دواین هەواڵ

جیهان‌

 02/04/2024

ئەمریکا ڕەتیکردەوە پەیوندی بەهێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە سوریا هەبێت

هەرێم نیوز

ڕۆژێک دوای هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دیمەشق کە تێیدا ژمارەیەک لە ئەندامانی باڵای سوپای پاسدارانی کوژرا، کۆشکی سپی بە فەرمی ڕایگەیاند کە هیچ ڕۆڵێکی لەم هێرشەدا نییە.

جۆن کێربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی ڕۆژی سێشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند:" ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان بە هێرشەکەی دیمەشقەوە نەبوو. بەهیچ شێوەیەک هیچ بەشدارییەکمان نەبووە".

ناوبراو هەڵوێستی وەزیری دەرەوەی ئێرانی ڕەتکردەوە کە ئەمریکای بە "پاڵپشتیکاری ئیسرائیل" بە بەرپرسی ئەم هێرشە ناوبرد و قسەکانیشی بە "بێمانا" زانی.

حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئەمریکای وەک پشتیوانی ئیسرائیل ناوبرد.

جەختی کردبووەوە، کە ئەمریکا سەبارەت بەم هێرشە دەبێت وەڵام بداتەوە.

هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بینای کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی لە دیمەشق کە دەکەوێتە تەنیشت باڵیۆزخانەی ئێرانەوە، ڕۆژی دووشەممە بووە هۆی وێرانبوونی تەواوەتی ئەم بینایە و لانیکەم ١٣ کەسی تێیدا کوژران.

بەپێی بەیاننامەکەی سوپای پاسداران، حەوت کەس لەو کەسانەی لەم هێرشەدا کوژراون، ئەفسەری سوپای پاسدارانی ئێران بوون.

بەرپرسانی حکوومەتی ئێران وێڕای هەڕەشەکردن لە ئیسرائیل، ئەم هێرشەیان بە پێشێلکردنی یاسا و پەیماننامە و ڕێککەوتننامەکان ناساندووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP