دواین هەواڵ

کلتور‌

 30/03/2024

ڕاسیزم .. دەردە بێ دەرمانەکە

شوان ئەحمەد
چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستاو لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەی، بەر لە یاری نێوان هەڵبژاردەی بەرازیل و ئیسپانیا (لە چوارچیوەی یاریە دۆستانەکانی هەفتەی فیفادا)، ڤینیسیۆس جۆنیۆرمان بینی چۆن بە دەم هەنسکی گەرم و قوڵپی گریانەوە، باسی لەو هێرشە ڕەگەزپەرستانە دەکرد کە لە لالیگادا، بە هۆی پێستە ڕەشەکەیەوە دەکرێتە سەری.

لە کاتێکدا جۆنیۆر درێسی ژمارە حەوتی سپی پۆشەکانی مەدریدی پێیەو هەڵگری ئەو ژمارەیەیە کە ئەفسانەکانی دیکەی یانەکە(ڕائول گۆنزالیس و کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ) پێشتر پۆشیویانە. لێ ئەمانە شفاعەتی ئەوەی بۆ ناکەن لە یاریگاکانی ئیسپانیادا، زۆربەی جار گاڵتە و سوکایەتی پێنەکرێت.

لەم فیلمەشدا (ئەو پیاوەی پەی بە ناکۆتا برد)، کە باس لە ژیاننامەی زانای گەورەی بواری ماتماتیکی هیندی(سرینڤاسا ڕامانوجان) دەکات و ڕوداوەکانی لە بەریتانیا و لە نێو جەرگەی جەنگی جیهانی یەکەمدا ڕوودەدەن(واتە سەد و دە ساڵێک بەر لە ئێستا)، هەمان گریان و هەمان سوکایەتی و هەمان دژایەتی لەسەر بنەمای ڕەگەز دەبینین.

ڕامانوجان ماتماتیکزانێکی بلیمەت و ژیر و گەورەیە، لێ لەبەر ئەوەی گەنم ڕەنگە و لە هندستانەوە هاتووە و خەڵکی کوێرە دێیەکی کۆمەڵگەیەکی تەقلیدی دەرەوەی خۆرئاوایە، لە ناو زانا و ئەکادیمستانی کامبریج و ئۆکسفۆرددا ، زۆرترین سوکایەتی پێدەکرێت و وەک خۆی گرنگی پێنادەن.

جوانی و بەرزی و گەورەیی ئەم مرۆڤەش لەوەدایە، نە سوکایەتیپێکردنی ڕەگەزپەرستانە و نە دەردە سیل و نە دڵڕەقی دایکی و نە بۆمب و وێرانکاری جەنگی جیهانی یەکەم، کۆڵی پێنادەن و سەرسەختانە شەڕی هەموویان دەکات و خەونەکەی دێنێتە دی و ئەکادیمیای بەریتانی دێنێتە سەربار تا گەر بە ناچاریش بووە، دان بە بلیمەتی و لێوەشاوەییدا بنێن.

ئەم کارە جوان و نایابە، قیژە و هاوارێکی دیکەی سینەمایە، بۆ بەرگرتن بە دیاردەیەکی قێزەون کە لەبری کاڵبوونەوە و ئاوابوونی لە سەردەمی گلۆبالیزەیشندا، تۆختر و تۆختر دەبێتەوە و خەریکە مرۆڤایەتی دەگاتە ئەو قەناعەتەی، ڕاسیزم دەرد و پەتایەکی بێ دەرمان بێت.

فیلمەکە لە نواندنی جێرمی ئیرۆنس و دیڤ پاتێل و لە دەرهێنانی ماتیۆ براونە. ساڵی ٢٠١٥ بەرهەم هاتووە. ئەوانەی ئارەزوومەندی کاری ئاست بەرز و جوانن، هەقە بینینی ئەم فیلمە لە دەست خۆیان نەدەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP