دواین هەواڵ

جیهان‌

 13/05/2024

ناتانیاهۆ: تا سەرکەوتنی تەواوەتی لە ئۆپەراسیۆنەکان ناکشێینەوە

هەرێم نیوز

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، "بیرۆکەی دوورخستنەوەی سەرکردەکانی حەماس لە کەرتی غەززە لەئارادایە" و پاشەکشە ناکات لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانی لە غەززە تا سەرکەوتنێکی تەواو بەدەست بهێنرێت.

 لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە، لە ٢٢٠هەمین ڕۆژی شەڕەکەدا، بە چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە باکووری کەرتی غەززە و ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح لە باشوور، دەیان فەلەستینی کوشت و بریندار کرد.

ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئیسرائیل بە پشتبەستن بە سەرچاوە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە تەلئەڤیڤ تا ئێستا نەگەیشتووەتە ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی ناوبژیوان سەبارەت بە دیاریکردنی وادەیەکی دیاریکراو بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بەمەبەستی گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە و ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس.

 تەلەفزیۆنی ئیسرائیل لە زاری ئەو بەرپرسانەوە بڵاویکردەوە، هەرسێ وڵاتی نێوەندگیری میسر، قەتەر و ئەمریکا فشار دەخەنە سەر لایەنی ئیسرائیل و فەلەستین بۆ دەستپێکردنەوەی ئەو دانوستانانەی کە هەفتەی ڕابردوو لە قاهیرە شکستی هێنا، بەو هیوایەی بگەنە ڕێککەوتنێکی نوێ.

بەپێی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئیسرائیل، ڕەنگە ڕۆژی چوارشەممە بەرپرسانی تەلئەڤیڤ کۆببنەوە و بڕیار لەسەر دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان بدەن یان نا.

 دانوستانەکان لە قاهیرە شکستی هێنا، دوای ئەوەی حەماس بە پێشنیارەکەی میسر ڕازی بوو و ئیسرائیل قبووڵی نەکرد.

 هاوکات شایەتحاڵانی چاودێر بە ئاژانسی هەواڵی ئەلعالەم ئەلعەرەبییان ڕاگەیاندووە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر بەشی ڕۆژهەڵاتی شاری ڕەفەح لە باشوور و ناوەندی کەرتی غەززە.

شایەتحاڵەکان باس لەوە دەکەن کە سوپای ئیسرائیل زۆرێک لە باڵەخانەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕەفعەی تێکشکاندووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP