هەرێم نیوز
ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، "لیژنەیەکی ھەڵسەنگاندن لە بەغدا پێکھاتووە، بۆ ئەوەی بزانێت زیانەکانی بەر کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان گەیشتوون چەندە و کەی دەتوانن ھەناردەکردنەوە دەستپێبکەنەوە، دەشڵێت، دواکەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نابێتە ڕێگر لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەران.
د.سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، بە میدیای فەرمی پارتی راگەیاندووە، "لیژنەیەک بۆ ھەڵسەنگاندنی زیانەکان پێکهاتووە، وەکو ئەرکی سەرەتایی کاری خۆیان کردبوو، بەڵام پێویستیان بە دەرخستەیەک ھەیە بۆ ئەوەی بزانن ھەر کێڵگەیەک چەند زیانی بەرکەوتووە و کەی دەتوانن دەست بەکار بکەنەوە، خشتەیەکیان داناوە کامە کێڵگە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و کامە کۆمپانیا زیانی بەرکەوتووە و چەند ماوەی پێویستە تا بەرھەم ئاسایی بکەنەوە، بۆیە وەکو سەرەتا زانیاریان دابوو بە وەزیری نەوت، ئەویش ڕاپۆرتی خۆی داوە، توانای بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێم ئێستا ٨١ھەزار بەرمیل نەوتە، ئەوەی دیکە وەستاوە تاوەکو چاکدەکرێتەوە، زۆرترین زیانیش بەر (دی ئێن ئۆ) کەوتووە، بۆیە ھەر کێڵگەیەک ماوەیەکی دیاریکراوی دەوێت تا کێشەکانی چارەسەر دەکات، بۆیە وەزارەتی نەوتی عێراق باسی لەوە کردووە، پێویستە دەستپێکردنەوەی نەوتی ھەرێم، لە ١٠٠ھەزار بەرمیل کەمتر نەبیت بۆ ھەناردەکردنەوەی بۆ دەرەوەی وڵات، تربایینەکان ناتوانن لەوە کەمتر کار پێبکەن، چونکە تێچووی زیاترە لە قازانج، بۆیە لیژنەکە ھەڵسەنگاندنی خۆی کردووە و ھاتنەوەشیان بۆ ھەرێمی کوردستان بەردەوامیدانە بە کاری خۆیان."
ئاماژەی بەوەش کردووە، "بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کراوە، پێویستە ھەرێمی کوردستان ٢٣٠ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەی دەرەوە بکات، وەزارەتی نەوتی عێراق ئێستا خۆی بەرپرسە، بۆیە پەلەیانە کاری چاککردنەوە تەواوبێت و دەست بە ھەناردەی نەوت بکەنەوە، چونکە لە ھەرێمی کوردستان ٤ کێڵگەی سەرەکی زیانیان بەرکەوتووە، زیانەکەیشیان ١٨٠ھەزار بەرمیل نەوت بووە.
وتیشی، خاڵێک ھەبوو، گوایە پێویستە نەوت ھەناردە بکرێت ئەوکات مووچە ڕەوانە بکرێت، بەڵام گفتوگۆی لەسەر کراوە و خۆیشیان بۆیان ڕوونبووەتەوە زیان بەر نەوتی ھەرێمی کوردستان کەوتووە، چوارچێوەی ھەماھەنگیش لەوە گەیشتوون، لیژنەی ئەوانیش شتەکانی ڕوونکردۆتەوە، وەزارەتی نەوتیش زانیاری ھەیە، بۆیە دواکەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان نابێتە ڕێگر لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەران."