دواین هەواڵ

ئابوری‌

 10/02/2024

رێڕەوێکی بازرگانیی جێگرەوە بۆ دەریای سوور دادەنرێت

هەرێم نیوز 

وەزارەتی گواستنەوەی میسر دەستپێکردنی قۆناغی یەکەمی رێڕەوی بازرگانیی عەرەبی لەنێوان عێراق، میسر و ئوردن راگەیاند.

ئەمڕۆ شەممە 10ی 2ی 2024، وەزارەتی گواستنەوەی میسر رایگەیاند ، قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە دەستیپێکردووە، کە هێڵەکە هەرسێ وڵات بەیەکەوە گرێدەدات و هەماهەنگی دەبێت لەنێوان وەزارەتەکانی گواستنەوەی میسر، عێراق، ئوردن و لە رێگەی هاوبەشی ستراتیژیی لەگەڵ کۆمپانیای "پردی عەرەبی بۆ کەشتیوانی." 

لە قۆناغی یەکەمدا رێڕەوەکە بەندەرەکانی عەقەبە لە ئوردن و نوەیبەع لە میسر لەسەر کەنداوی عەقەبە بەیەکەوە گرێدەدات، لەوێشەوە دەبێتە رێگەی وشکانی؛ کە ئێستا رێگەی سینا بۆ بەندەرەکانی عەریش، بۆرسەعیدی رۆژهەڵات، دەمیات و ئەسکەندەریە دەگرێتەوە و لێیەوە کاڵاکان دەنێردرێنە بەندەرەکانی ئەوروپا و ئەمریکا.
 وەزارەتەکە دەڵێت، هێرشەکانی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سوور و، لێکەوتەی هەڕەشەکانی بۆ سەر کەشتیوانی لە کەناڵی سوێس، رۆشنایی خستووەتە سەر گرنگیی پڕۆژەی پەیوەندی بازرگانیی نێوان عێراق و میسر و ئوردن.
 
وەزارەتی گواستنەوەی میسر ئاماژە بەوەش دەکات، تەنانەت گفتوگۆیان لەسەر زیادکردنی رێگەی دیکەش کردووە کە وڵاتانی دیکەی کەنداویش بێنە نێو پڕۆژەکەوە.

کامل وەزیر، وەزیری گواستنەوەی میسر جەختی لە پابەندبوونی وڵاتەکەی کردووەتەوە بۆ پێشکێشکردنی هەموو جۆرە پاڵپشتییەک بۆ ئەم رێڕەوە بازرگانییە نوێیە.

وەزیرەکە دەڵێت، لە رێگەی ئاسانکردنی رێکارەکان و هاندانی کۆمپانیاکان و قەوارە جیاوازەکان بۆ بەکارهێنانی رێگەکە بە هەردوو ئاراستە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی گرنگییەکەی لە گواستنەوەی کاڵاکان لە وڵاتانی کەنداو، عێراق و ئوردنەوە بۆ ئەوروپا و ئەمریکا، هاوکاری پڕۆژەکە دەبن.

ئەم هەنگاوە، دوای ئاڵۆزییەکانی دەریای سوور دێت بەهۆی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان.

لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2023، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، بەندەرەکانی عێراق بوونەتە جێگرەوەیەک بۆ هێڵەکانی گواستنەوەی جیهانی بۆ گواستنەوەی کاڵا لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا، ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ گۆڕینی رێگەکانی بەشێکی زۆری کۆمپانیا گەورەکانی گواستنەوە جیهانییەکان بەهۆی گرژییە ئەمنییەکانی دەریای سوور و گەرووی بابولمەندەب.

حووسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، لە مانگی تشرینی دووەمی پارەوە زنجیرەیەک هێرشیان بۆ سەر ئەو کەشتییە بازرگانییانە دەستپێکردووە کە بە دەریای سووردا دەڕۆن.

حووسییەکان دەڵێن، ئامانج لە هێرشەکانیان هاوسۆزییە لەگەڵ فەلەستین دژی ئیسرائیل.

زۆرینەی بازرگانیی نێوان ئاسیا و ئەوروپا لە رێگەی دەریای سوور و نۆکەندی سوێسەوە دەکرێت، کە دەچێتەوە سەر دەریای ناوەڕاست.

بەپێی پلاتفۆڕمی "پۆرت وۆچ"ـی سەر بە سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، کە تایبەتە بە چاودێریکردنی بەندەرەکان، تاوەکو 16ـی 1ی ئەمساڵ، تێپەڕینی کەشتییە بازرگانییەکان لە نۆکەندی سوێس بەڕێژەی 37٪ دابەزیوە



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP