دواین هەواڵ

کلتور‌

 پێش 2 هەفتە

بۆچوونی شێرکۆ بێکەس لەسەر نووسەرانی کورد

ژێدەر: ڕوبەڕو لەسێبەری چیادا
هەڤاڵ کوێستانی

هێمن

من ئەدەبی نووسین و وەرگێڕانی ئەم مامۆستایەم لە شیعرەکانی پێ خۆشتر و چاکتریشە. کەوی دەنگخۆشی شیعریی زۆرن، بەڵام ئەو کەوانە بەندی قەفەزە تەقلیدیەکانی هونەری شیعرن. شیعر ئەمڕۆ هەڵفڕینی بەرزتری ئەوێ. ئەزموونی ژیان و نامۆیی و دەربەدەری و هەناسەساردی تەمەنی، لە شیعرەکانی گەورەترین، کارە ئەدەبیە بەنرخەکانی، وەک توحفەی موزەفەریە و وەرگێڕاوەکانی تری و پەخشانی، چەندین پەنجەرەی ڕۆشنتریان بۆ ئەدەبی کورد زیاد کرد. سەرچاوەیەکی ڕوونی زمانی کوردییە.

عەبدوڵڵا پەشێو

بەلای منەوە بەهرەی شیعری لای پەشێو لە دیوانی «شەونامەی شاعیرێکی تینوو»ەوە کەوتە شەوقدانەوە لە دیوانی «شەو نییە خەوتان پێوە نەبینم»ەوە زمانی دەربڕینی کۆکتر و پوختتر بوو، شیعرەکانی پەشێو ناسکن، تەجروبەی شیعرە ڕۆمانسیەکانی گەشتر ئەنوێنین. وێنەی بەرجەستەی جوانی هەیە، بەڵام لای پەشێو دنیای شیعر زۆر سنووردارە و تەنها لە یەک دوو بازنەدا ئەخولێتەوە ، وەک باڵی شیعرەکانی کردبێ وایە. نەفەسی کورتە و کانەکانی زمان ناتەقێنیتەوە.

عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ

وزەیەکی گەورە و قەڵەمێکی بە توانای مەیدانی ئەدەبیمانە. ئەگەر بەرهەمە چاپکراوەکانی ئەم ئەدیبە لە کتێبخانەی کورد دەرهاوێژین، من پێموایە کەلەبەرێکی گەورەی تێئەکەوێ. بیری تیژو بە بڕشتە. لێکۆڵینەوە ئەدەبیەکانی بە گشتی لەسەر بناغەی تێڕوانینێکی زانستیانە ئەنووسێ، گەلێ دیراساتی تازەبابەت و لەوەوبەر کەمتر بایەخ پێدراوی بەبەرهەم هێناوە، بەڵام هەندێجار لە هەڵسەنگاندنی ئەدەبیدا قەڵەمەکەی ئەکەوێتە ژێر کاریگەری سۆزییانەی ناسیاوی و خزمایەتی و ئیعتباراتی سیاسی! خۆزیا ئەو هەندە جارەیشی نەمایە. من بە مامۆستای خۆم و نەوەیەکی تازە پێگەیشتووی ئەمڕۆمانی ئەزانم.

برایم ئەحمەد

ئەگەر بەرهەیوانی ئەدەبی هاوچەرخ و تازەی کورد، چەند کۆڵەکەیەک ڕایانگرتبێ، یەکێک لە کۆڵەکانە ئەدەبی مامۆستا برایم ئەحمەدە، ئەگەر ئەدەبی کوردیش لە قۆناغی تازەی پێشڕەوی کردندا بەر لە شەری دووەمی گێتی دواتریش بە تایبەتی لە سەردەمی گۆڤاری گەلاوێژدا بە پردێک بچوێنین، ئەوا بەلای منەوە سەرێکی ئەو پردە ئەدەبییە پەخشان و چیرۆکی ئەم مامۆستا پێشڕەوەیە و سەرەکەی دیکەشی شیعری «گۆران»ە.

شێرزاد حەسەن

بە بڕوای من، لەناو چیرۆکنووسە لاوەکاندا، لە هەموویان بە تواناتر و شارەزاتر و لە پێشترە، کۆمەڵە چیرۆکی «تەنیایی» شایەتێکی زیندووی ئەم بەهرە لاوەیە. زمانی چیرۆکەکانی لەسەرخۆ و بێ قڕە و شیعر ئامێزە. چاوی تێبینی ورد و تیژە، حاڵەتی تەواو بۆ بابەتی چیرۆکەکانی هەڵئەبژێرێ، بەڵام خەوشی دیاری ئەوەیە ئەو وێنانەی ئەیکێشێ ڕەنگە بە پەرەگرافێک تەواو ببن، بەڵام ئەم زۆریان ئەداتە دەم. هەندێجاری تریش پەخشان و پەخشانە‌شیعر بەسەر زمانی چیرۆکدا زاڵ ئەبن، بە کورتی، لەو بارە قورستر لە کورتە‌چیرۆک ئەنێ کە پێویستە لێی بنرێ!

لەتیف هەڵمەت

بەلای منەوە کەم شاعیر هەیە ئەوەندەی لەتیف ھەڵمەت بەهرەی شیعری خۆڕسکی و سروشتی بەقوڵپ بێ، وکوو کانیی بەهارە، تەقینەوەی بە هاژەیە. نەفەسی درێژ و زمانی سادەیە. هەندێ پارچە شیعری لە نموونە هەرە جوانەکانی شیعری ئەم سەردەمەن، بەڵام ئەم شاعیرەمان ئەو بەهرە بەپیتەی خۆی، ئەو هەڵقوڵینە بە لرفە و گەرم و گوڕەی، هەندێجار بە دەستی خۆی ساردئەکاتەوە. بژاری شیعر زۆرکەم یان هەر نایکات، چۆن هات و چەند هات ئەم لە ئاستیاندا دەستەوەستانە. ئەو لەبەر ڕۆیشتنی بەهرەیە لە وزەی داهێنانی شاعیر کەم ئەکاتەوە. من هەموو جارێ وتوومە دنیای شیعری هەڵمەت لە دوورەوە ئەوەندە جوانە حەزئەکەیت زوو بیگەیتێ، بەڵام کاتێ ئەچیتە ناوی بەهۆی ئەو بژارنەکردنەوە ئەبێ هەر بە پێوە بوەستیت و زۆر نەمێنیتەوە! وێنەی شیعری زیندوە و بێ تەکەلوفەو ئەچنە دڵەوە.

ڕەئوف بێگەرد

بە گشتی ئەوەندەی زمانی ئەدەبی تەڕ و پاراو و پوختە، ئەوەندە بابەتەکانی بەهێز نین. وەک چیرۆکی زۆر باشی هەیە، هەر لە پاڵیدا چیرۆکی لاوازی وای هەیە کە پێت سەیرە چۆن هەر هەمان چیرۆکنووس نووسیویەتی! وێنەگرێکی وردی سروشتی کوردستانە، بایەخی تایبەتی بە دیوی ناوەوەی کەسانی چیرۆکەکانی ئەدات. لە هونەری کورتەچیرۆکدا شارەزایە و بە هۆشیارییەوە تەکنیکە تازەکانی بەکار دێنێت. لەسەرخۆ بەرەو پێش ئەڕوات. کۆمەڵە چیرۆکێکی زۆر کورتی نووسی، بەشێکیان جێی سەرنج راکێشان و تازەبوون، خۆزیا زیاتر پەرەی بەم لایەنە بدایە. «داستانی ڕێی هات و نەهات و «هەڵۆ» و «لە گەڕانەوەیەکدا» بەلای منەوە لە چیرۆکە جوانەکانی ئەمڕۆمانن.

رەفێق سابیر

شاعیرێکی بەهرەدارە و لەسەر خۆ و هێمنانە هەنگاو دەنێ، زمانی شیعر و داڕشتنی دوورن لە لاساییکردنەوە. وێنەگرتنی سروشت و ڕوانینی واقیعیانەی دەورووبەری خۆی و ئەو تاقیکردنەوانەی لە نزیکەوە ئەیانبینێ، پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە ڕوانینی سیاسیانەیەوە هەیە و لە خاسیەتە هەرە دیارەکانی شیعرەکانین، بەشێک لە شیعرەکانی بەلای منەوە ئەچنە خانەی پەخشانەوەشیعرەوە نەک شیعر، بەڵام ڕەوتی ئاهەنگی ناو زۆربەی ئەو شیعرانەی من دیومن، ناتوانن لەگەڵ بزوتنەوەی ناوەڕۆکدا بگونجێن، هەر وەک قاچیان تێکەڵ و پێکەڵ ببێ وایە!

حسێن عارف

لە بزووتنەوەی هونەری چیرۆکی کورتی سەردەمێکی تردا، پێشڕەوێکی ترە، لە ساڵی حەفتاوە و بەرەو ژوور ئەتوانم بڵێم لەسەردەستی ئەودا بۆ یەکەمجار هەندێ تەکتیکی تازەی ئەم هونەرە، کەم و زۆر، هاتە ناو چیرۆکی کوردییەوە، یان ڕەنگی بۆ ڕشتن. لە زۆربەی هەرە زۆری چیرۆکنووسەکانی تر، زیاتر شارەزای لایەنە جۆربەجۆرەکانی هونەری کورتەچیرۆکە. تاقیکردنەوەکانی ناو ئەم مەیدانەی فرەچەشنن. لە هەندێکیاندا لە سنووری تاقیکردنەوە تێنەپەڕیون. زۆر ئەنووسێ لەبەرئەوە تەنکەبواریشی هەیە. زمانی نووسینی سادە و خۆماڵی و قووڵە. لە سەرەتادا هەندێ چیرۆکی وەک کۆڵانی دەرنەچوو وابوون، خوێنەریان گیر ئەدا. هەناسەی درێژ و خەیاڵی بە بڕشتە. ئەتوانێ بە چاکی بابەتی چیرۆکەکان بخاتە ژێر ڕکێفی قەڵەمەکەیەوە.

محەمەد موکری

لەگەڵ «حسێن عارف»دا خاوەنی درێژترین نەفەسی چیرۆکن لەناو هەموو چیرۆکنووسانی ئەم سەردەمەدا، لێرەشدا مەبەستم لە نەفەسی درێژ، وردکردنەوەی شتە بچووکەکان و بەردەوامبوونە لەسەر نووسین بەبێ خۆ دووبارەکردنەوە و بە بێ ئەوەی هەست بە ماندووبوون بکەیت، هەر ئەم سیفەتەش بۆتە بنەمایەک بۆ ئەوەی ڕووبکاتە دنیای چیرۆکی درێژ و ڕۆمان. لە نێوان چیرۆکێک و چیرۆکێکی تردا، هەر لەیەک ماوەی زەمەنیدا هەڵچوون و داچوونی هونەریی هەیە. ئەو بەرهەمانەی پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە کێشەی دەروونی و خودی چیرۆکنووس خۆیەوە هەیە، پێگەیشتووترن. موکری سوودێکی باشی لە خوێندنەوەی خۆی وەرگرتوە، لەسەرەتادا بە پرش و بڵاوی دەستیپێکرد. هەندێ نووسینی، ئارەزووکاریی وەختییان پێوە دیارە و یەکێتی بابەتیان کەمتر تێدایە. شارەزای ڕێگاکانی هونەری چیرۆکە و تێیدا بزر نابێ.

محەمەد فەریق حەسەن

یەکێکە لە چیرۆکنووسە باشەکانی ئەمرۆمان، ئەوەی لەیەکەم پەرەگرافی بەرهەمی ئەم چیرۆکنووسەوە سەرنجت رائەکێشێ، بێ گرێ و گۆڵی زمانە، رستەی کورت‌وپڕ دوورکەوتنەوەیە لە درێژ دادڕی. ئەمیش لە نێوان نووسینی چیرۆکی بەهێز و لاوازدا دێت و ئەچێ، لە وەسفی دەورووبەر و دیمەنە جۆربەجۆرەکاندا چاوێکی کامێرایی پێوەیە، ئەگەرچی کۆمەڵە چیرۆکی «ڕستی زەنگیانەی ئاوی» دوای «ئەسپەشێ» نووسراون، بەڵام بە لای منەوە لە «ئەسپەشێ» دا سوارێکی لێهاتووترە. هەندێجار کە ئەیەوێ تەکنیکی تازە لە چیرۆکێکدا بەکاربێنی، بەتایبەتی هونەری سینمایی، ئەوسا زیاد لە پێویست بایەخ بە مەسەلە شکڵییەکان ئەدا و سەرەنجام ناوەڕۆکی چیرۆکەکە ئەئاڵۆزکێنێ.

ئەنوەر قادر

کاک ئەنوەر هەر بە یەکەم دیوانی «زریان» شاعیرێتی خۆی پێناساندین، چەند قەسیدەیەکی ئەم دیوانە جگە لە بەهرە، مرۆڤێکی زیرەک و ڕۆشنبیریشی لە پشتەوە ئەبینین. خەیاڵی شاعیرانەی بە پیتی لایە. قوڵبوونەوەی وێنە درامییەکانی و هەندێجار ڕوانینی «تصوف»انەی کە شوێنەواری خەڵوەتە شیعرییەکانی «مەولەوی»یان پێوە دیارە، دەنگی هێمن و خەماوی، مۆرکێکی جافەتی و شارەزووری، ڕەنگ و ڕوو و سیمایەکی تایبەتی ئەدەن بە شیعرەکانی. کاک ئەنوەر لە دوای «زریان»ەوە دیوانی تری چاونکردووە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا بەڕێکەوت چەند قەسیدەیەکی تازەم بینی، زۆر بێنموود و لاواز هاتنە بەرچاوم، سێبەرێکی کاڵی زرریان بوون، پێشکەوتنی تازەم تێدا نەبینین.

ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل

چیرۆکنووسێکی واقیعیی دوور لە تەجریدە، چیرۆکەکانی ئەو ساڵانەی دوایی گەرمیی گەرمیانیان تێدایە و بۆنی ژیانی خەڵکی ئەو مەڵبەندەی کوردستانیان لێدێت، ئازار و ئاواتی مرۆڤی دەورووبەری چیرۆکنووس لە خەمەکانی نووسەر خۆی لە پێشترن. کۆمەڵە چیرۆکی «ئەسپ» هەنگاوێکی بەرەوپێشی ئەم چیرۆکنووسە بوو، دوورە لە درێژەدادڕی، بەڵام هەناسەی کەم‌وکورته، ئەمیش بۆتە هۆی ئەوەی بە نیوە ناچڵ هەندێ بزووتنەوەی دیمەن و ڕووداو بەجێ بێڵێ. زوو ماندوو ئەبێ. زمانی زۆر سفت و ڕەوان نییە. بەڵام جار دوای جار هەست ئەکەیت تاقیکردنەوەکانی کامڵتر ئەبن.
لە پەڕەی "ماڵی کتێبی کوردی"ەوە وەرگیراوە...



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP