دواین هەواڵ

کوردستان‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

مەزڵوم عەبدی: ئێمە لەگەڵ یەک سوپا و یەک حکومەت و یەک دەوڵەتداین

هەرێم نیوز

فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) رێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شه‌رع سه‌رۆك كۆماری سوریا بۆ قۆناغی راگوزه‌ر راگه‌یاند و پشتڕاستیكرده‌وه‌، "ئێمە لەگەڵ یەک سوپا و یەک حکومەت و یەک دەوڵەتداین.

مه‌زڵوم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی (العربیه‌) رایگه‌یاند، سوریا ئاماده‌یه‌ كه‌ داخوازیه‌كانی كورد له‌روی زمان و مافه‌ كلتوریه‌كان جێبه‌جێبكات و بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌فه‌رمی ئاگاداریكردوینه‌ته‌وه‌، داواشمانكردوه‌ زمانی كوردی شانبه‌شانی زمانی عه‌ره‌بی، بكرێته‌ زمانی فه‌رمی له‌ ناوچه‌ كوردنشینه‌كان".

ئەوەشی خستەڕوو کە بەنیازن چەند گەڕێکی دیکەی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی دیمەشق ئەنجام بدەن و کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی پاریسیش لەسەر داوای دیمەشق و بە هۆی ڕووداوەکانی پارێزگای سوەیداوە دواخراوە.

مەزڵوم عەبدی ڕاشیگەیاند، لەگەڵ حکومەتی دیمەشقدا لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریا و یەک سوپا و یەک ئاڵا کۆکین.

ئاماژەی بەوەشداوە، "هه‌ندێك دامه‌زراوه‌ی سیادی ده‌بێت به‌ ناوه‌ندگه‌رایی بمێننه‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ش 100 هه‌زار چه‌كدار له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری سوریا یه‌كده‌خرێن و ئه‌مه‌ش پرۆسه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌، ئێمه‌ به‌شێك ده‌بین له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری سوریا، سه‌رجه‌میشمان له‌سه‌ر یه‌كگرتویی سوریا هاوڕاین و نا ناوه‌ندێتی به‌ مانای دابه‌شكردنی وڵات نییه‌".

له‌باره‌ی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان رۆژاڤای كوردستان و دیمه‌شق، فه‌رمانده‌ی هه‌سه‌ده‌ رایگه‌یاندوه‌، له‌ئێستادا سه‌رقاڵی رێكخستنی خولی نوێی گفتوگۆین له‌گه‌ڵ دیمه‌شق، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا كارده‌كه‌ین بۆ جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنی 10ی 3ی ئه‌مساڵ، به‌ڵام ئه‌وه‌ش كاتی پێویسته‌، له‌هه‌مانكاتیشدا هاوڕاین له‌گه‌ڵ حكومه‌ت له‌باره‌ی دروشمی یه‌ك سوپا، یه‌ك حكومه‌ت، یه‌ك ده‌وڵه‌ت".

رونیشیكرده‌وه‌، "رۆژانه‌ په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی سوریا هه‌یه‌، سعودیه‌ش ده‌توانێت رۆڵێكی ئه‌رێنی ببینێت ئه‌گه‌ر وه‌ك ناوبژیوانێك له‌ دانوستانه‌كانمان له‌گه‌ڵ دیمه‌شقدا، ئێمه‌ش هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئاگربه‌ست له‌ باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا بگۆڕین بۆ ئاشتییه‌كی گشتگیر".

سه‌باره‌ت به‌كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شه‌رع، مه‌زڵوم عه‌بدی كۆبونه‌وه‌كه‌ی به‌ئه‌رێنی وه‌سفكردوه‌ و باسی له‌وه‌شكردوه‌، "دیداره‌كه‌م له‌گه‌ڵ سه‌رۆك شه‌رع ئه‌رێنی بو، دوای سێ كاتژمێر گفتوگۆ توانیمان بگه‌ینه‌ رێككه‌وتن، تاكه‌ بژارده‌ی ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ دیمه‌شق گفتوگۆیه‌".

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP