دواین هەواڵ

کوردستان‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەلمۆنیتۆر: نێچیرڤان بارزانی نێوەندگیری ئەنقەرە و هەسەدە دەکات

هەرێم نیوز 

ڕاپۆرتە ڕۆژئاواییەکان ڕۆڵی چارەنووسازیان ئاشکرا کردووە، کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەیگێڕێت لە دۆزینەوەی “چارەسەری مامناوەند” سەبارەت بە دۆخی کوردانی سووریا، لە ڕێگەی دانوستانی گەورە لە نێوان حکومەتی کاتی ئەحمەد شەرع و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).

ماڵپەڕی (ئەلمۆنیتەر)ی ئەمریکی باسی لە ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی كوردستان کردووە لە نێوەندگیری لە نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و مەزلوم عەبدی “کۆبانی” فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموكرات (هەسەدە).

بەگوێرەی ڕاپۆرتە ئەمریکییەکە، ئەو دیدارەی لە 19ی تەمموز لە عەممان لە نێوان تۆم باراک و مەزلوم عەبدی، نوێنەری ئەمریکا و بەڕێوەچوو، زۆر باشتر بوو لە یەکەم دیداریان کە 10 ڕۆژ پێشتر لە دیمەشق ئەنجامدرا. چونكە پێگەی کورد لەدوای ئەو توندوتیژییە تائیفییەی پارێزگای سوەیدای گرتەوە، بەهێزتر بووە.

هەروەها ڕاپۆرتەکە لە زاری سەرچاوەیەکەوە نووسیویەتی، “باراک بەخشندەتر بووە، سەهۆڵەکەش لە نێوانیاندا تواوەتەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، نێچیرڤان بارزانی، “ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت لە پاڵپشتیکردنی کوردانی سووریا، بەتایبەتی لەڕێگەی پەیوەندییەکەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵدا دەپارێزێت”.

ڕوونیشیکردەوە، نێچیرڤان بارزانی بەشداری لە نەرمکردنی هەڵوێستی ئەنقەرە بەرامبەر بە (هەسەدە) کردووە، بەو پێیەی تورکیا لە مانگی یەک-ی ڕابردووەوە هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی (هەسەدە) ڕاگرتووە، بەو پێیەی هەوڵدەدات ئاشتی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەدیبهێنێت.

بەگوێرەی ئەو ماڵپەڕە ئەمریکییە، نێچیرڤان بارزانی هەوڵدەدات بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا قەناعەت پێبکات، کە دیدگای ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا بۆ دەوڵەتێکی ناوەندگەرایی “مەركەزی”، لە وڵاتێکی هەمەچەشنی نەتەوەیی و تائیفی وەک سووریا، ناڕاستەقینەیە.

بەپێی ڕاپۆرتەكە، سەرۆکی هەرێمی كوردستان هەوڵدەدات فۆرمولەی “نە فیدراڵیزم و نە مەرکەزییەت” وەک چارەسەری سازش بەرەوپێش ببات.

ئاماژە بەوەشدراوە: “کۆبوونەوەیەکی دواتر لە دوای کۆبوونەوەی باراک-عەبدی، کە پێدەچێت لە پاریس بەڕێوەبچێت، بە بەشداری ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ئامانجی کۆبوونەوەکە ڕادەگەیەنێت، كە پێشکەوتنی بەرجەستە لە تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە و دامەزراوە مەدەنییە کوردییەکان بۆ ناو حکومەتی ناوەندی، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی سەرکردایەتی ئەمریکا بۆ پشتیوانیکردنی ئەحمەد شەرع لە کۆنترۆڵکردنی تەواوی وڵاتەکەیدا”.

لە زاری سەرچاوەکانەوە ئەوەش هاتووە: “کورد ئێستا لە پێگەیەکی دانوستانکاری بەهێزتردایە بەهۆی ڕووداوەکانی سویدا، هەروەک چۆن لە مانگی ئازاردا بوو، کە شەرع ڕووبەڕووی یەکەم قەیرانی گەورەی بووەوە لە دوای دەستبەکاربوونی لە دەسەڵات. زیاتر لە هەزار کەس کە زۆربەیان هاووڵاتی مەدەنی عەلەوی بوون، کاتێک چەکدارە سوننەکان هێرشیان کردە سەر ناوچە کەناراوەکانی سووریا، کوژراون”.

ئەوەش ئاشكراكراوە، شەرع لە 10ی ئازاردا دوای چەند مانگێک لە دوورکەوتنەوە لە مەزڵوم عەبدی بە خێرایی لەگەڵ عەبدی کۆبووەتەوە، هەروەها بەڵگەنامەیەکی کارکردنی لەگەڵدا واژۆکردووە بۆ یەکخستنی ئیدارەی خۆسەری کورد و هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ دیمەشق. بەڵام لەو کاتەوە پێشکەوتنێکی کەم بەدیهاتووە.

لەلایەکی دیکەوە ماڵپەڕی (میدل ئیست ئای)ی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئەمریکا و تورکیا وادەی 30 ڕۆژیان داوەتە هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی یەکگرتن لەگەڵ حکومەتی سووریا و وەستاندنی دەستی بەدەستی كردن لەم ماوەیەدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، هێزەکانی (هەسەدە) و گرووپە کوردییەکانی دیکە داوای ئیدارەی خۆسەر دەکەن و ڕەتیانکردۆتەوە لەژێر چەتری وەزارەتی بەرگری سووریا یەکبگرن، پێداگرییان لەسەر پاراستنی فەرماندەیی سەربازی و پێکهاتەی ڕێکخراوەیی جیاواز لەناو سوپای سووریادا هەیە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی دیمەشق هۆگری ئەوە نییە یەکەکانی ژنانی هێزەکانی سووریای دیموکرات کە بە یەکینەکانی پاراستنی ژنان ناسراون (یەپەژە) کە وەک لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وەسف دەکرێن، بخرێنە ناو ڕیزەكانی سووپاوە.

لای خۆیەوە تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی لە سووریا، لە چەند چاوپێکەوتنێکدا بە ڕوونی ئەوەی خستۆتە ڕوو کە “واشنتۆن دژایەتی ئەو جۆرە داواکاریانە دەکات و پشتیوانی لە سووریایەکی یەکگرتوو دەکات، کە یەک نەتەوە و یەک سووپا و یەک دەوڵەت بێت”.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە دانوستانەکان کراوە، کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە نێوان هێزەکانی هەسەدە و بەرپرسانی حکومەتی سووریا و هەروەها نوێنەرانی ئەمریکا و فەرەنسا ئەنجامدراون، کە هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاوی لێ نەکەوتەوە.

لە هەمان كاتدا، تۆم باراک دوای کۆبوونەوەکە وتی، “ئێمە کۆتان دەکەینەوە، ناوبژیوانی دەکەین، نێوەندگیری دەکەین، یارمەتیدەر دەبین، بەڵام لێرە نامێنینەوە”. لە درێژەی قسەکانیدا وتی، “ئەگەر ڕازی نەبوون، ڕازی مەبن، بەڵام ئێمە وەک ئینکوباتۆر و ناوبژیوان بۆ هەمیشە لێرە نامێنینەوە”.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق، کە بووە هۆی پێکدادان لە سویدا لەنێوان بەدەوییەکان و دروزییەکان، بووەتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان لە ئەنقەرە، کە سەرچاوەکانی حکومەتی تورکیا ترسیان لەوە هەیە دەستێوەردانی ئیسرائیل هانی هێزەکانی هەسەدە بدات بۆ ئەوەی پابەند بێت بە داواکارییەکانی بۆ (ئۆتۆنۆمی)، بەتایبەتی کە پێدەچێت دیمەشق نەتوانێت ململانێکان چارەسەر بکات و لە هەمان کاتدا لایەنگری تۆمەتبارکردنە لە ئەنجامدانی تاوان دژی کەمینەی دروز.

سەرۆک کۆماری تورکیا پێش چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو، کە “هەڵوێستی پتەوی شەرع لەسەر سویدا دەبێت وەک پەیامێکی ڕوون و ئاشكرا بێت بۆ هێزەکانی (هەسەدە) کە هیچ ئیمتیازێک لە دانوستانەکانی داماڵینی چەک لە نێوان کوتلە و هێزە کوردییەکاندا نابێت”.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە میانی کۆبوونەوەکەی هەفتەی ڕابردوودا، بەرپرسانی تورکیا داوایان لە یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد (یەپەگە) کرد، زانیاری لەسەر تۆڕەکانی تونێل بەدرێژایی سنووری تورکیا و کۆگاکانی چەک لە ناوچە مەدەنییەکان بدەن.

(ئەلمۆنیتۆر) ئاماژەی بەوەدا، کە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کە بەشداریی لە کۆبوونەوەی ٩ی تەمموزدا کردبوو، کۆتایی مانگی تەمموزی وەک دوا وادە دیاری كردووە بۆ کشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە دێرەزۆر، کە هاوسنوورە لەگەڵ عێراق.

ڕوونی کردۆتەوە، کە مەزڵوم عەبدی ئەم داوایەی ڕەتکردۆتەوە، کۆبوونەوەکەش بەشێوەیەکی کارەساتبار کۆتایی هات، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە “باراک لە کۆبوونەوەکە کشاوەتەوە”.

هەروەها ڕاپۆرتەکە لە زاری سەرچاوەیەکەوە نووسیویەتی، “قەیرانی سویدا ماوەیەکی بە مەزڵوم عەبدی بەخشیوە” و دەشڵێت: “کەس ناتوانێت گرەو لەسەر مانەوەی شەرع و ڕژێمەکەی لە ماوەی مامناوەنددا بکات، یان لەسەر هەر پێشهاتێکی گەورە، بۆیە مەزڵوم کۆبانێ نایەوێت گەلەکەی بێ پاراستن بمێنێتەوە دوای ئەوەی چەکەکانیان ڕادەستی دیمەشق دەکەن”.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP