دواین هەواڵ

عێراق‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سودانی: گرنگە مووچەی هەرێم بە بەردەوامی دابەش بکرێت

هەرێم نیوز

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەمیانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، جەختی لە گرنگی لێپرسینەوە لەو کەسانە کرد کە دەستیان هەبوە لە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر كێڵگە نەوتیەكانی هەرێمی كوردستان، هەروەها گفتوگۆیان لە بارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەناردەكردنەوەی نەوت كردوە.

بەپێی راگەیاندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ماركۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، گفتوگۆی كردووە لەبارەی هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر ژێرخانی وزە (كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان)، بەوانەشەوە کە لە لایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە بەڕێوە دەبرێن و جەختی لە گرنگیی ئەوە كردووەتەوە کە حکوومەتی فیدڕاڵی لێپرسینەوە لە ئەنجامدەران بکات و ڕێگریش لە هێرشی دیکە بکات.

رۆبیۆ بە سوودانی گوتووە، ”گرنگە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، هەروەها هەناردەکردنی نەوت کرد لە ڕێگەی بۆڕیی نەوتی عێراق-تورکیا دەست پێ بكاتەوە.“

لە بەشێكی دیكەی گفتوگۆكانیاندا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانییەکانی وڵاتەكەی سەبارەت بە یاسای دەستەی حەشدی شەعبی دووپات كردووەتەوە. جەختیشی لەوە کردەوە کە هەر یاسایەکی لەو شێوەیە، دەبێتە هۆی بەدامەزراوەییکردنی هەژموونی ئێران و ئەو گرووپە چەکدارییانەی كە سەروەریی عێراق لاواز دەکەن كە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە گرووپی تیرۆریستی ناوی بردوون.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، ڕۆبیۆ جەختی لە گرنگی لێپرسینەوە لەو کەسانە کرد کە دەستیان هەبوە لە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر ژێرخانی وزەی عێراق و پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێنەکان بۆ ڕێگریکردن لە دوبارەبونەوەی هێرشەكان لە داهاتودا.

ئەم پەیوەندییە لە دوای زنجیرەیەک هێرشی نەناسراو دێت کە لە چەند هەفتەی ڕابردودا ژمارەیەك كێڵگەی نەوتیان لە هەرێمی كوردستان کردە ئامانج، ئەوەش نیگەرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی سەبارەت بە سەرهەڵدانەوەی گرژییە ئەمنییەکان بەرزکردەوە کە ڕەنگە کاریگەری لەسەر ئابوری عێراق و هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی عێراق هەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP