دواین هەواڵ

عێراق‌

 25/07/2024

عێراق؛ کاری دیلیڤەری بۆ کوشتن و گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر بەکار دەهێنرێت

هەرێم نیوز

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، کاری دیلیڤەر لەنێو شارەکاندا ڕێک دەخەن، دەشڵێت، لە ماوەی ڕابردوودا، پیشەکە بۆ تاوانی کوشتن و بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان بەکار هێنراوە.

میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وەزارەتەکە لیژنەیەکی باڵای بە مەبەستی ڕێکخستنی کاری گواستنەوەی ژەمی خێرا 'دیلیڤەری' لەنێو شارەکاندا پێک هێناوە و ئەو ئۆتۆمبیل و ماتۆڕسکیلانە دەگرێتەوە کە ڕۆژانە کارەکە دەکەن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، "وەزارەتەکە زانیاریی دەستخستووە، هەندێک کەس لە ماوەی ڕابردوودا ئەو پیشەیەیان بۆ هەندێک تاوانی کوشتن، دزی و بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر بەکارهێناوە، بۆیە بڕیاریان داوە کارەکە ڕێک بخەنەوە، بە شێوەیەک دەستی 'باندە تاوانکارەکان'یان پێ نەگات.

لیژنەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، زانیاریی کەسیی شۆفێرانی ئەو ئۆتۆمبیل و ماتۆرسکیلانە وەردەگرێت کە ڕۆژانە کاری دیلیڤەری دەکەن و لە فایلە ئەمنییەکانیان دەکۆڵێتەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ڕێکخستنی کاری دیلیڤەری، ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر کرێکارانی ئەو بوارە دەبێت، چونکە ئەگەر لە داهاتوودا بە هەر هۆیەک، ڕێگاوبانەکان گیران، ڕێگەیان پێ دەدرێت هاتوچۆ بکەن، بەوپێیەی لەلایەنی ئەمنییەوە ناسراون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP