگترین داواکارییەکانی واشنتۆن لە هەر دانوستانێک لەگەڵ تاران.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP