دواین هەواڵ

جیهان‌

 11/02/2024

لە هێرشێکی چەکداریدا دوو سەربازی ئێران کوژران

هەرێم نیوز

دوو سەربازی ئێرانی لەسەی ڕێگای شەمەندەفەری ناوچەی زاهیدان-بەم لەلایەن چەند چەکدارێکەوە کوژراون.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ی 2ی 2024، بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی قەرارگەی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە، چەند چەکدارێک تەقەیان لە بنکەیەکی پاسەوانی هێڵی شەمەندەفەری ناوچەی زاهیدان-بەم کردووە، لە ئەنجامدا دوو سەربازی ناوچەیی کوژراون.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، دوو سەربازەکە ناویان (محەممەدئەنوەر گومشادزی و عەبدولحوسێن بەلوچ"ە، سەر بە تایفەی شە‌‌هبەخش، زانیاری دیکە لەسەر ناسنامەکانیان بڵاونەکراوەتەوە.

بەپێی سەرچاوەی هەواڵەکە بێت، تاوەکو ئێستا پاڵنەر و ئامانجی هێرشەکە ڕووننەبووەتەوە.

جێی ئاماژەیە، دوێنێ شەممە، لە هێرشێکی دیکەی چەکداریدا لە ناوچەیەکی سنووریی شاری سەراوانی سەربە سیستان و بەلووچستان، ئەفسەرێکی سوپای پاسداران کوژرابوو.

قەرارگەی قودسی سوپای پاسداران لەبارەی هێرشەکەی دوێنێ رایگەیاندبوو، "عەمیدی پاسدار سەید مورتەزا حوسێنی، لە کاتی ئەنجامدانی راهێنان لە ناوچەیەکی سنووریی شاری سەراوان کوژراوە."

لە راگەیەندراوەکەدا باسی چۆنییەتی و وردەکاریی کوشتنی ئەو ئەفسەرە نەکراوە، بەڵام گرووپی میدیایی حال وش، کە هەواڵ و رووداوەکانی ناوچە بەلووچ نشینەکانی ئێران دەگوازێتەوە، دەڵێت، "ئەو ئەفسەرەی سوپای پاسداران لە کاتی دانانی مین لە ناوچە سنوورییەکان و بە هۆی تەقینەوەی مین کوژراوە و لە رووداوەکەدا سێ ئەندامی دیکەی سوپای پاسدارانیش بریندار بوونە."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP