دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 18/03/2024

هەڵبژاردن بەبێ پارتى رۆشتنە بەنێو تونێلێكى تاريكدا

هەرێم نیوز

دوای بڕيارە نادەستوورييەكانى دادگاى فيدراڵى عێراق لەبارەى ياساكانى پەرلەمانى كوردستان، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەرێگەى بەياننامەيەكەوە هەڵوێستی فەرمی لەبارەی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی دادگای فیدراڵی لە دژی هەرێمی کوردستان خستەڕوو، وەك شارەزايانيش باسيدەكەن پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەچێتە قۆناغێکی نوێوە، بەو پێيەى هەڵبژاردن بە بێ پارتى ديموكراتى كوردستان بەتونێلێكى تاريكدا تێدەپەڕێت.

رۆژی (18ـی ئاداری 2024) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە: "لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەڕپرسیارێتیی نیشتمانی لە جێبەجێنەکردنی دەستوور و تەواوی خالەکانی رێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پڕۆسەی سیاسی دا".

لەدرێژەى بەياننامەكەى مەکتەبی سیاسیی پارتیدا هاتووە: "بە بەرژەوەندی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بریاری نادەستووریی و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت".

لە ماوەكانى پێشووشدا هەميشە باس لەوە كراوە كە دەڵێى دادگای فیدراڵی بۆ لە قاڵبدانى هەرێمى كوردستان دروستكراوەو بڕیارەکانی لە دژی هەرێمی کوردستانيش نيشاندەرى ئەو راستييانەن. هەربۆنموونە بەخێرايى ئەو بڕيارانە وەبيردەهێنينەوە: یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کورسی پێکهاتەکان لە 21ى شوباتى 2024، لە 25ـی کانوونی دووەمی 2023 يش دادگای فیدراڵی لە بڕیارێکدا ناردنی بڕی 400 ملیار دینار لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ هەرێمی کوردستان راگرت، لە (30ـی ئایاری 2023) لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا، دادگای فیدراڵی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوە، لە لايەكى تريشەوە رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک کە لەلایەن فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان و هێزە چەکدارەکانی دیکەی عێراقەوە لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە داگیرکرابوون، لە (24ـی ئەیلوولی 2023) بڕیاریدا بە کۆتاییهێنان بە کارکردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بێبەشکردنی ئەو هاووڵاتییانەی کەرکووک كە لە سەردەمی رژێمی بەعس ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوونە و دوای ساڵی 2003 گەڕاونەتەوە کەرکووک، رۆژی (21ـی شوباتی 2024) دادگای فیدراڵی چەند بڕیارێکی ناڕوونی لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانەی هەرێمی کوردتانەوە دەرکرد کە بووە هۆکاری ئاڵۆزبوونی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. هەموو ئەو راستييانە ئەوەمان دێنێتەوە بير كە دادگاى فيدراڵى ئەجێنداى تايبەتى خۆى هەيە و دەيەوێت ئەو مەرامە بێنێتەدى كە بۆى دياريكراوە،

بەگوێرەى راگەيانراوەكەى پارتيش كە زۆرينەى دەنگەكانى كوردستانى لە لايە كێشە بۆ هەڵبژاردنەكانى مانگى حوزەيرانى داهاتوو دروستدەبێت، پرسيارە سەرەكييەكە ئەوەيە ئاخۆ لايەنە سياسييەكان دەتوانن بە بێ پارتى بچنە نێو ئەو پرۆسەيەوە؟



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP