دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 17/03/2024

کێشە ناوخۆییەکانی کوردستان چی کاریگەرییەکی نەرێنی دەبێت؟

هەرێم نیوز

نەبەڵگەی دەوێت و نەئاماژەو نە پاساو، کورد هەمیشە لە یەکڕیزیدا براوە بووەو لە پەرتەوازەییدا دۆڕاو و مایە پووچ..
لە ئێستادا کە هەندیک لە لایەنە عەرەبی و شۆڤێنییەکانی عێراق خوازیاری کۆتایی هێنان بە قەوارەی کوردستانن ، هەر جارەی لە ڕێگەی بیانوویەک و هەرتاو نەتاوێک لەڕێگەی دادگای فیدراڵییەوە فشارێک دروستدەکات و ئامانجە سەرەکییەکەش نەهێشتنی قەوارەکەیە.. 

بەڵام بیریان لەوە نەکردووەتەوە کە بەنەمانی قەوارەی هەرێم چی کارەساتێک دەقەومێت و چۆن باڵانسی هێزو پێکهاتەکان تێکدەچێت و عێراقیش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دیکتاتۆرییەتی پێشوو بەڵام لەژێر ناوێکی دیکەدا..

ئەو دەنگانەش کە لەناوخۆی کوردستانەوە خوازیاری ئەوەبوون کە پشت لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن و ڕوو لە عەرەبی شۆڤێنی بکەن، نەک دەستکەوتێکی ئەوتۆیان نەچنییەوە بەڵکو دەرکەوت کە ئەوان ئامانجی دیکەیان هەیە و کێشەی دارایی هەرێمی کوردستانیان قۆستووەتەوە و دەیانەوێت لەوڕێگەیەوە کارێک بکەن.. 

سەیرەکە لەوەدایە ئەوان داوا لە عێراقێک دەکەن دۆخی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات کە نەک هەر پێیان چارەسەر ناکرێت، بەڵکو خۆی گیرۆدەی دەیان کێشەی ناوخۆیی ،گەندەڵی، مادەی هۆشبەر، قاچاخ، سنوور بەزاندن، سەرپێچی یاسایی، فرۆشتنی کابینەی وزارین... 

پێکهاتەی شیعەکان لەناوخۆی خۆیان و لەگەڵ سوننە و سوونەش لەگەڵ خۆیان و شیعە دانوویان ناکوڵێت و هەرجارەی بە بیانوویەک کێشە بۆ یەکتری دروستدەکەن، بەڵام لە بەدبەختی کورد، کاتیک دێنە بەرامبەر بە کورد هەمووان دەنگیان یەکدەخەن و پشت دەکەنە کێشە ناوخۆییەکانی خۆیان و ڕوو دەکەنە هەرێمی کوردستان... 

هەربۆیە دەبێت کوردیش وانەی لە ساڵانی ڕابووردوو وەرگرتبێت وکێشە ناوخۆییەکان کاریگەریی لەسەر یەکڕیزیی و تەباییان نەکات لە بەغداد و هەمووان پێکەوە یەک دەنگ و ڕەنگ و هەڵوێست بن، خۆ ئەگەر وانەکەن بە دڵنیاییەوە کێشە بۆ هەمووان دروستدەبێت و وەک حیکایەتی سەرنشینانی ئەو کەشتییەمان لێدێت کە ئەگەر یەکێکیان کونێک بکاتە کەشتییەکە، ئەوا هەمووان پێکەوە نوقمی ئاو دەبن و ژیانی هەمووان دەکەوێتە مەترسییەوە...



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP