دواین هەواڵ

عێراق‌

 14/05/2024

پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق یەکلایی دەکرێتەوە

هەرێم نیوز

ھاوپەیمانی تەقەدوم و دەوڵەتی یاسا پشتیوانی لە مەحموود مەشھەدانی دەكەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق. بەم پێیەش، مەحموود مەشھەدانی و سالم عیساوی ڕکابەری لەسەر پۆستەکە دەکەن.

یاسر ئەلمالکی سەرۆکی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە بڵاوکراوەیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نوسیویەتی، دوای ئەو بەرەوپێشچونە ئەرێنییانەی ئەم دواییانە کە لە ئەنجامی گفتوگۆی فراکسیۆنە سیاسییەکان دروستبوو، پشتیوانی خۆمان بۆ مەحمود مەشهەدانی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رادەگەیەنین.

لە رۆژی رابردوش، هاوپەیمانی تەقەدوم رایگەیاند، دوای رێککەون لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕیاریان داوە پشتیوانی لە مەحمود مەشهەدانی بکەن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.

سەرۆکایەتى پەرلەمانى عێراق ڕۆژی 18ى 5 واتە شەممەی داھاتووی دیاریکردووە بۆ کۆبوونەوەى تایبەت بە هەڵبژاردنى سەرۆک، ڕکابەرییەکەش لە نێوان مەحموود مەشهەدانى و سالم عیساوى دەبێت. هاوپەیمانی تەقەدوم، بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، بە فەرمی پشتوانی خۆی بۆ مەحموود مەشهەدانی ڕاگەیاند بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.

ئەمانەش لەدوایی ئەوەهات کە رۆژی 14ی 11ی 2023 کە تێیدا بە بڕیاری دادگای فیدراڵی، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەسەر دۆسیەی ساختەکاری لە نوسراوی دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارێک لە پۆستەکەی دورخرایەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP