دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 16/03/2024

بەڵێن عەبدوڵا: پاراستنی قەوارەی هەرێم لە ئەستۆی هەموو لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستانە

محەمەد جەمال – هەولێر

سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان سەبارەت بەو هاوپەیمانییەی کە لەگەڵ حزبی شیوعی و حزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان پێکیانهێناوە دەڵێت، بە درێژایی مێژوو تێکۆشانێکی دوور و درێژمان هەیە و دڵنیاشین کە خەڵک دەنگ بەو سێ لایەنە دەدات.

بەڵێن عەبدوڵا، سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان سەبارەت بە شێوازی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ هەرێم نیوز ڕایدەگەیەنێت، ئەو بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵی سەبارەت بە گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دای، نادەستووری بوو، چونکە ئەوە لە دەسەڵاتی یاسادانانە نەک دادگای فیدراڵی.

دەشڵێت، شێوازی هەڵبژاردن لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی لەوانەیە کاریگەرییەکی لەسەر حزبە بچووکەکان هەبێت، بەهەمان شێوە ئەو کاریگەرییەی بۆ حزبە گەورە و مامناوەندەکانیش دەبێ، بەڵام ئەو کاریگەرییە گەورەیەش نیە کە خەڵک بەو جۆرە باسی دەکات.

سەبارەت بە پێکهێنانی هاوپەیمانی لە نێوان هەرسێ حزبی "شیوعی و سۆشیالیشت و زەحمەتکێشانی کوردستان" ڕوونی دەکاتەوە کە ئەو سێ حزبە بە درێژایی مێژوو لە شاخەوە تاکو ئێستا خەبات و تێکۆشانی دوور و درێژیان بەیەکەوە هەبووە و لەبەرەی کوردستانیش بەیەکەوە بوون.

ئاماژەی بەوەشكرد، دوای ڕوخانی ڕژێم لە خەباتی مەدەنی و تێکۆشانی پەرلەمانی هاوکار و هەماهەنگی یەکتر بوونە، بۆیە زەمینەی لێکتێگەیشتن لەنێوان ئەو سێ لایەنە ئاسانتر بووە بۆئەوەی هاوپەیمانییەکی لەو بابەتە پێکبێنین.

باسی لەوەشكرد، لەسەر کۆمەڵێک بەرنامە ڕێککەوتووین و ئومێد دەکەین کە لە هەڵبژاردنی داهاتوو بگەینە پەرلەمان و داکۆکی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی هەرێمی کوردستان بکەین، دڵنیاشین خەڵکی کوردستان متمانە بەو سێ لایەنە دەدات کە مێژوویەکی دوور و درێژیان هەیە لە تێکۆشان.

دووپاتیشی دەکاتەوە کە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی پەرلەمان دەدەن و بەرنامەی کارەکانیشیان ئاشکرا دەکەن کە دوو تەوەر لەخۆ دەگرێت، یەکێکیان پەیوەندی بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دەوروبەر و جیهان، ئەویتریشیان پەیوەندی بە ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەیە کە دەبێ پێداچوونەوە بە شێوازی حوکمڕانی بکرێت لە هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، لە ئێستادا پلان و نەخشەی زۆر مەترسیدار لە ئارادا هەیە بۆ بچووک کردنەوە و لە قاڵبدانی هەرێمی کوردستان، ئێمە سەرسەختانە داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانمان و قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەین، هەروەها پاراستنیشی دەکەوێتە ئەستۆی هەموو لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP