دواین هەواڵ

جیهان‌

 02/04/2024

ڕەئیسی هەڕەشە دەکات و دەشڵێت؛ بێوەڵام نابین !

هەرێم نیوز

ئیبراهیم ڕەئیسی، سه‌رۆك كۆماری ئێران رایدەگەیەنێت، هێرشه‌كه‌ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كونسوڵخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌ سوریا  بێوه‌ڵام نابێت و به‌ توندی ئه‌و هێرشه‌ شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ن.

ڕەئسی لە بەیاننامەیەکدا هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق و کوشتنی ڕاوێژکارە سەربازییەکانی وڵاتەکەی ئیدانەکرد و ڕایگەیاند، هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەی کونسولگەریی ئێران لە دیمەشق کردەوەیەکی نامرۆڤانەیە و پێشێلکردنێکی ئاشکرای بڕیارنامە نێوەدوڵەتییەکانە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل دەبێت بزانێت بەرەی مقاوەمە رۆژ دوای رۆژ بەهێزتر دەبێت و بێزاری و رق و کینەی گەلانی ئازاد بەرامبەر بە سروشتی ناڕەوای ئیسرائیل رۆژ دوای رۆژ زیاتر دەبێت.

وتیشی: ئەو فەرماندانەی سوپای پاسداران کراونەتە ئامانج، جەنگاوەرانی سەردەمی بەرگری پیرۆز بوون و ئێستاش بە ئەرکی پاسەوانی لە شوێنە بەرز و پیرۆزەکانی ئیسلام و مرۆڤایەتی لە سووریا بوون.

سەرۆکی کۆماری ئێران لە ڕاگەیەندراوەکە دەڵێ: ڕژێمی ڕق لە دڵی ئیسرائیل بۆ خۆ ڕزگارکردنی لە شکست و هەوڵە بێ ئەنجامەکانی لە بەرانبەر بڕواداران و مۆراڵی موجاهیدانی بەرەی موقاوەمە، کوێرانە کەوتووەتە تیرۆرکردن و بڕیاربدان، بەڵام پێویستە بزانێت ئەو کارە نامرۆییەی هەرگیز بە ئامانج ناگات و ڕۆژ دوای ڕۆژ شایەتی بینی بەهێزبوونی بەرەی موقاوەمە و نەفرەت و توڕەیی نەتەوە ئازادیخوازەکان دەبێت بەرانبەر بە پرۆژە نا شەرعییەکانی.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ دووشەممە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە دیمەشقی پایتەختی سوریا كونسوڵخانه‌ی ئێرانیان له‌ دیمه‌شق كرده‌ ئامانج و به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك فه‌رمانده‌ی باڵای سوپای پاسداران كوژران.

ماڵپەڕی ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی ئەمریکی بڵاویکردوەتەوە، ئەمریکا ئێرانی ئاگادارکردوەتەوە کە "هیچ ڕۆڵێک" یان زانیارییەکی پێشوەختەی لەبارەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ناوه‌ندێكی دیپلۆماسی لە سوریا نییە.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP