هەرێم نیوز
وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەو شاندە ئەمنەیی عێراق كە ئەمڕۆ سەردانی هەولێریان كرد، لەگەڵ لیژنەیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان، لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو هێرشە درۆنیانە دەكەن كە كراوەتە سەر هەرێم و كێڵگە نەوتیەكان.
ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەو شاندەی ئەمڕۆ هاتنە هەرێمی کوردستان، شاندێکە لە زۆربەی دامەزراوە ئەمنیی و سەربازی عێراقی پێکهاتبون، لەگەڵ لیژنەیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان، لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو هێرشە درۆنیانەی دەكەن كە ئاراستەی هەرێمی کوردستان و کێڵگە نەوتییەکان دەكران.
ئاماژەی بەوەشدا، هیوامان وایە هاتنی ئەم لیژنە هاوبەشە، ئەمجارە ببێتە کۆتا لیژنە بۆ ئەوەی ئەم لیژنە ڕاستییەکان بۆ هەردوولا کە ئاشکراکەن، ئەوانەی لە پشت ئەم هێرشانەن، دەستنیشان بکرێن و ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵی بکرێن و تاکوو ڕێکاری ئەمنیی و یاساییان لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر و هەرێمی کوردستان بە چاوی دوژمن سەیری نەکرێت.
وتیشی: "دەبێت ئەو گرووپانە سنووریان بۆ دابنرێت و دوور بکەونەوە لە هەڕەشە کردن و تێکدانی ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان، ئومێدەوارین بە هەبوونی قاسم ئەعرەجی، ئەم لیژنەیە دەرئەنجامەکانی باشبن، هەموو هاوکارییەکیش لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو لیژنەیە دەکرێت، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت، مەسرور بارزانی، کە ڕێنمایی بە دامەزراوەکان داوە هەرچی پێویست بێت بۆ ئاسانکاری ئەم لیژنەیە ئەو بەڵگە و زانیارییانەی هەیە بدرێت بەو لیژنەیە، تاکوو سنوورێک بۆ ئەو هەڕەشانە دابنرێت و کۆتایی بەو مەترسییانە بهێنرێت، چونکە ئەو گرووپانە لە سنوور دەرچووە و پێویستە چیتر دووبارە نەبنەوە.