هەرێم نیوز
ئایا تاوانێک هەیە بەبێ شوێنەوار ؟ یان بەبێ خودی تاوانبار ؟
خۆشناو محەمەد:
بەڵێ ، هەیە دەکوژێت بەبێ تاوان ، هەیە بکوژە بەبێ بکوژ ، کاتێک دروستکەری چیرۆک بلیمەت بوو ، وادەکات خەیاڵدانمان پڕ ببێت لەدیتنی خوێن و کاردانەوەکانی و شوێنەواری ئەو تاوانە بەبێ ئەوەی یەک دڵۆپ خوێن بڕژێت ، ئەو وادەکات هەست بەشوێنەوارەکانی بکەین ، تەنانەت کردەوەکانی ببینین بەبێ ئەوەی لەبنەڕەتدا تاوانەکەمان بینیبێت ….
دەرهێنەری ئێرانی ( ئەسخەر فەرهادی ) ئەو پیاوەی هەموو شتێک ڕون دەکاتەوە بەبێ بەربەست و ئاڵۆزی ، ئەو دێت لەناو پێکهاتەی فیلم و دیمەن و وێنەکاندا چی لە وڵاتدا ڕوو دەدات ، لەناو پێکهاتەی دەوڵەت و مرۆڤایەتی و داهاتو و پێوەرەکانی ئەخلاق و سیاسەت و کۆمەڵگا ، بەبێ جەنگ ، بەڵکو تەنها بە سیناریۆیەکی سادە ، لەنێوان ژن و پیاوێکدا ، یان کچ و کوڕێکی گەنج ، یان ژنێکی جوان و هاوسەرەکەی !
دەکرێت لەڕێگەی دۆسیەیەکی جودابونەوە ( تەڵاق ) !
ئەو دێت ژیان ڕوت دەکاتەوە ، ئەو ژیانەی دەیەوێت جل و بەرگی پیرۆزی بپۆشێت ، دواتر خۆی وێنای دەکات ، بەبێ ڕەنگ بۆمان بەیان دەکات چ جۆرە شێرپەنجە و ئافاتێک بەناو جەستەی جیهاندا بڵاو بووەتەوە …!
سینەمای ئێرانی هەڵگری باکگراوندی سینەمایی ڕەسەنە ، بەتایبەت ئەو کەسانەی خاوەنی دەست و پەنجەی ڕەنگین و ئیلهام و خەیاڵدانی فراوانن لەمێژوی سینەمای ئەو وڵاتەدا ، ئەمڕۆ تەمەنی ( ئەسخەر فەرهادی ) بوو بە ٥٢ ساڵ ، تەنها ناوی تۆ ماناکەی هەزاران ڕستەی هونەریە …. تەمەن درێژی بۆ ئەسخەر فەرهادی ….