دواین هەواڵ

کلتور‌

 22/02/2024

سەردەمی بێتامیی: من قسە دەکەم، کەواتە من هەم!

د. نیاز نەجمەدین

بە دڵێکی خۆشەوە، چووم بۆ شانۆگەرییەکەی کاک شوان کەریم : "حەوت چرکە". کە چوومە هۆڵەکەوە، خۆی وەستا بوو. تەوقەیەکم لەگەڵ کرد و پێم گوت "تۆ یەکێکیت لەو شانۆکارانەی خەریکە لەگەڵ شانۆ ئاشتمان ئەکەیتەوە". بە کەمێک دڵەڕاوکێ بەڵام خاکییانە وەڵامی دامەوە: "هیوادارم بتوانم". عادەتی شانۆکارانە دوای کۆتایی نمایشەکە، ریزدەگرن و دۆست و ئەحباب و بینەرانیان پیرۆزبایی گەرمیان لێ دەکەن. ببورن کە قسەکەم رەنگە رەق بێت، هیواکەی کاک شوان ئەمجارە نەهاتەدی. ئەسڵەن تاقەتم نەبوو لە پیرۆزباییەکی سارد و سڕ زیاتریان لێ بکەم (ئەگەرچی هەندێک ئەکتەر نواندنێکی جوانیان کرد). نمایشەکە دوو بەش بوو، بەشی گێڕانەوەی چیرۆکەکە لەلایەن هەندێک ئەکتەرەوە زۆر خراپ و بێتام و بێچێژ بوو بە رادەیەک خۆت کتێبەکەت بخوێندایەتەوە باشتر بوو. ئەم بەشەی نمایشەکە کاک هۆرێن غەریبی بیرخستمەوە کە لە دوا شانۆگەرییدا قەسیدەیەکی ماردینی شاعیری هێنا بوو، کە لە چەند وێنەیەکی جواندا کورتیکردبووەوە. تەواوی ئەکتەرەکان سەرکەتوو نەبوون لەوەدا قەسیدەکە وەک دیمەن نمایش بکەن، یان بە ئەدایەکی شایستە بە قەسیدەکە ناچارمان بکەن گوێی لێبگرین. ئەوەی کاک هۆرێن وازلێئەهێنم، ئەگەر مامۆستایەکی دڵفراوان بم و چاوپۆشیی بکەم، شەش لە دە زیاتر نادەم بەم شانۆگەرییەی کاک شوان.

من دەمێکە بڕیارم داوە بەشداریی چاوپێکەوتنی میدیایی ناکەم (مەگەر لە ژێر فشار یان زۆر دڵم بیگرێت) و ناشچم بۆ شانۆ و فیلمی کوردیی تەنها دوای ئەوە نەبێت هاوڕێ زەوقهونەرییە بەرزەکانم فیدباکێکی باشی نەکەن. دوێنێ هەر لە خۆوە بڕیارەکەم گۆڕی. دوو کاتژمێری تەواو لە سینەما سالم سەیری فیلمی (دایکە ئەلیف)م کرد. "حەزناکەم وەک شاعیران بڵێم دنیا تەم بوو، بەڵام تەم بوو". جگە لەو گەنمەشامی و کۆلایەی بەر لە دەستپێکی فیلمەکە خواردم، چێژی ترم لێی نەبینی. فیلمەکە زۆر ساردوسڕە. جەنگە و تۆ توشی دڵەڕاوکێ نابیت. چیرۆکی عەشقێکی تێدایە کەچی تۆ ناوروژێنێت و ناتەوێت عاشق بیت. باسی ئایین و زانستە و تۆ دونیابینیت فراوان نابێت. ئیدی هەر بەو شێوەیە نە رادەمێنیت و نە کاراکتەرێکی تێدایە ئینتیمات بۆ ئەدا و فکری هەبێت بۆی. زۆر سەخیی تەبیعەت بم، لای من پێنج لە دە زیاتر ناهێنێت.

دوای چەند ئەزمونێکی لەم چەشنە، وەختە بڵێم ئەگەر دەتەوێت سیستمی چێژی خۆت بپارێزیت و زیاتر تێکنەچێت، زۆر شت کەم بکەرەوە لەناویشیاندا چوون بۆ شانۆ و فیلمی کوردیی (هیچ نەبێت سەبرگرە تا دوای ئەوەی هەندێک هاوڕێی سەرسەختت باش بێت یان خراپ هەردەچن و فیدباکت پێ دەدەنەوە).(دوای هەندێک کۆمێنێت کە بۆم هات: ئەمەوێ ئەم رستەیە باشتر تەعبیر لێ بکەم: خودی دەرهێنەران وادەکەن لە شانۆ و سینەما بتۆرێین. نەچون بۆ ئیشی کوالتی نزم باشترە لە چوون. بەڵێ دەبێت پشتیوانی ئیشی کوالتی نزم نەکەین. نەمویست رستەکە بسڕمەوە تا گۆڕانکارییە لە نوسینەکەدا ببینرێت)

دنیا یەک پارچە بووە بە وێنە. شانۆ و فیلمی ئێمەش تێکەڵ بەم شەپۆلە بوون. بەگشتیی، نەخۆشیی بڵاوکردنەوەی وێنە تەواو تەشەنەی سەندووە. کەوتوینەتە ژێر بۆمبارانی وێنەوە و وێنەبڵاوکردنەوەش بووە بە بەشێکی دانەبڕاوی چێژبینین لە سەردەمەکە، ئیدی گرنگ نییە ئەسڵی وێنەکە چییە و چی خزمەتێکی راستەقینە پێشکەش دەکات. رەنگە موبالەغە نەبێت بڵێم باشترین نازناوێک بە دنیای ئەمڕۆ ببەخشیت ئەمە بێت: "سەردەمی بێتامیی!". خەریکە بگەمە ئەو باوەڕەی لە سەردەمێکدا دەژین کە زۆرینەمان دەمانەوێت بوونی خۆمان بەوە بسەلمێنین کە قسە ئەکەین. وتە کۆنەکە بەم شێوەیەی لێ هاتووە: "من قسە ئەکەم، کەواتە من هەم". یان: "من وێنە بڵاودەکەمەوە، کەواتە هەم!". ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی ئەم سەردەمەی بێتام کردووە.

لە راستییدا، هیچ نەگوتن زۆر باشترە لەوەی بتەوێت بڵێیت "هێشتا هەم، هێشتا لێرەم، شتێک بکەم باشترە وەک لەوەی نەیکەم، هتد"، دەرنەکەوتنیش زۆر باشترە لە نمایشی بێناوەرۆک. قسەیەکی زیاترم لەسەر ئەم مەسەلەیە هەبێت ئەوەیە کە من تاسەی سیستمی چێژبینینی سەردەمی پێشوو ناکەم، بەڵکو خەمەکەم ئەوەیە لە شوێنیدا تا ئەمڕۆ شتێکی باشترمان دانەناوە. لەمەشدا بەرهەمهێنەران بەرپرسیارێتی زیاتریان بەردەکەوێت.






Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP