هەرێم نیوز
محەممەدی حاجی مەحموود لەبارەی ئەو بڕیارەی بۆ قەدەغەکردنی زمانی کوردی درابوو رایگەیاند، کاربەدەستانی بەغدا، هێڵی سووریان تێپەڕاندوە، وەک گەلی کورد مافی خۆمانە بەرگری لە خاک و خەڵک و نیشتمانی خۆمان بکەین..
محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووسیویەتی، با خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکان دڵنیابن، بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بەهەڵە نەبووە، بەڵکو بۆچوون و ناخی کاربەدەستانی بەغدا و عەرەبە شۆڤێنییەکانە بەرامبەر نەتەوەی کورد کە لە شارەکانی هەرێم، خانوو و شوقە و موڵکی خەڵکی کوردستانیان پێدەفرۆشن، بۆیە چاوەڕوانی دەیان شەڕ و بیانوو و پیلانگێڕی تریان بن.
دەشڵێت، کاربەدەستانی بەغدا، هێڵی سووریان تێپەڕاندوە، وەک گەلی کورد مافی خۆمانە بەرگری لە خاک و خەڵک و نیشتمانی خۆمان بکەین.
ئەمەش لەکاتێکدایە، وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی عێراق، بە نووسراوێکی فەرمی کە ڕۆژی چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، دەرچووە؛ زانکۆکانی کەرکووک، مووسڵ و دیالەی ئاگادار کردووەتەوە، ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندووەتەوە کە ڕێگەی بە قوتابییانی کورد دەدات، بە زمانی کوردی وەڵامی پرسیاری تاقیکردنەوەکان بدەنەوە و دواتر وەرگێڕانیان بۆ بکرێت.
بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق تایبەت بە قوتابییانی کورد لەو سێ زانکۆیە، ساڵی 2010 دەرچوو بوو، بەڵام وەزارەتەکە لە نووسراوەکەی ئەمجارەیەدا، دووپاتی کردووەتەوە، چیدیکە کار بەو بڕیارە ناکرێت و هەر زانکۆیەکیش پابەند نەبێت، سزا دەدرێت و ڕێکاری یاسایی لەگەڵی دەگیرێتەبەر.