دواین هەواڵ

ئابوری‌

 01/04/2024

فازڵ نەبی: دابەزینی نرخی دۆلار پەیوەندی بەسەردانی شاندی حکوومەتی عێراق بۆ ئەمریکا نیە

هەرێم نیوز

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، ھەر چەند رێکار بگیرێتەبەر تاوەکو یاریکردن بەبازاڕ و بەقاچاغ بردنی دۆلار بەردەوام بێت نرخی دۆلار بەرامبەر بەدیناری عێراقی جێگیر نابێت، دەشڵێت، دابەزینی نرخی دۆلار پەیوەندی بەسەردانی شاندی حکوومەتی عێراق بۆ ئەمریکا نیە". 

فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "  تاوەکو ئەوانەی قاچاغی و گەمە بە دۆلار دەکەن ڕەنگە گەمەیەکی پێی بکەن و جارێکی دیکە نرخی دۆلار وەکو خۆی لێ دێتەوە، بەڵام ئەگەر ڕێکاری پێویست بگرنەبەر دۆخی ئابووری عێراق باشە ھاوکات یەدەگیشی باشە، بۆیە حەقە دیناری عێراقی زیاتر سەرکەوێت، بەڵام لەعێراق ھیچی زانستی سەرناگرێت بەھۆی ئەوەی ئەوانەی گەمە بەبازاڕ دەکەن زۆرن و دەسەڵاتیان ھەیە و ھەرکاتێک بیانەوێت ئەو کارە دەکەن".

وتیشی، "لەبەر ئەوەی ئێستا نرخی دراو لە دەستی ئەوانەیە کە گەمە بە بازاڕ دەکەن و قاچاغی بەدۆلار دەکەن، بۆیە تاوەکو ئەو دەستە بمێنێت ئەستەمە نرخی دۆلار جێگیر بێت و پێویستە ئەو کارە ڕابگرن ئەوکات ڕێکارەکان جێبەجێ بکرێن و دەتواندرێت نرخی دۆلار جێگیر بکرێت".

فازڵ نەبی باسی لەوەشکرد، "دابەزینی نرخی دۆلار پەیوەندی بەسەردانی شاندی حکوومەتی عێراق بۆ ئەمریکا نیە و تەنھا لەڕووی دەروونییەوە ھەرکاتێک پەیوەندی عێراق و ئەمریکا باش بێت نرخی دۆلار بەرەو دابەزین دەچێت و پێچەوانەکەشی راستە، ئەگەر نا لەڕووی کرداری ھیچی تازە نیە لەنێوان ھەردوو وڵات بۆ ئەوەی رێکاری تازە بگرنەبەر، بۆیە حکوومەتیش ناتوانێت رێگری لە بەقاچاغبردنی دۆلار بگرن". 

ئەمەش لەکاتێکدایە، ماوەیەکە نرخی دۆلار رووی لە دابەزین کردووە و گەیشتووەتە خوار 150 ھەزار دینار لە ئێستادا نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەرە بە 147 هەزار دینار. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP