دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 08/06/2024

‎پرۆژەی زەهێلس ئەو شارەی سیمای سلێمانی رەنگینتر دەکات

‎‎هەرێم نیوز

چۆن گردۆڵکەیەکی رووتەڵ دەکرێتە شارێکی نیشتەجێبونی مۆدێرن؟ 

پڕۆژەی زەهێلس، ئەو پرۆژەی کۆمپانیای قەیوانە، کە زۆرترین قسەو باسی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڕادەیەک مرۆڤ گومان دەکات ئەم ماستە مویەکی تێدایە، هەندێک دەڵێن، نەک موو، بەڵکو گوریسێکی تێدایە، ئاخر ناکرێت شاخێکی ڕووتەڵ کە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی تێدا دروستدەکرێت زیاتر لە 30 لەسەدی دەکرێت بە سەوزایی، بەهەزاران نەمامی تێدا دەچێنرێت، کەچی بێت و دژی بیت! بەبیانوی تێکدانی سروشت و ژینگەی شار..
‎لەکاتێکدا پێشر دەیان پرۆژەی تر لەنزیک گویژە و ئەزمەڕ دروستکراوە و کەسیش قسەی نەکردووە، بەڵام ئەمجارەیان
‎هەڵایەکى میدیایى لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دروستبووە لەسەر ئەوەى پرۆژەیەک بەقەدپاڵى گۆیژەدا دروست دەکرێت، هەرچەندە دوو گردۆڵکەى دۆڵەڕووتە، نەک گۆیژە.

‎پڕۆژەکە ڕەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ و بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی سلێمانی هەیە و بەشێوەیەکی یاسایی ڕێکارەکانی جێبەجێکردووە.

‎لە نێوان زەوی کشتوکاڵی و زەوی بەردەڵان و تەپۆڵکە، بۆ کۆمپانیاکان هەمیشە ئەوە باشتربووە کە زەوی تەخ بکەن بە پڕۆژە، بۆیە زۆرترین زەوی کشتوکاڵی لەناوچوو بەهۆی دروستکردنی پڕۆژەی نیشتەجێبوونەوە، بەڵام باشترین بژاردە زەوى بەردەڵان و گرد و تەپۆڵکەو شاخە نەک زەوى کشتوکاڵى.

‎ئەو دەنگ و هەڵایەی دروستبووە، بەپاساوى ئەوەیە یادەوەریى و سیماى شار تێک دەچێت و ژینگە و سروشت وێران دەبێت، چەندین کەمپین و گروپ و دەستەى لەدژ دروستکراوە.

‎بەڵام دیوی پشتەوەی ڕووداوەکە، پەیوەندى بە ناکۆکى سیاسى و ململانێى کۆمپانیا و سەرمایەدارەکانى سلێمانییەوە هەیە، زیاتر لەوەى پەیوەندى بە پاراستنى سروشت و ژینگەوە هەبێت و هەندێ کەسیش لەدڵسافی خۆی شوێن ئەو هەڵایە کەوتووە، کەدڵنیاین ئەگەر بزانن پرۆژەکە چ جوانییەک بەسلێمانی دەبەخشێت لە ئێستاوە پەشیمان دەبنەوە و دڵخۆش دەبن بەپرۆژەکە.

‎چونکە دروستکردنى کۆمەڵگەى نیشتەجێبوون، تەلار و هوتێل و باڵەخانەى بەرز لەسەر گرد و تەپۆڵکە بەردەڵانییەکان ئەگەر خزمەت بە ئاوەدانى و جوانکردن و ژینگە نەکات، زیانیشى پێناگەیەنێت.

‎بەدرێژایی مێژوو، بەبێ دەستكاری سروشت، مرۆڤ هیچ كاتێك نەدەگەیشتە ئەم ئاستە لە پێشكەوتن، خەڵكی چیا لە ڕابردوودا، بۆیە نەبۆتە خاوەن شارستانی چونكە نەیتوانیوە بە سەر سروشتدا زاڵ بێت، بە حوكمی سەختی سروشت لە ناوچە شاخاوییەكان، بە پێچەوانەی ناوچە كەناراوییەكان كە مرۆڤ توانیویەتی بە ئاسانی بەسەر سروشتدا زاڵ بێت، بۆیە ئەوان توانیویانە شارستانییەت دروست بكەن و ئێمە نەمانتوانیووە، جگە لە هاوبەشیكردنی وبنیاتنانی شارستانییەتی گەلانی تر.

‎بۆیە چیتر کاتی ئەوەیە لەبری زەوی کشتوکاڵی وەبەرهێنەکانی کوردستان پەنا بۆ ئەو ناوچانە ببەن، کە ناتوانرێت کشتوکاڵیان تێدا بکرێت و بەو شێوەش زەوی کشتوکاڵی لەفەوتان دەپارێزین. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP