دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

خەونى دەركردنى ئەمريكا لە نێوان دوو فاقيى هەڵوێستى سياسييەكانى عێراقدا

كشانەوەو نەكشانەوەى ئەمريكا بابەتى گەرم و رۆژەڤى ئێستاى عێراقييەكانە، بەڵام ئاخۆ ئەم پرسە دەگاتە كوێ و سەرى لە چييەوە دەردەچێ، لە لايەكەوە لەهەولێر گەورەترين كونسوڵخانە لەسەر ئاستى جيهان دەكاتەوە و لە لايەكى تريشەوە ئاماژەكان پێمان دەڵێن كارەكە بەو ئاسانييە نييە، چوون ئەو ئامانجەى كە ئەمريكاى هێناوەتە ناوچەكە هێشتا جێگەى خۆى نەگرتووە، بوون و مانەوەى ئەمريكا لە ناوچەكەدا، لە هەموو وڵاتانى كەنداو ئاماژە گەلێكن كە كشانەوەى ئەمريكا لەم قۆناغەدا سەرناگرێت و خۆكوژييەكى گەورەيە، بەڵام بۆ رازيكردنى دڵى عێراقييەكان لەوانەيە ئامانج و مەرامەكانى ئەو هێزانە بگۆڕن، كار لەسەرناوەكان بكەن نەك ناوەرۆك...

ئەمريكا لە 21 وڵاتى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ناوچەكە بڵاوەى كردووە، ژمارەى سەرباز، راوێژكار، پسپۆڕە جياوازەكانى لە نێوان 40 بۆ 60 هەزار سەربازى بڵاوكردووەتەوە، جگە لە عێراق، لە وڵاتەكانى كەنداوى عەرەبى، ئەفريقا، توركيا، ئۆزبەكستان، ئەفغانستان و هندستان و پاكستان بەگوێرەى پێويست و پلانى خۆيان دانراون، ئەوە جگە لە 18 كەشتيگەلى گەورە كە هەڵگرى موشەكى باليستى و فڕۆكەو سيستمى دژە ئاسمانيين.

B1 لەلایەکی تریشەوە هەستانى فڕۆكەى بي وەنى تايبەتى كەلە ئەمریکاوە دەفرێت و هەر شوێنێک و کەسێکی بوێت دەیکاتە ئامانج، هەروەها دەتوانێت بۆماوەیەکی زۆر لە ئاسماندابمێنێتەوە و سوتەمەنى بە ئاسمانەوە وەربگرێت و جەنگى درێژخايەن بکات.

هێرشەكانى سەر ئەمريكا لە ئوردن و وەڵامدانەوەى خێراى ئەمريكا بۆ سەر هێزەكانى حيزبوڵاى عێراقى و بارەگاى ميلشياكان و هێرشكردنە سەر سەركردەکانى حەشد لەناوەڕاستى بەغداد، دۆخەكەى بە يەكجارى شڵەقاند، بارودۆخى عێراقى بردە بازنەيەكى ترەوە، بەڵام هێشتا نە ئێران و نە ئەمريكاش ئامادەنين بچنە شەڕى رووبە ڕووەوە، هۆكارى سەرەكيش ئەوەيە لەم قۆناغەدا هيچ لايەكيان نايانەوێت بازنەى جەنگەكە فراوانتربكەن، لە لايەكى تريشەوە ئەمريكا بە هێواشى سەرقاڵى بڕينى رەگەكانى ئێرانە لە عێراق و ديارترينيان 21 بانكي عێراقى نزيك لە ئێرانيان خستووەتە ليستى رەشەوە، چەندين بەرپرس و گروپى ئەو وڵاتەيان خستووەتە ليستى تيرۆرەوە، تەنانەت ئێرانيان ناچاركردووە بەوەى دان بەوەدا بنێن كە ئاگايان لە هێزى مقاوەمەى عێراقيى نييە.

راپۆرتە رۆژنامەوانييەكانى ئەمريكا و نزيك لە ئەمريكا بەناوى بەرپرسانى ئەو وڵاتەوە بڵاويانكردووەتەوە كە بەرپرسانى عێراقى لە ميديا و لەنێو خەڵكى خۆياندا جۆرێك قسەدەكەن و كاتێكيش لەگەڵ بەرپرسانى ئەمريكى دادەنيشن بەجۆرێكى تر قسەدەكەن، ئەمەش وايكردووە بەردەوام هەست بكەن عێراقييەكان راستگۆنين لەگەڵ گەلی خۆيان، لە لايەكى تريشەوە سەرۆك وەزيرانى حكومەتى هەرێمى كوردستان لە چاوپێكەوتنێكيدا لەگەڵ کەناڵی (nbc) بە ئاشكرا رايگەياندووە هێشتا پێويستمان بە مانەوەى هێزەكانى ئەمريكا هەيە لەبەر ئەوەى هێشتا ئاسايشى ناوچەكە سەقامگير نييە، لە لايەكى تريشەوە ئەمريكييەكان پێيان وايە هێشتا ئەركەكانيان تەواو نەبووە و هاوكاريكردنيان بۆ عێراق و خوازيارى ئەوە هاوپەيمانەكانيان لە كوردستان بە بەهێزى ببينن.

سەرەڕاى ئەو هەڵڵا ميدياييەى عێراقييەكان بۆ دەركردنى ئەمريكييەكانى دەكەن بە گوێرەى بڕيارى ژمارە 18 ى ساڵى 2020 ي پەرلەمانى عێراق، كەچى لە كۆبوونەوەى رۆژی 10/2/2024، جگە لە جەختكردنەوە لە بڕيارەكە شتێكى ئەوتۆيان لێبەرهەم نەهێنا و گوتيان پێويستە لەسەر ليژنەى ياسايى پەرلەمان لە دانيشتنەكانى داهاتوودا ئەو بابەتە بخەنەوە بەرباس و پەرلەمانيش ناچاربكرێت بە جێبەجێكردنى بڕيارى ژمارە 18ى ساڵى 2020، بەڵام ئامادەنەبوونى زۆرينەى كوردو سووننەكان نيشاندەرى ئەو راستييەن كە هێشتا پرۆژەكە زۆرى ماوەو خەونێكە بەدى هاتنى هێندە ئاسان نييە..



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP