دواین هەواڵ

ئابوری‌

 02/04/2024

راوێژکاری دارایی سودانی: ناوەڕاستی ئەم مانگە خشته‌ی بودجه‌ی ساڵی 2024 پەسەند دەکرێت

هەرێم نیوز 

ڕاوێژكاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، پێشبینی دەکات خشته‌ی بودجه‌ی ساڵی 2024 ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌ په‌سند بكرێت، دەشڵێت، پڕۆژە یاسای بودجە دڵنیایی ده‌دات لە بەردەوامیی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2ـی 4ی 2024 مه‌زهه‌ر محه‌ممه‌د، ڕاوێژكاری دارایی محه‌ممه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ڕایگه‌یاند، پێشبینی ده‌كرێت خشته‌ی بودجه‌ی ساڵی 2024 ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌ په‌سند بكرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، یاسای پەسەندکردنی بودجەی سێ ساڵه‌، گوزارشت له‌ متمانه‌ی نێوان هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و جێبه‌جێكردن ده‌كات و دڵنیایی ده‌دات لە بەردەوامیی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان.

ئەمەش لەکاتێکدایە، مانگی 2ی ئەمساڵ، سودانی ڕایگەیاند، حكوومه‌ت به‌رده‌وامه‌ له‌ وردبینیكردنی خشته‌ی تایبه‌ت به‌ بودجه‌ی گشتیی ساڵی 2024 و دوای ته‌واوكردنیشی ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت.

هه‌روه‌ها ڕۆژی 14ـی 3ی 2024، ته‌یف سامی، وه‌زیری دارایی عێراق ڕایگه‌یاند، زانیارییه‌كانی تایبه‌ت به‌ خشته‌ی بودجه‌ی 2024 ته‌واو بووه‌ و ده‌قه‌كانی ئاماده‌ كراوه‌ و ڕه‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كراوه‌.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP